رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی پارێزگای کەرکووک رەتی دەکاتەوە هیچ بڕیارێکی فەرمی بۆ قەدەخەی هاتووچۆ لە قەزای حەویجە هەبێت و رایدەگەیێنێت، دۆخی ناوچەکە ئاساییە و هاتووچۆ بەردەوامە.
رۆژی سێشەممە، 6ـی تشرینی یەکەمی 2026، عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "چەند یەکەیەکی سەر بە حکومەتی فیدراڵی، دووکان و کافتریاکانی قەزای حەویجەیان داخستووە و قەدەخەی هاتووچۆیان راگەیاندووە، بە بیانووی ئەوەی گوایە مەترسیی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی داعش هەیە."
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک ئاماژەی بەوە کرد، دوێنێ لە سنووری حەویجە چەند چەکدارێک هێرشیان کردووە و لەسەر ئەو بنەمایەش ئەو یەکانە رایانگەیاندووە کە لە کاژێر 06:00ـی ئێوارەوە تاوەکو 06:00ـی بەیانی قەدەخەی هاتووچۆیە.
عامر شوانی گوتی: "ئێمە وەک پۆلیسی پارێزگای کەرکووک رایدەگەیەنین کە بە فەرمی هیچ جۆرە قەدەخەیەکی هاتووچۆ رانەگەیێندراوە و جووڵە و هاتووچۆی هاووڵاتییان بە تەواوی ئاساییە."
دوێنێ لە سنووری قەزای حەویجە چەکداری نەناسراو پەلاماری خاڵێکی پشکنینی فەوجی سێی لیوای 9ـی پۆلیسی فیدراڵی دا، بەوهۆیەوە سەربازێک کوژرا و سێی دیکەیش بریندارن.
رووداوەکە کاژێر 08:00 ئێوارە بوو لە گوندی بورغیلیەی سەر بە حەویجە و بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، هێرشەکە بە نیشانەشکێن کرا.
لە هێرشەکەدا پۆلیسێک بە ناوی بەکر ماجد محەممەد بریندار بوو و دوای ئەوەی گەیێندرایە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.



