رووداو دیجیتاڵ
بە هۆی هاتنی دیاردەی ئێل نینۆ و مەترسیی دروستبوونی لافاو، ئاوی بەنداوی (تەنگ حەمام)ی سەرپێڵ زەهاو بەتاڵ دەکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 7ی تشرینی یەکەمی 2026 حەبیب فەرزانفەر، هاونیشتمانیی دانیشتووی سەرپێڵ زەهاو لە پارێزگای کرماشان بە رووداوی گوت، "بەهۆی هوشدارییەکانی کەشناسیی پارێزگای کرماشان و مەترسیی دروستبوونی لافاو، ئاوی بەنداوی تەنگ حەمامی سەرپێڵ زەهاو بەتاڵ کراوە."
ئەو هاونیشتمانییە گوتی، "بۆ ئەوە بەنداوەکە لە وەرزی بارانبارین مەترسی نەبێت بۆ سەر دانیشتووان، لە ئێستاوە تاوەکو ئەو جێگەی گونجاوە ئاوەکە بەر دەدرێتەوە."
بەنداوی تەنگ حەمام دەکەوێتە نێوان شارەکانی سەپێڵ زەهاو و قەسری شیرین لە پارێزگای کرماشان.
شارەزایانی بواری کەشناسی پێشبینی دەکەن، نزیکبوونەوەی دیاردەیەکی دەگمەن دەکەن بە ناوی سۆپەر ئێل نینۆ و دەڵێن، ئەم دیاردەیە دەبێتە هۆی دابارینێکی زۆر و دروستبوونی لافاو و زۆربەی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەگرێتەوە.




