رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری بە رووداوی راگەیاند، وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی ئەیلوولی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تەواو بووە و سبەی پارەکە خەرج دەکرێت.
رۆژی چوارشەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ هەموو رێکارەکانی لیستی مووچە و خەرجکردنی پارەکە لەلایەن عێراقەوە تەواو کران و وردبینی لیستەکە دوای نیوەڕۆ تەواو بوو، بەڵام بەهۆی تەواو بوونی کاتی دەوام پارەکە خەرج نەکرا".
وەک ئەو سەرچاوەیەی رووداو باسی کرد: "نووسراوی خەرجکردنی پارەکە ئامادەکراوە، بڕیارە سبەی مووچەی مانگی ئەیلوولی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت."
بە گوتەی سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی، هاوشێوەی مانگەکانی رابردوو ئەم مانگەش پارەکە بە لێبڕینی 120 ملیار دینار لەلایەن بەغداوە رەوانە دەکرێ.
ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ لە کاتی هاتنە دەرەوەی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، شکۆ عومەر، بەرپرسی ئۆفیسی تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا لە فالح ساری، وەزیری دارایی عێراقی پرسی: "ئایا رۆژی پێنجشەممە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەنێرن؟"، وەزیری دارایی عێراق لە وەڵامدا گوتی: "پێش پێنجشەممە، پشتیوان بە خودا سبەی دەینێرین، پشتیوان بە خودا، سبەی."
رۆژی 5ـی تشرینی یەکەمی 2026، تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی ئەیلوولی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کردبوو.
پێشتر و بۆ مووچەی مانگی ئاب، لە 14ـی ئەیلوول وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان خشتەی دابەشکردنی مووچەی راگەیاند، لە 15ـی هەمان مانگ دەست بە دابەشکردنی کرا و لە 19ـی ئەیلوولیشدا پڕۆسەی دابەشکردنی مووچەی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکان کۆتایی هات.




