رووداو دیجیتاڵ
بڕیار بوو ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ی تشرینی یەکەم پارێزگاری حەسەکە لە گۆڕەپانی ئاشتی بە شێوەیەکی فەرمی ئاڵای سووریا بەرز بکاتەوە. پێش رێوڕەسمەکە کۆمەڵێک گەنجی عەرەبی غوێران خۆپێشاندانیان کرد و گرژی دروستبوو.
ڤیڤیان فەتاح، پەیامنێری رووداو لە رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ 500 ماڵباتی کورد گەڕاونەتەوە سەرێ کانی و لەسەر بەرزکردنەوەی درووشمی کوردی گرژی و ئاڵۆزی لە حەسەکە دروستبووە.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، ژمارەیەک چالاکڤانی لایەنگری حکومەتی کاتیی سووریا داوایان لە خەڵک کردووە خۆپێشاندان بکەن و داوای ئەوە بکەن حکومەتی سووریا بە تەواوی کۆنترۆڵی حەسەکە بکات.
ڤیڤیان فەتاح ئاماژەی بەوەش کرد، کەس دەستگیر نەکراوە و هیچ قوربانییەکیش نییە، بەڵام ئەگەرێکی زۆر هەیە رێکاری ئەمنی بگیرێتەبەر و دۆخی لەناکاو رابگەیێندرێت.
هێزی ئەمنی لەو ناوچەیەی حەسەکە کە گرژییەکەی تێدا دروستبووە بڵاوکراوەتەوە و پەیامنێری رووداو دەڵێ، دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵە و ئێستا ئارامە.
تاوەکو نزیک کاژێر 03:00ی پاشنیوەڕۆ نە نوورەدین عیسا، پارێزگاری حەسەکە و نە جێگرەکەی هیچ لێدوانێکی فەرمییان لەسەر ئەو گرژی و ئاڵۆزییانە نەبووە، پێشبینی دەکرێت لە چەند کاژێری داهاتوودا هەڵوێستی فەرمییان هەبێت.


