رووداو دیجیتاڵ
لە شەوی رابردووەوە عەرەبەکانی حەسەکە دەستیان بە خۆپیشاندان کردووە، ئەمڕۆش دوای نوێژی هەینی دەستیان بە خۆپیشاندان کردەوە و داوای چوونی هێزی حکومەتی سووریا بۆ شارەکە دەکەن.
دوای نوێژی نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 09-10-2026، عەرەبەکانی گەڕەکی غوێرانی عەرەبنشینی حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان گردبوونەوە، دواتر بە بەرزکردنەوەی ئاڵای سووریا و وێنەی کوژراوەکانیانەوە بەرەو گەڕەکە کوردییەکانی شارەکە بەڕێکەوتن.
ڤیڤیان فەتاح، پەیامنێری رووداو لەنێو خۆپیشاندەرانەوە گوتی: "عەرەبەکان داوا دەکەن حکومەتی سووریا دەسەڵاتی خۆی بەسەر شاری حەسەکە و تەواوی پارێزگاکەدا بسەپێنێت."
پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوە کرد، ئاسایشی گشتی و ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان تاوەکو ئێستا رێگەیان نەداوە خۆپیشاندەرە عەرەبەکان بچنە گەڕەکە کوردییەکانەوە و ئەوانیش هەوڵی بۆ دەدەن.
لە کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵەدا، عەرەبەکانی حەسەکە لەبەردەم گەڕەکی (تل حەجەر) گردبوونەتەوە و هێزە ئەمنییەکان رێگری دەکەن لە جووڵەی زیاتریان.
ڤیڤیان فەتاح گوتی، چەند رۆژێکە چالاکڤانە عەرەبەکانی حەسەکە داوا دەکەن خۆپیشاندان بکەن و داوای ئەوە بەرز بکەنەوە، کە ئەوان دەیانەوێ حکومەتی سووریا باڵادەستیی خۆی بەسەر تەواوی پارێزگای حەسەکەدا بسەپێنێت.
خۆپیشاندەرە عەرەبەکانی حەسەکە لە نیوەڕۆی ئەمڕۆوە بە بەرزکردنەوەی ئاڵای سووریا و بە ئۆتۆمبێل بە شەقامەکانی شارەکەدا دەسووڕێنەوە و دروشمی جیاواز دەڵێنەوە.
شەوی رابردووش (پێنجشەممە 08-10-2026) دانیشتووە عەرەبەکانی غوێران خۆپیشاندانیان کرد و ناڕەزایی لێکەوتەوە، هێزە ئەمنییەکان تەقەیان بەسەردا کردن و دۆخەکەیان کۆنترۆڵ کرد.
ناڕەزایی عەرەبەکان لە کاتێکدایە، کە حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەنێو دانووستاندندان بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی ئەو رێککەوتنەی لە رۆژی پێنجشەممە 29-01-2026 واژۆ کراوە.
ئامانجی ئەم رێککەوتنە تێکەڵکردنی دامەزراوە مەدەنی، سەربازی و ئەمنییەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەرە لەنێو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا.

.jpg&w=3840&q=75)
