رووداو دیجیتاڵ
لە شاری خانەقین، یەکەمین فێستیڤاڵی "خورما و هونەرە میللییەکان" بە بەشداریی 50 جووتیار، خاوەنکار و سێ گرووپی هونەریی میللی بەڕێوەچوو. فێستیڤاڵەکە لە کاتێکدایە کە بەپێی ئامارەکان، لە ماوەی 15 ساڵدا ژمارەی دارخورماکان لە 100 هەزارەوە بۆ 55 هەزار دار کەمبووەتەوە.
فێستیڤاڵەکە کە بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت، ئامانجی سەرەکیی زیندووکردنەوەی ئەو باخانەیە کە بەهۆی وشکەساڵی و کەمئاوییەوە مەترسیی لەنێوچوونیان لەسەرە.
ئومێد جاوید بەگ، جووتیارێکی بەشداربووی فێستیڤاڵەکەیە و بە رووداوی گوت: "ئێستا نزیکەی 40 بۆ 50 جۆر خورما لە خانەقین هەیە. پێشتر خەڵک تەنیا چەند جۆرێکی دیاریکراویان دەناسی."
بە گوتەی ئەو جووتیارە، بەرهەمی ئەمساڵ بەهۆی سەرماوە کەمتر بووە و گوتیشی: "گرانترین جۆری خورما دوای قەرەنفلیی مەندەلی، خورمای 'مەجهول'ـە کە کیلۆی بە 25 هەزار دینارە."
هاوکات، رەشید ئیبراهیم، جووتیارێکی دیکەیە و بە رووداوی گوت: "نزیکەی 40 جۆر خورمامان هێناوە، گرانترینیان قەرەنفلییە کە کیلۆی بە 15 هەزارە، بەڵام ماوەیەکی دیکە نرخەکەی بۆ 50 و 60 هەزار دیناریش بەرز دەبێتەوە."
بەشێک لە جووتیاران باس لەوە دەکەن کە بەرهەمی ئەمساڵیان وەک ساڵانی رابردوو نەبووە. ئەحمەد حوسێن، جووتیارە و دەڵێت: "ئەمساڵ وەک جاران نەبوو، بەرهەمی دارەکان باش نەبوو، تەنیا ئەو دارانە نەبێت کە نزم بوون، ئەوان کەمێک باشتر بوون."
جگە لە نمایشی جۆرە جیاوازەکانی خورما، فێستیڤاڵەکە چەندین چالاکیی هونەریی وەک گۆرانیی میللی و نمایشی تابلۆی شێوەکاری لەخۆگرتبوو کە رەنگدانەوەی رەسەنایەتیی شارەکەن.
