رووداو دیجیتاڵ
موسەننا ئەمین بە سەرۆکی لیژنەی (بەهێزکردنی رێزگرتن لە یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی) لە یەکێتیی پەرلەمانتارانی جیهان هەڵبژێردرا، کە یەکەمین جارە لە مێژووی ئەو یەکێتییەدا پەرلەمانتارێکی کورد و عێراق ئەو پۆستە بەدەستبهێنێت.
بڕیاری هەڵبژاردنی موسەننا ئەمین، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لە پەراوێزی کارەکانی 153ـەمین خولی کۆبوونەوەی گشتیی یەکێتیی پەرلەمانتارانی جیهان هات کە لە شاری ئەرووشا لە وڵاتی تەنزانیا بەڕێوەچوو.
موسەننا ئەمین وەک بەربژێری فەرمیی پەرلەمانی عێراق پێشکێش کرا و توانی بە دەنگی سەرجەم نوێنەرانی ئەو 12 دەوڵەتەی لە لیژنەکەدا ئەندامن، متمانەی تەواو بەدەستبهێنێت.
موسەننا ئەمین لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو باسی لە کار و ئەرکی لیژنەکە کرد و رایگەیاند، تایبەتمەندیی ئەم لیژنەیە چاودێریکردن و پرسیارکردنە لە وڵاتان لەبارەی پابەندبوون بە یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی، پاراستنی خەڵکی سڤیل لە کاتی جەنگ و رێگریکردن لە ئەنجامدانی تاوانەکانی جەنگ و جینۆساید.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوە کرد، ئەم پۆستە دەرفەتێکی گەورەیە بۆ گەیاندنی دەنگی گەلی کورد و گوتی: "بەداخەوە گەلی کورد بەردەوام تووشی ئاوارەیی، پەنابەری و قوربانیی جەنگ و جینۆساید بووە. ئێمە دەرفەتێکی گەورەمان بۆ خزمەتکردن لەم رێگەیەوە لەبەردەمدایە. لە هەموو دیدار و پەیامەکانماندا دەتوانین بڵێین: ئێمە خۆمان قوربانیی جەنگین. من خۆم خەڵکی هەڵەبجەم، جینۆساید کراوم و قوربانیی جەنگم، بۆیە بە هەست و ویستێکی زۆرەوە کار دەکەم بۆ ئەوەی نەتەوەکانی دیکە تووشی ئەم ماڵوێرانی، جینۆساید و تاوانانەی جەنگ نەبنەوە."
موسەننا ئەمین روونیکردەوە کە ئەو لیژنەیەی سەرۆکایەتی دەکات، پەیوەندیی راستەوخۆی لەگەڵ هەریەک لە لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور، کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و دادگە نێودەوڵەتییەکاندا هەیە، کە بەدواداچوون بۆ تاوانەکانی جەنگ و جینۆساید و دژەمرۆڤایەتی دەکەن.
سەبارەت بە شێوازی ناساندنی ناسنامەی کورد لەم جۆرە کۆڕبەندە جیهانییانەدا، موسەننا ئەمین گوتی: "لە هەموو کۆڕ و کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ هەر گرووپێکی پەرلەمانی یان سەرۆکی پەرلەمانەکان، ئێمە دەڵێین کە ئەندامی پەرلەمانی عێراقین، لە گرووپی هەرێمی کوردستانین و خەڵکی کوردستان و کوردین."
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق دەڵێت: "ئەم پۆستە رێگەمان پێدەدات بە سەرۆکایەتیی تیم و شاندی نێودەوڵەتی بچینە ناوچەکانی جەنگ، کەمپی پەنابەران و ئاوارەکان بەسەربکەینەوە. لەوێوە چاومان بە سەتان پەرلەمانتار و بەرپرسی حکومەتەکان دەکەوێ و دەتوانین لە پاڵ پەیامی وڵاتی عێراقدا پەیامی نەتەوەیی گەلی کورد و مەزڵوومییەتی میللەتەکەیشمان بە هەموو جیهان بگەیەنین."
یەکێتیی پەرلەمانتارانی جیهان لە ساڵی 1889 دامەزراوە و بارەگای سەرەکیی لە شاری جنێڤی سویسرایە. کۆنترین و گەورەترین رێکخراوی نێودەوڵەتیی پەرلەمانە سەربەخۆکانی جیهانە، نزیکەی 180 وڵاتی جیهان ئەندامن تێیدا و هاوئاهەنگی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات.
ئەرکی سەرەکیی لیژنەی (بەهێزکردنی رێزگرتن لە یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی)، چاودێریکردنی جێبەجێکردنی پەیماننامەکانی جنێڤ و پابەندکردنی پەرلەمانەکانی جیهانە بە چەسپاندنی مافەکانی مرۆڤ و کەمکردنەوەی ئازارەکانی هاووڵاتییانی مەدەنی لە کاتی جەنگ و ململانێ چەکدارییەکاندا.

