رووداو دیجیتاڵ
لە دووەمین رۆژی دیداری مێری لە هەولێر کە بە سپۆنسەری میدیایی تۆڕی میدیایی رووداو بەڕێوەدەچێ، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر دۆخی بەڕێوەبردن، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی نێوان یەکێتی و پارتی.
سەبارەت بە کۆبوونەوەی ئەم دواییەی لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: "کۆبوونەوەیەکی زۆر باشمان هەبوو، گفتوگۆیەکی جیدیمان کرد."
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوە کرد، کۆبوونەوەکانی نێوان پارتی و یەکێتی نەوەستاون و رایگەیاند: "دەرگای گفتوگۆ دانەخراوە. رۆژ و ناونیشانی کۆبوونەوە گرنگ نییە، بەڵکو گرنگ ئەنجامەکەیەتی."
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد کە "فەلسەفەی حوکمڕانیمان پێویستی بە پێداچوونەوەیە" و داوای شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکانی کرد لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بۆ پارێزگاکان، شار و شارۆچکەکان، تاوەکو بەرپرسانی خۆجێیی بەپێی یاسا دەسەڵاتی بڕیاردانی خێرایان هەبێت، نەوەک ئەوەی بۆ هەر مامەڵەیەک چاوەڕێی رەزامەندیی سەرەوە بن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، قوباد تاڵەبانی هۆکاری سەرەکیی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدای بۆ جێبەجێنەکردنی دەستووری عێراق گەڕاندەوە، بەڵام هاوکات باسی لەوەش کرد کە تەنانەت ئەگەر دەستووری عێراقیش بە تەواوی جێبەجێ بکرێ، کێشەکانی هەرێمی کوردستان بە تەواوی چارەسەر نابن تاوەکو خاوەنی دەستووری خۆی نەبێت و گوتی: "ئێمە بۆشاییەکی گەورەمان هەیە کە نەبوونی دەستوورە بۆ خۆمان، تاوەکو ماڵی خۆمان و دەسەڵاتەکانمان رێکبخات."
سەبارەت بە یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە، قوباد تاڵەبانی ئەو هەنگاوەی بە مێژوویی ناوبرد و دڵنیایی دا کە پێشمەرگە هەرگیز جارێکی دیکە رووبەڕووی یەکدی نابنەوە، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد کە چاکسازی لە هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوامیی دەوێ و پێویستە هاوئاهەنگیی تەواو لەنێوان پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکاندا هەبێ.
پرسیارەکان لە لایەن زریان رۆژهەڵاتی، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو ئاراستەی قوباد تاڵەبانی کران.
دەقی گفتوگۆکە:
پرسیار: یەکەمین پرسیارم رێک ئەوەیە کە پەیوەندیی بەڕێزت لەگەڵ نەوەی نوێی سەرکردایەتیی سیاسیی کورد چۆنە؟ نەوەک پەیوەندیی خۆت بەتەنیا، بەڵکو پەیوەندیی هەمووی پێکەوە چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟ تێکڕای تەمەنی سەرکردایەتیی سیاسیی نوێی کورد نزیکەی لە دەوروبەری 50 بۆ 55 ساڵە، نەوەی کۆن لە دەوروبەری 70 و سەروو 70 ساڵە. واتە ئێوە هێشتا کاتێکی زۆرتان لەپێشە بۆ ئەوەی پێکەوە کار بکەن.
قوباد تاڵەبانی: ئەی ئەوانەی لە 60ـەکاندان لە کوێن؟ کۆنن یان تازەن؟!
پرسیار: بەپێی دڵیانە.
قوباد تاڵەبانی: زۆر سوپاس کاک زریان، زۆر سوپاس بۆ کاک دکتۆر دلاوەر و تیمی مێری؛ سوپاس بۆ ئێوەی بەڕێز و ئامادەبووان بۆ بەشداریکردنتان لەم گفتوگۆیەدا. سوپاس بۆ پرسیارەکەشت کاک زریان. بە راستی کە باسی نەوەی نوێ دەکەیت، ئێمە خۆمان خەریکە هەست دەکەین کە نەوە کۆنەکەین و خەریکە بەتەمەن دەبین. بەڵام راستە، جیاوازیی نەوە هەیە، چ لە تەمەن و لەوەش گرنگتر رەنگە لە بیرکردنەوەدا بێت. ئەمە نەوەک تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵکو ئێستا لە عێراقیشدا وایە. ئەگەر سەیری بکەیت، ئەو نەوەیەی لە نێوان ساڵانی 2003 تاوەکو ساڵانی 2020 فەرمانڕەوا و بڕیاربەدەست بوون لە عێراق، کەسانێکی تێکۆشەر، بەهێز و بەناوبانگ بوون، بەڵام ئێستا دەبینیت ناو و رووخساری نوێ هاتوونەتە پێشەوە، نەوەیەکی نوێ هاتووەتە پێشەوە. ئەمەش وایکردووە تۆزێک دووربکەوینەوە لە هەندێک لە گرێیە سیاسییە کۆنەکان. ئێستا ئێمە کاتێک سیاسەت دەکەین لەگەڵ ئەو بەڕێزانەی رۆژانە کاریان لەگەڵ دەکەین، بە گرێی ساڵانی شەستەکان، حەفتاکان، هەشتاکان و نەوەدەکانەوە دانانیشین، بەڵکو لەسەر بابەتەکانی رۆژ و بابەتەکانی ئەمڕۆ دادەنیشین و گفتوگۆ دەکەین، ئەگەر ناکۆکیش هەبێت و بۆچوونی جیاوازیشمان هەبێت. بۆیە پێم وایە کە تاوەکو ئێمە نەوەیەکی نوێین و بە تەواوی نەچووینەتە پاڵ نەوە کۆنەکە، هەندێک لەو کێشانەی کە هەن رەنگە چارەسەریان باشتر و ئاسانتر بێت.
پرسیار: تێڕوانینێک هەیە لە دوای 2017ـەوە پەیوەندیی نێوان ئەم نەوە نوێیە تۆزێک ئاڵۆزترە بەراورد بە نەوەی پێشتر. نموونەیەکی مێژووییتان بیردەهێنمەوە. جارێکیان دکتۆر مەحموود عوسمان بۆی گێڕامەوە و گوتی دوای رێککەوتننامەی 11ـی ئادار کۆبوونەوەیەکی مەکتەبی سیاسیی پارتی هەبوو لەسەر ئەوەی کە ئایا لەگەڵ مام جەلال و هاوڕێکانی ئاشتببنەوە یان نا؛ گوتی هەندێک دژی بوون و دەیانگوت تازە لەگەڵ حکومەت رێککەوتووین و پێویستمان بەوان نییە، منیش گوتم 'پێویستە رێکبکەوین'. بەڵام ئەوەی سەری سوڕماندم ئەوە بوو کە بارزانیی نەمر خۆی بە هەردوو دەست دەستی بەرزکردەوە و گوتی دەبێت لەگەڵیان ئاشتببینەوە و ئێستا کاتی ئەوەیە ئاشتببینەوە. دەیان نموونەی دیکەش هەیە. بۆ نموونە مام جەلال بە شۆفێرێکەوە دەچووە پیرمام بۆ ئەوەی گفتوگۆ بکات لەسەر ئەوەی شەڕی ناوخۆ رابگرێ. نەوەی کۆن لە بەڕێوەبردنی کاتی ناکۆکی و کاتی رێککەوتندا زۆر شارەزاتر بوو، بەڵام لە 2017ـەوە ململانێی نێوان ئەم نەوە نوێیە زۆر تووندترە، کەچی کێشەکان بچووکن و چارەسەر نابن؟
قوباد تاڵەبانی: نەوەی تێکۆشەر لەبەر ئەوەی هەموو ناخۆشییەکانیان بینیبوو و رەنگە لە ئەنجامی هەندێک لە بڕیارەکانیان شتی زۆر ناخۆشیش روویدابێت، نرخ و بەهای ئەو بڕیارانە رەنگە باشتر بزانن لە یەکێکی وەک من. من بڕیارێکم نەداوە کە شەڕی براکوژیی لێ دروستبێت. بۆیە ئێمە نابێت کاتێک باسی نەوەی تێکۆشەر دەکەین وا باسیان بکەین کە تەواو ماوەکەیان بەسەرچووە و رۆڵیان نەماوە، بەپێچەوانەوە، دەبێت لێیان فێربین و گوێیان لێبگرین. بەڵام رەنگە دۆخی ئەمڕۆ بۆ بەڕێوەبردن، بۆ حوکمڕانی، بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئابووری، سیاسی و کارگێڕییەکان، پێویستمان بە جۆرێک لە بیرکردنەوەی دیکە بێت کە نەوە نوێکە باشتر لەو کێشانە و لە چارەسەرەکانیان تێبگات. ئەمە بەو مانایە نییە کە بێ ئەوان هیچمان پێ ناکرێ یان ئەوان هەموو شتێک دەزانن و ئێمە هیچ نازانین. مام جەلال هەمیشە باسی چەپکە گوڵەکەی دەکرد و دەیگوت ئەگەر چەپکە گوڵێک هەمووی یەک رەنگ بووایە جوان نەدەبوو، بەڵام کە هەموو رەنگەکانی تێدایە چەند جوانترە. سیاسەتکردنیش ئاوایە. من خۆم لە ئەزموونی خۆمدا، ئەگەر خۆم بەراورد بکەم بە 10 ساڵ لەمەوبەر، کەسێکی دیکە بووم. شێوازی بیرکردنەوەم زۆر جیاوازە، شێوازی رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان زۆر جیاوازە؛ رەنگە 10 ساڵ پێش ئێستا ئەزموونم زۆر کەمتر بووبێت و زووتر تووڕە بووایەم، زووتر نیگەران بووایەم، زووتر دڵتەنگ بووایەم بە بڕیارێک یان بە لێدوانێک، بەڵام ئێستا نا، لەبەر ئەوەی بە ئەزموونێکدا تێدەپەڕی، دەتوانی هەڵسەنگاندن بکەیت ئایا ئەمە ئەوەندە دڵتەنگی و تووڕەیی دەوێت؟ نا، رەنگە نەهێنێت. بەڵام هێشتا کاتمان ماوە و رۆژ دوای رۆژ دەبێت مرۆڤ لە ئەزموونی خۆی و کەسانی پێش خۆی فێربێت.
پرسیار: نزیکەی سێ ساڵە شەڕ لەم ناوچەیە هەیە؛ گفتوگۆیەکی زۆر کراوە لەسەر ئەوەی لە رووی ستراتیژییەوە چ کاریگەرییەکی دەبێت لەسەر کوردستان، ناکۆکیی نێوخۆیش هەیە. بێگومان لەم هەلومەرجەدا ئەستەمە کورد بتوانێت بێلایەن بێت، بەڵام کارێکی ئاسانیش نییە. جگە لەوە، ناکۆکییەکی نێوخۆیی هەیە لە کوردستان؛ چی زۆرتر نیگەرانت دەکات وەک سەرکردەیەکی نەوەی نوێ: ناکۆکییە ناوخۆییەکان یان ئەو گوشار و هەڕەشانەی لە دەرەوە هەن؟
قوباد تاڵەبانی: دەبێت تۆزێک سەیری راستییەکە بکەین. رەنگە زۆر شت هەبن رۆژانە بیانبینم کە نیگەرانم بکەن و دڵگرانم بکەن، بەڵام ئەگەر ئەوەندە خۆم سەرقاڵ بکەم بەو شتانە، شتم پێ چارەسەر ناکرێ، دەبێت سەیری وێنە گەورەکە بکەین. دوێنێ کاک نێچیرڤان و کاک بافڵ زۆر بە جوانی باسی کێشە ستراتیژییەکانیان کرد، باسی پرسی نێودەوڵەتییان کرد. ئەوانە زۆر گەورەن، بەڵام ئەگەر دانیشین و تەنیا خۆمان نیگەران بکەین بەوەی ئێران و ئەمریکا ئایا شەڕ دەکەن یان نا، هیچمان پێ ناکرێ. ئێمە دەبێت لەو چوارچێوەیەدا کار بکەین کە لە دەسەڵاتی خۆماندایە و خۆمان زۆر نیگەران نەکەین بە شتێک کە لە دەرەوەی ویستی خۆمانە. زۆر کێشە هەن روویان لە عێراق کردووە کە عێراقییەکان خۆیان دەتوانن چارەسەریان بکەن؛ زۆر کێشە هەن کە رووبەڕووی هەرێمی کوردستان بوونەتەوە کە لە دەسەڵات و ویستی خۆماندان. بەڵام ئایا سەرۆک ترەمپ و سەرۆک پزیشکیان رێکدەکەون یان نا، ئەو ئەنجامە لە دەرەوەی ویستی ئێمەیە. بۆیە من کەمتر سەیری ئەو شتانە دەکەم کە نیگەرانم دەکەن، زیاتر سەرنج دەخەمە سەر ئەو شتانەی شیاوی چارەسەرن و پێویستە چارەسەر بکرێن. دوێنێ گفتوگۆیەکی باش کرا لەسەر دەستوور. جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان زۆر بە روونی باسی دەستووری کرد، ئەو مەبەستەی کە دەستووری عێراقی لەپێناویدا نووسرا و دەنگی لەسەر درا. ئایا ئەو دەستوورە ئەمڕۆ جێبەجێ دەکرێت؟ نەخێر، جێبەجێ ناکرێ. زۆر پرسی گەورە هەن کە بەستراونەتەوە بە دەستوورەوە. بۆ نموونە، بەندی 65 کە باسی ئەنجوومەنی فیدراڵی دەکات، بەندی 92 کە باسی دادگەی فیدراڵی دەکات و چۆنیەتیی پێکهێنانی و دەنگدان لەسەر یاساکەی، بەندی 111 و 112 سەبارەت بە نەوت و گاز، بەندی 140 کە هەموومان لەبەرمان کردووە و دەزانین تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە. من پێداگری دەکەم و دەڵێم بگەڕێن بەدوای یەک کێشەدا لەم عێراقەدا کە سەرچاوەکەی نەگەڕێتەوە بۆ جێبەجێنەکردنی دەستوور. هەموو کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا دەگەڕێنەوە بۆ جێبەجێنەکردنی دەستوورەکە. بۆیە لەبری ئەوەی بێین بە رێگەی کاتی و بە بڕیارێک کێشەکان چارەسەر بکەین، دەبێت بێینە سەر کرۆکی بابەتەکە کە دەستوورە. ئەمە راستییەکە کە دەبێت ئەم پێکهاتە نوێیەی بەغدا بە رژدی لێی بڕوانێت ئەگەر بە راستی دەمانەوێ رزگارمان بێت لە کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا.
پرسیار: 20 ساڵ زیاترە دەستووری عێراق پەسندکراوە. دوای 20 ساڵ گلەیی دەکەیت لەوەی کە دەستوور جێبەجێ ناکرێ. پێت وایە بەم پێکهاتە نوێیەی حکومەت جێبەجێ بکرێ یان بەو دۆخە نوێیەی ئێستا هاتووەتە ئاراوە؟
قوباد تاڵەبانی: ئەگەر ویستەکە هەبێت، بەڵێ. پێم وایە ئێستا دەرفەتێک رەخساوە کە هاوپەیمانییەک دروستبووە لە عێراق (کاک بافڵیش ئاماژەی پێدا کە بە جێنتڵمانییش بێت شتێک دروستبووە کە هاوئاهەنگییەکی لێکەوتووەتەوە)، ئەمڕۆ بڕیار بە هاوئاهەنگی و بە لێکۆڵینەوە دەدرێ. تاوەکو ئێستا ئەم گرووپانە هاوئاهەنگییەکی باشیان لە نێوان خۆیاندا دروستکردووە. تەنیا ئەوە نییە بڵێین ماڵی شیعییە، نەخێر کورد، سوننە و شیعەی تێدایە و لە تەمەنیشدا لێک نزیکن. ئەمەش دەرفەتێک دەدات کە بتوانین هەندێک هەنگاو بنێین بۆ پێشەوە. بەڵام ئەمە بەتەنیا بەس نییە! گریمان دەستووری عێراق وەک خۆی و بە هەموو بڕگەکانی جێبەجێکرا و هیچ گلەییمان نەبوو، ئایا کێشەی هەرێمی کوردستان چارەسەر دەبێت؟ نەخێر! چونکە ئێمە بۆشاییەکی زۆر گەورەمان لە هەرێمی کوردستان هەیە، ئەویش نەبوونی دەستوورێکە بۆ خۆمان! دەستوورێک کە ماڵی خۆمان رێکبخات، یاساکانی خۆمان رێکبخات، دەسەڵاتە فەرمییەکانی خۆمان رێکبخات. ئێمە دەستوورمان نییە، بۆیە سەدان و هەزاران یاسا و بڕیارمان هەیە کە لە پەرلەمان دەرچوون لە 1992ـەوە تاوەکو ئێستا و بە هیچەوە نەبەستراونەتەوە. هەندێکیانمان لە عێراق وەرگرتووە و وەک خۆی جێبەجێیان دەکەین، هەندێکیان لای خۆمان هەموار دەکەین، هەندێکیشیان بە ویستی ئەنجوومەنی وەزیران جێبەجێ دەکرێن. بۆیە بابەتەکە تەنیا بە دەستووری فیدراڵی چارەسەر نابێت. ئەوەی کە دەڵێم لەژێر ویستی خۆماندایە ئەوەیە دەستوورێک بۆ خۆمان دابنێین کە دەسەڵاتەکان دیاریبکات، دادوەری بزانێت کاری لەکوێ دەستپێدەکات و لەکوێ تەواو دەبێت، ئەنجوومەنی وەزیران بزانێت و پەرلەمانیش دەسەڵاتی خۆی بزانێت.
پرسیار: ئەوە ئەو شتەیە کە جەنابت دەتەوێت وابێت، بەڵام بە کردەیی ئایا ئێستا ئەو پەیوەندییەی لەگەڵ بەغدا هەیە دامەزراوەییە؟ سەیری چاوپێکەوتنەکەی بەڕێزتانم کرد لە مێری بۆ ساڵی رابردوو، باسی ئەوەت کرد کە پێویستە پەیوەندی لەگەڵ بەغدا دامەزراوەیی بێت و بەغدا وەک قووڵایی ستراتیژی ببینین. ئایا ئێستا پەیوەندیی نێوان لایەنە کوردستانییەکان و بەغدا دامەزراوەییە یان لەسەر ئاستی حیزبی ماوەتەوە؟
قوباد تاڵەبانی: بە مۆڵەتی جەنابی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، من دەتوانم بە ناوی یەکێتییەوە قسە بکەم: بەڵێ ئێمە پەیوەندیمان پەیوەندییەکی دامەزراوەییە لە عێراق. ئێمە بەشێکین لە بڕیاربەدەستانی بەغدا و کاریگەریمان هەیە لەسەر ئەو بڕیارانەی دەدرێن. بەڕێز سەرۆکی یەکێتیش دوێنێ زۆر بە جوانی گوتی: 'کوردستان لە کاتێکدا بەهێز دەبێت کە عێراق بەهێز بێت'، بەڵام عێراق کاتێک بەهێز دەبێت کە ئێمە لە بەغدا بین و بەشێک بین لە عێراق، نەوەک خۆمان دابنێین وەک لایەنێکی دیکە. ئەگەر خۆمان لە بەغدا بین، ناتوانین گلەیی بکەین لەو بڕیارانەی دەدرێن، چونکە خۆمان بەشێکین لەو بڕیارانە. بەڵام ئەگەر لە دەرەوە بین، بڕیارەکان دەدرێن و دواتر هەر گلەیی دەکەین، کە گلەییشمان کرد تازە دەرچووە و ناچارین بڵێین خەتای فڵان کەس بوو.
پرسیار: با بگەڕێینەوە بۆ کوردستان. دوای ئەوەی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە راگەیێندرا، بەڕێزت گوتت ئەمە دەستکەوتێکی مێژووییە. ئایا بە راستی ئەمە یەکخستنی هێزە یان یەکخستنی بڕیارێکی سەربازییە؟ ئەگەر سبەی کێشەیەک لە نێوان پارتی و یەکێتیدا دروستبێت، هیچ گەرەنتییەک هەیە کە پێشمەرگە شەڕی یەکدی نەکاتەوە؟
قوباد تاڵەبانی: سوێند بێت من دڵنیام گەرەنتی هەیە کە جارێکی دیکە پێشمەرگەی یەکێتی و پارتی رووبەڕووی یەکدی نابنەوە، چونکە سەرکردە سیاسییەکانیش بڕیار بدەن، باوەڕ ناکەم ئەو پێشمەرگانە جارێکی دیکە تەقە لە یەکدی بکەن و بە قسەی سەرکردایەتییە سیاسییەکان بکەن. سەبارەت بە هەنگاوەکە، هەنگاوێکی مێژوویی بوو، لە 2016ـەوە کاری لەسەر دەکرا و لە 2026 توانیمان قۆناخێکی رابگەیێنین. بەڵام ئایا ئەمە تەواوی پرۆسەکەیە؟ نەخێر. چاکسازی سویچێک نییە دایگریسێنیت و بڵێیت تەواو! فەرموون پێکهاتەکەی یەکخراوە و دەستی هەموولایەک خۆش بێت، بەڵام ئێستا دەبێت راهێنان، جلوبەرگ، شێوازی دامەزراندن، ماف و تایبەتمەندییەکان و چۆنیەتیی دابەشکردنی هێزەکان بە فیرقە و لیواکان یەکبخرێتەوە. ئەمە قۆناخی دواترە. چۆنیەتیی بەستنەوەی هێزی پێشمەرگە لەگەڵ هەموو دەزگا ئەمنییەکانی دیکە کە لە هەرێمی کوردستاندا هەن، ئەمانە هەموویان ماون. ماوەیەک لەمەوبەر چوومە وەزارەتی پێشمەرگە، لەگەڵ وەزیر و بریکار و فەریقەکان دانیشتبووین، پرسیارم لێکردن: ئایا هیچ پەیوەندیتان هەیە لەگەڵ دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان؟ گوتیان نا! چۆن دەبێت شتی وەها؟! دەزگای ئەمنیی زۆرمان هەیە لە کوردستان، کەچی هێزی پێشمەرگە لە سەنگەرەکانە و چۆن زانیارییان دەستبکەوێ ئەگەر پەیوەندییان نەبێت؟ دەبێت دەزگای زانیاری و پاراستن زانیارییان پێبدەن، بەڵام ئێستا نییە. کەواتە ئەمە کەموکوڕییەکە و هیوادارم لەم پێکهاتە نوێیەدا بتوانین ئەم کەموکوڕییانە پڕبکەینەوە.
پرسیار: دوێنێ دوو گفتوگۆی گرنگ هەبوون. کاتێک کاک بافڵ قسەی کرد، گوتی لەبەر خاتری کاک قوباد هەندێک قسە ناکەم. کاتێک جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان قسەی کرد، گوتی هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوە دەکرێ. بەڕێزیشت پشتڕاستت کردبووەوە. هەموو رێگاکان بەرەو ئێرە دەگەڕێنەوە!
قوباد تاڵەبانی: بە راستی دۆخی خۆم زۆر باشە، سوپاس.
پرسیار: من لە قسەکانی دوێنێ بەو جۆرە تێگەیشتم کە رەنگە یەکشەممە یان دووشەممە کۆبوونەوەی لووتکە لە نێوان پارتی و یەکێتیدا بکرێ. بەو پێیەی کاک بافڵ داوای (بڕنەو)ـەکەی کردبوو و لەوانەیە لە کاک مەسرور وەرینەگرێت، بەپێی ئەو روونکردنەوەیەی جەنابی کاک نێچیرڤان دای، کۆبوونەوەکە چۆن دەبێت؟
قوباد تاڵەبانی: بڕنەوەکە دەبێت جەنابی کاک مەسعود پێشکێشی بکات. سەبارەت بە کۆبوونەوەکە، ئێمە لە پەیوەندیداین و کۆبوونەوەکان نەوەستاون، چ فەرمی بن و چ نافەرمی. ئەمانە هەموویان هەبوون و پەیوەندییەکان نەپچڕاون. وەک کاک بافڵیش ئاماژەی پێدا، دەرگای گفتوگۆ دانەخراوە. ئەگەر شەممەش نەکرێ رەنگە دووشەممە بێت، دووشەممە نەبێت، چوارشەممە دەبێت، بەڵام کۆبوونەوە هەر دەکرێ. ناونیشانی کۆبوونەوەکە ئەوەندە گرنگ نییە، گرنگ ئەنجامی کۆبوونەوەکانە، تێگەیشتنە لە نیگەرانییەکانی یەکدی، دڵنیاییدانە بە یەکدی. ئێمە زۆرجار ئەوەندە سەرقاڵی رێوڕەسم و پرۆتۆکۆلین، ناواخنەکە ون دەبێت! تاوەکو زۆربەی جار بەڕێزان راپۆرت پێشکێش دەکەن دوای سەردانێک دەڵێن: چووین و پێشوازییەکی گەرممان لێکرا، فەرشی سووریان بۆ راخستین و 15 ئۆتۆمبێل لەگەڵمان هاتن... واتە نیو کاژێر لە کاتی خۆی تەرخان دەکات بۆ شتێک کە هیچ پەیوەندیی بە ئامانجی گەشتەکەوە نەبووە! ئێمە زۆرجار بە رووکەش سەرقاڵین نەوەک بە ناوەرۆک.
پرسیار: پێت وایە چی کاتی کۆبوونەوەکە دیاری دەکات؟
قوباد تاڵەبانی: گرنگ ئەوەیە کۆبوونەوە دەبێت. گرنگ نییە چ رۆژێک بێت، ئەوەی گرنگە ئەنجامەکەیەتی.
پرسیار: لە قسەکانی سەرۆکی یەکێتی وا تێگەیشتم ناکۆکییە سەرەکییەکان زیاتر لەسەر نەوەی نوێ و پرسە ئەمنییەکانە؛ بۆچی؟
قوباد تاڵەبانی: بەڕێز، پرسیارێکت لێبکەم؟ تۆ منت بانگکردووە شیکردنەوە بۆ قسەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی یەکێتی بکەم، یان رای من وەربگریت لەسەر هەندێک بابەتی دیکە؟ چونکە ئەگەر وا بێت، من شیکەرەوە نیم! ئەوان خۆیان لێرە بوون و دەتانتوانی پرسیاریان لێبکەن مەبەستیان چی بووە.
پرسیار: با پرسیارەکە بە جۆرێکی دیکە بکەم: ئایا کێشەی نەوەی نوێ لەنێوان پارتی و یەکێتیدا چارەسەر بووە؟
قوباد تاڵەبانی: نازانم، تۆ لە پارتی بپرسە، من پەیوەندیم چییە بە کێشەی نەوەی نوێ و پارتی؟! بڕۆ لە پارتی بپرسە، پارتی لێرەیە، هەموو سەرکردایەتیی پارتی لێرە بوون، بۆچی لە منت پرسی؟!
پرسیار: ئایا پێداگرن لەسەر ئەوەی بە هاوپەیمانی لەگەڵ نەوەی نوێ بەشدار بن؟
قوباد تاڵەبانی: پێداگرین لەسەر ئەوەی پابەندین بە رێککەوتنەکانی خۆمانەوە. لە هەموو کۆبوونەوەکان گوتوومانە و ئێستاش دەیڵێینەوە، ئێمە سیاسەت بە درۆ ناکەین. ئێمە لەگەڵ هەر لایەنێک رێکبکەوین، پابەند دەبین پێوەی. رێککەوتین کە نۆرەی تورکمانە ببێتە پارێزگار لە کەرکووک، پابەند بووین. راستگۆیی ئاوا دروست دەبێت.
پرسیار: لەگەڵ کاک مەسرور کۆبوونەوەیەکتان کردووە. دەکرێت باسی ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەمان بۆ بکەیت؟
قوباد تاڵەبانی: بەڵێ دەتوانم، کۆبوونەوەیەکی زۆر باشمان هەبوو. کە گەیشتمە بارەگاکەی لە بەردەمی بارەگاکەی پێشوازی لێکردم، بەسەر فەرشە سوورەکەدا چووینە ژوورەوە، دووقۆڵی دانیشتین، دەمێک بوو یەکدیمان نەدیبوو، چایەکی خۆش و قاوەیەکی خۆشمان خواردەوە. هەواڵی یەکدیمان پرسی و باسی هاوینمان کرد کە چۆن بوو، نانێکی خۆشمان خوارد. کۆبوونەوەیەکی باش بوو، گفتوگۆیەکی رژدمان کرد. نە یەکەمین کۆبوونەوەمان بوو و نە کۆتا کۆبوونەوەشمان دەبێت. نە ئەو کێشەی کەسی لەگەڵ من هەیە و نە من کێشەی کەسیم لەگەڵ ئەو هەیە. رەنگە لێکتێنەگەیشتن هەبێت لەسەر هەندێک بابەت، بەڵام ئەمجارە ئەوەی جێگەی دڵخۆشی بوو باسی شێوازی حوکمڕانیمان کرد، کە لەم قۆناخەدا کوردستان پێویستی بە چ جۆرە حوکمڕانییەکە. بابەتی سەرەکی چ لە عێراق و چ لە ناوچەکە حوکمڕانییە. بۆشایی ئەمنی و سیاسی هەیە، بەڵام ئەگەر کەموکوڕییەک هەبێت لە حوکمڕانیدایە. سەرکردە زۆرن، بەڵام ئایا بەڕێوەبەر هەن وەک پێویست؟ گەورەترین ئاڵنگاری کە لەبەردەم عێراقدایە ئابوورییە، ئابووریش بە هێز چارەسەر ناکرێ، بە سیاسەتی ژیرانە و سیستمی حوکمڕانی و دامەزراوەی بەهێز دەکرێ. ئێمەش لە هەرێمی کوردستان لە نەبوونی دەستووردا دەبێت لێکۆڵینەوە بکەین: ئایا ئەم سیستمەی ئەمڕۆ هەیە گونجاوە؟ پێم وایە گونجاو نییە، دەبێت لە پێکهاتەی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دەستپێبکەین. من لێرەدا روونی دەکەمەوە: من جێگری سەرۆکوەزیران نیم، من جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانم. کاک مەسرور سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانە، کەواتە ئێمە ئەنجوومەنێکین کە شێوازی کارکردن و بڕیاردانی خۆی هەیە. دەبێت سەیری وەزارەتەکان بکەین؛ هەموو وەزیرەکان هاوپیشەمن، بەڵام ئایا وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون، ئەرکی سەرەکیی ئەمڕۆی بووەتە رێگەوبان؟ پێشتر دوای کیمیابارانی هەڵەبجە و قەڵادزێ حکومەت خۆی ئاوەدانی دەکردەوە، بەڵام ئێستا کەرتی تایبەت ئاوەدانی دەکاتەوە و پڕۆژەی نیشتەجێبوون دەکات. ئەرکی حکومەت ئەوەیە سیستم دابنێت کە خانووی کەمدرامەت و مامناوەند چۆن بێت، نەوەک بە وردی بچێتە نێو ژیانی خەڵک، ئەم سیستەمە هەڵەیە. ئێمە باسی فیدراڵی دەکەین لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان، ئەی بۆ ناوخۆی خۆمان چۆن دەسەڵات شۆڕ دەکەینەوە بۆ پارێزگاکان، شارۆچکەکان، شارەدێیەکان و گوندەکان؟ خەڵک چاوەڕێیە بە خێرایی مامەڵەکانیان جێبەجێ بکرێ، کەچی بەڕێوەبەری شارەدێیەک دەبێت مامەڵەیەک بنێرێت بۆ قایمقام، قایمقام بۆ پارێزگا، پارێزگا بۆ بەڕێوەبەری گشتی، ئەویش بۆ بریکار، بریکار بۆ وەزیر، وەزیر بۆ سەرۆکایەتیی دیوان، دیوان بۆ سەرۆکی حکومەت یان جێگر، لەوێش فلتەری نووسینگەکان هەیە... تا ئەم کارە دەڕوات، کێشە دروست دەبێت یان کارەساتەکە روودەدات! دەسەڵات شۆڕکردنەوە واتە بەڕێوەبەری شارەدێیەک لەسەر بنەمای یاسا دەسەڵاتی خۆی هەبێت و بڕیار بدات، نەوەک چاوەڕێی ئارەزووی من بکات.
پرسیار: لەسەر حوکمڕانی؛ ئێستا پرسی سەرەکی لە عێراق پرسی ئابوورییە. دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار وادەکات لە شوێنێکی وەک هەرێمی کوردستان نرخی کاڵا لانیکەم 12٪ بەرزببێتەوە. حکومەت چ رێکارێکی هەیە بۆ ئەوەی کاریگەری نەکاتە سەر ژیانی خەڵک؟
قوباد تاڵەبانی: قورسە حکومەت دەستوەردان بکات، چونکە یەکەمجار خۆمان لەنێو خۆماندا یەکلاییمان نەکردووەتەوە کە چ فەلسەفەیەکی ئابووریمان هەیە. ئایا باوەڕمان بە بازاڕی ئازادە؟ ئەگەر باوەڕمان پێیەتی، دەبێت لێیگەڕێین بازاڕ خۆی ساخ بکاتەوە. ئەگەر باوەڕمان بە چەپڕەوییە، دەبێت دەستوەردان بکەین و پشتیوانی بکەین. ئێمە پێناسەیەکمان نییە بۆ ئابووری لە عێراق و هەرێمی کوردستان؛ لە هەندێک شتدا لە ئەمریکاش سەرمایەدارترین، لە هەندێک شتدا لە سۆڤیەتی پێشووش کۆمۆنیستترین! بابەت دابەشکردنی وەزارەتەکان نییە، بەڵکو فەلسەفەی حوکمڕانیمان پێویستی بە پێداچوونەوەیە. کێشەی بەنزینمان بیرە. نرخی بەنزین بەرزبووەوە، حکومەت بڕیاری دەرکرد و جێبەجێ نەکرا، ناچاربوو لە بڕیارەکەی پاشگەز بێتەوە. دەبێت گوێ لە بازاڕ بگرین، حکومەت نابێت بڕیاری تاکڕەوانە و خۆسەپێن دەربکات و رای خۆی بەسەر بازاڕدا بسەپێنێت.
پرسیار: دوو پرسی سەرەکیی نێوان هەولێر و بەغدا پرسی بودجە و نەوت بوون، هەروەها سەرژمێری. ئایا ئەو دوو بابەتە چارەسەر بوون بەوەی سۆمۆ نەوت دەفرۆشێت و لە سەرژمێریشدا رێژەکە بە 14.4٪ دانراوە؟
قوباد تاڵەبانی: نەخێر چارەسەر نەکراوە. راستە سەرژمێرییەکە زۆر بە رێکوپێکی جێبەجێکرا و وەزارەتی پلاندانان کارێکی زۆر باشیان کرد لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، بەڵام ئێستا لێکدانەوە هەیە بۆ ئەم سەرژمێرییە. هەندێک لە بەغدا دەڵێن تەنیا 12.67٪ یان 12.68٪ـە. ئەمە هەڵەیە، سەرژمێری کرا و 14.4٪ـە و زیاتریشە. ئەوەی کوردستان ئەمڕۆ پێویستی پێیەتی، یەکەم: پەیوەندییەکی دەستووریی هەبێت لەگەڵ عێراق. دووەم: بەهێزکردنی دامەزراوە فەرمییەکان لە چوارچێوەی دەستوورێکدا لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان. سێیەم: هاوئاهەنگییەکی دروست لە نێوان حیزبە کێبڕکێکارەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەو پرسانەی نیشتمانین. ئەگەر چاوەڕێ بکەن پارتی و یەکێتی ببنە یەک حیزب و کێشەیان نەمێنێت، نەخێر ئەوە نابێت. ئێمە تاوەکو 100 ساڵی دیکەش کێبڕکێکاری یەکدیین، بەڵام چۆن بەو ناکۆکییانەوە بژین و ناکۆکییە بیروباوەڕییەکان لە نێوخۆماندا چارەسەر بکەین و پرسە نیشتمانییەکان لە بەغدا چارەسەر بکەین؟ ئەوە گرنگە.
پرسیار: پرسیاری کۆتاییم لەسەر بابەتی پەکەکە و حیزبەکانی رۆژهەڵات و پەیوەندیتانە لەگەڵ تورکیا و ئێران. چ رۆڵێکتان هەیە لە پرسی چەکدارانی پەکەکە، بەتایبەتی دوو پرسی دیاریکراو: یەکەمیان مانەوەی فەرماندە باڵاکانی پەکەکە کە یاسا نایانگرێتەوە، دووەمیان چۆڵکردنی قەندیل؟
قوباد تاڵەبانی: ئێمە پشتیوانین بۆ ئەم پرۆسەیە. دوێنێ لە بەرزترین ئاستی هەرێمی کوردستان، لە هەولێر و لە سلێمانی بیستتان کە ئێمە چۆن پشتیوانین بۆ پرۆسەی چەکدانان و پرۆسەی ئاشتی لە نێوان تورکیا و پەکەکەدا. ئەمە شتێکی پێویستە و ئێمە چ رۆڵێکمان پێ بسپێردرێ ئامادەین بۆی، بەڵام خۆشبەختانە خۆیان لە نێوان خۆیاندا قسە دەکەن، با لێیان تێکنەدەین تاوەکو بە سەرکەوتوویی بچێتە پێشەوە. سبەی ئەگەر پرۆسەیەکی هاوشێوە لەگەڵ کوردانی رۆژهەڵاتیش دەستپێبکات، ئێمەش بە هەمان شێوە رۆڵی خۆمان دەبینین. ئەمڕۆ کورد بەشێکە لە چارەسەر لە سووریا. مەزڵووم عەبدی لێرەیە. لە عێراق بەشێکین لە چارەسەر. لە رۆژهەڵاتیش دەتوانین ببینە بەشێک لە چارەسەری ئاشتییانە. بۆیە ئەم پرۆسەیە تایبەتمەندیی خۆی هەیە، دەستپێدەکات، گەشە دەکات، بەربەستی بۆ دروست دەبێت و خاو دەبێتەوە و خێرا دەکرێت. ئێمە وەک هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان ئامادەین بۆ هەموو هاوئاهەنگییەک.
پرسیار: پەیوەندیی یەکێتی لەگەڵ دەسەڵاتی پێشووی سووریا زۆر باش بوو، پەیوەندیتان ئێستا لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریا و رۆڵتان لە رۆژئاوای کوردستان چییە؟
قوباد تاڵەبانی: ئێمە خۆشحاڵین بە ئامادەبوونی برای ئازیز و تێکۆشەرمان مەزڵووم عەبدی کە خۆی لێرەیە، خۆی سەرکردایەتیی ئەم دۆزەی کردووە، گیانفیدایی داوە لەگەڵ هەڤاڵانی لە پێناوی ئەم پرسەدا. کاتێک مەزڵووم عەبدی لەوێیە، وا بزانە خۆمان لەوێین؛ ئەگەر ئەو پەیوەندیی لەگەڵ دەسەڵاتی سووریا باش بێت پەیوەندیی ئێمەش باش دەبێت، ئەگەر پەیوەندیی ئەویش خراپ بێت پەیوەندیی ئێمەش لەگەڵ دەسەڵاتی سووریا خراپ دەبێت.


