رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، هاوکات پارتی و یەکێتیش چەند لێژنەیەکی هاوبەش پێکدەهێنن، یەکێکیان بۆ سەردانی تورکیا و ئێرانە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست هێڤیدار ئەحمەد، پەیامنێری رووداو کەوتوون و لەگەڵ شاهۆ ئەمین، لە بوڵتەنی کاژێر هەشتدا گفتوگۆیان لەبارەیەوە کرد، دوای کۆبوونەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بڕیار دراوە گفتوگۆکان تەنیا لەسەر پرسی بەغدا بن، کە بە گرنگترین پرسی هەنووکەیی دادەنرێت بۆ هەرێمی کوردستان.
دوو لیژنەی هاوبەش
لە کۆبوونەوەکەی پارتی و یەکێتیدا، کە نزیکەی کاژێر و نیوێکی خایاندووە، بڕیار دراوە دوو لیژنەی هاوبەش پێکبهێنرێن:
یەکەم: لیژنەی یاسایی
ئەم لیژنەیە لە نێوان هەردوو حیزب دەبێت و کار لەسەر دیاریکردنی مافە دەستووری و یاساییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات. لیژنەکە راپۆرتێک ئامادە دەکات بۆ ئەو شاندەی بڕیارە رۆژی 1ـی کانوونی یەکەم لە بەغدا بەشداریی کۆبوونەوەیەک بکات.
دووەم: لیژنەیەکی سیاسی
ئەم لیژنە هاوبەشەی پارتی و یەکێتی سەردانی تورکیا و کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی ئەو دوو وڵاتە.
کۆبوونەوەی بەغدا
کۆبوونەوەی رۆژی 1ـی کانوونی یەکەم لەسەر بانگهێشتی فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق بەڕێوەدەچێت. بانگهێشتنامەکان بە شێوەی فەرمیی ئاراستەی هەریەک لە مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کراون.
ئەم کۆبوونەوەیە بە ئامانجی دروستکردنی یەکدەنگیی کورد لە بەغدا و پێداگری لەسەر مافە دەستوورییەکان دەکرێت. هەروەها بڕیارە دوای کۆبوونەوەکە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەردانێکی بەغدا بکات.
رۆڵی نێودەوڵەتی و پرسی سنوورەکان
بەپێی زانیارییەکانی هێڤیدار ئەحمەد، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئێران و تورکیا داوایان لە لایەنە باڵاکانی عێراق کردووە کە هێزێکی فیدراڵی لەسەر سنوورەکانی عێراق لەگەڵ ئێران، تورکیا و سووریا جێگیر بکرێت.
ئامانجی ئەمریکا کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانە لەگەڵ ئێران، هاوکات ئێرانیش هەمان داواکاریی هەیە بۆ رێگریکردن لە جموجۆڵی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان. تورکیاش دەیەوێت لەو رێگەیەوە جموجۆڵەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) سنووردار بکات.
نێچیرڤان بارزانی دەچێتە فەرەنسا
هەندێک لە بەرپرسانی عێراق پێیانوایە هەرێمی کوردستان وەک "کۆنفیدراڵی" مامەڵە دەکات نەک هەرێمێکی فیدراڵی، بۆیە هەوڵی کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی دەدەن. لە بەرامبەردا، هەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەغدا رێزی لە دەستوور نەگرتووە.
لەلایەکی دیکەوە، بڕیارە رۆژی 7ـی کانوونی یەکەمی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پاریس لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کۆببێتەوە. فەرەنسا وەک ئەندامێکی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایش و خاوەن ڤیتۆ، رۆڵێکی گرنگی هەیە و پێشتریش پشتیوانیی لە هەرێمی کوردستان کردووە.
کۆبوونەوەکەی بەغدا لە کاتێکدایە کە گرژیی میدیایی و سیاسی لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق دژی هەرێمی کوردستان دروست بووە، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت گفتوگۆکان ئاسان نەبن و پێویستیان بە یەکڕیزیی کورد و وریاییەکی زۆر هەبێت.



