رووداو دیجیتاڵ نیرۆز مووسا، دوای 8 ساڵ، گەیشتەوە ماڵەکەی خۆی، بەڵام جگە لە کەلاوە هیچی دیکەی لێ نەمابووەوە. ئەو و سەدان خێزانی دیکەی ئاوارەی سەرێ کانی، لە کاروانێکی نوێدا، سەرەڕای وێرانبوونی گوندەکانیان، گەڕانەوە زێدی خۆیان. نیرۆز مووسا، ئاوارەیەکی خەڵکی سەرێ کانییە، بە هیواوە گەڕایەوە بۆ ئەوەی یادگارییەک لە ماڵە کۆنەکەی بدۆزێتەوە. ئەو دەڵێت، "وێنەیەکی هاوژینیم لەسەر دیوار هەبوو، خۆزگە هەر ئەو بمایە... ویستم لانیکەم یەک یادگاریم هەبێت، بەڵام جگە لە وێرانی هیچی دیکەم نەبینی." گەڕانەوەی ئەم ئاوارانە لە کاتێکدایە کە گوندەکانیان، وەک گوندی خرابە جمۆ، لە ساڵی 2019 و لە کاتی هێرشی تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی سەر بەو وڵاتە بۆ سەر سەرێ کانی، بە تەواوی خاپوور کراون. خرابە جمۆ یەکێکە لەو 55 گوندە کوردنشینەی دەوروبەری ئەو شارە کە وێران کراوە. سەرەڕای ئەمەش، ئەمە پێنجەمین کاروانی گەڕانەوەی ئاوارەکانی سەرێ کانییە. لەم کاروانەدا 385 خێزان، کە 25یان کوردن، بۆ 75 گوند دەگەڕێنەوە. مەحموود خەلیل، گوتەبێژی لیژنەی ئاوارەکانی سەرێ کانی، بە رووداوی رایگەیاند: "385 خێزانن، 25 خێزانیان کوردن. بەپێی بڕیاری ئێمە و تیمی سەرۆکایەتی، ئێستا هەفتانە دوو کاروان بەڕێدەکەون." پرۆسەی گەڕانەوەکە دوای رێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی دیمەشق دێت، کە بەپێی رێککەوتنەکە، حکومەت ئەو گرووپە چەکدارانەی سەر بە تورکیا لە ناوچەکە دەردەکات و ئاوارەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ ماڵەکانیان.
کوردستان13-10-2026بارەگای بارزانی: مێری رەچاوی بەشداریی لایەنە سیاسییەکانی بەشەکانی تری کوردستانی نەکردووە
کوردستان13-10-2026ئیلهام ئەحمەد بۆ رووداو: دەبمە پەرلەمانتار و چاوەڕێین نوێنەرانمان لە وەزارەتەکان پۆست وەربگرن