رووداو دیجیتاڵ جووتیار و ئاژەڵدارانی ناحیەی شوان لە سنووری پارێزگای کەرکووک، بەهۆی ئەو ڕێگری و بەربەستانەی لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە لە بازگە و خاڵە سەربازییەکاندا بۆیان دروست دەکرێت، ناتوانن بەرهەمەکانیان ساغ بکەنەوە و پێداویستییەکانیان دابین بکەن و دەڵێن، "ئەمە هەوڵێکە بۆ هەراسانکردنمان و جێهێشتنی ناوچەکە." سەنگەرێکی هێزە عێراقییەکان لە نزیک ڕێگەیەکی گوندەکانی سنووری ناحیەی شوان، ڕێگری لە ئۆتۆمبێلی هاونیشتمانیان دەکات و کێشە بۆ جووتیاران، ئاژەڵداران و خاوەن پەلەوەرخانەکانیش دروست دەکەن. سەردار سابیر، کە خەڵکی گوندی کارێزە و مەڕدارە، باس لەوە دەکات کە ناتوانێت ئاژەڵەکانی بگەیەنێتە بازاڕ و ئالیکیشیان بۆ بهێنێت. ئەو دەڵێت: "پاسەوانی بارەگاکەی دووبز گوتی چەند سەرت بارکردووە؟ بە عەرەبی گوتم پێنج سەر. دەیگوت دڵنیای پێنج سەرە؟ منیش گوتم وەرە بیژمێرە. یەکسەر لێمان تووڕە بوو، وەک ئەوەی عەسساب بێت، باش بوو لێی نەداین." خاوەنی پەلەوەرخانەکانیش، سەرەڕای هەبوونی مۆڵەتی فەرمی، ڕێگرییان لێدەکرێت. کامەران سەعید، خاوەنی پەلەوەرخانە، دەڵێت: "ئەم بەرهەمەی هەمانە لە پەلەوەرخانە و کێڵگە و جووتیاری و ئاژەڵداری، کێشە و ئاستەنگی زۆرمان بۆ دروست دەکرێت." بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، دوو مانگ لەمەوبەر، بەڕێوەبەری ناحیەی شوان لەگەڵ فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان کۆبووەتەوە و بڕیار دراوە کارمەندی کشتوکاڵ لە بازگەی سێڕیانی شوان جێگیر بکرێن بۆ ئاسانکاری، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیارەکە جێبەجێ نەکراوە. بڕیار شوانی، بەڕێوەبەری ناحیەی شوان، دەڵێت: "دەبێت 24 کاژێر ئەو خاڵە کراوە بێت. وا نزیکەی مانگێکە چاوەڕێی فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکووک دەکەین کە فەرمانبەران ئاراستەی ئەو خاڵە بکەن و پڕۆژەکە لەسەر ئەوە وەستاوە." ناحیەی شوان ناوچەیەکی تەواو کوردییە لە سنووری پارێزگای کەرکووک، کە بەشێکی لەژێر کۆنترۆڵی هێزی پێشمەرگەدایە و بەشێکی دیکەی سوپای عێراقی لێیە.
کوردستان15-10-2026دڵشاد شەهاب بۆ رووداو: بارەگای بارزانی ماڵی کوردانە و لە هەموو پارچەکانی کوردستانەوە رووی تێدەکرێت
کوردستان14-10-2026بەرپرسێکی UNHCR بۆ رووداو: پەنابەرانی سووریایی ناچار ناکرێن بگەڕێنەوە و عێراقیش مافی هاووڵاتیبوونیان پێنادات