رووداو دیجیتاڵ
لە ماوەی نۆ مانگی ئەمساڵدا، لە 9 پارێزگای باکووری کوردستانەوە بە بەهای نزیکەی 184 ملیۆن دۆلار میوەی وشککراوە هەناردەی وڵاتان کراوە؛ قەیسیی وشک و فستق لە سەرووی هەناردەکراوەکانن و وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپاش گەورەترین کڕیار بوون.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی یەکێتیی هەناردەکارانی باشووری رۆژهەڵاتی ئانادۆڵ (GAİB)، لە نێوان مانگەکانی کانوونی دووەم بۆ ئەیلوول، داهاتی هەناردەکردنی میوەی وشککراوە گەیشتووەتە 183 ملیۆن و 909 هەزار دۆلار.
لە نێو بەرهەمە هەناردەکراوەکاندا، قەیسیی وشککراوەی مەڵەتی بە بەهای 65 ملیۆن و 837 هەزار دۆلار لە پلەی یەکەمدا هاتووە، و فستقی دیلۆک (عەنتاب) بە 64 ملیۆن و 81 هەزار دۆلار لە پلەی دووەمدا بووە. ئەم دوو بەرهەمە پێکەوە 70.6%ـی کۆی گشتیی هەناردەیان پێکهێناوە.
داهاتی بەرهەمەکانی دیکە بەمشێوەیە بووە:
هەنجیری وشک: 18 ملیۆن و 221 هەزار دۆلار
گوێز: 6 ملیۆن و 39 هەزار دۆلار
میوە وشککراوەکانی دیکە: 19 ملیۆن و 551 هەزار دۆلار
لە ئاستی وڵاتاندا، ئەڵمانیا بە کڕینی میوەی وشککراوە بە بەهای 34 ملیۆن و 749 هەزار دۆلار لە پێشەنگی وڵاتاندا بووە، دوای ئەویش بەمشێوەیە دێن:
ئیتاڵیا: 20 ملیۆن و 926 هەزار دۆلار
ئەمریکا: 15 ملیۆن و 90 هەزار دۆلار
فەرەنسا: 10 ملیۆن و 25 هەزار دۆلار
کازاخستان: 8 ملیۆن و 479 هەزار دۆلار
وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا بە کڕینی 50.6%ـی بەرهەمەکان (بە بەهای 93 ملیۆن و 53 هەزار دۆلار)، گەورەترین بازاڕی میوەی وشککراوەی ناوچەکە بوون.
ئامارەکان دەریدەخەن کە هەناردەکردن بۆ چەند بازاڕێکی جیهانی گەشەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە؛ هەناردە بۆ هیندستان 261.8٪ (3 ملیۆن و 398 هەزار دۆلار)، بۆ پۆڵەندا 84.2٪ (8 ملیۆن و 266 هەزار دۆلار) و بۆ بەرازیلیش 65.7%(7 ملیۆن و 100 هەزار دۆلار) زیادیکردووە.
یەکێتیی هەناردەکارانی باشووری رۆژهەڵاتی ئانادۆڵ لە تورکیا، سەرپەرشتیی ژوورەکانی هەناردەکاری لە نۆ پارێزگای باکووری کوردستان دەکات کە بریتین لە: دیلۆک، سەمسوور، ئامەد، مەرەش، کلیس، مەڵەتی، مێردین، رووها و شرنەخ.



