رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ هێزەکانی یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە) بە فەرمی هەڵوەشاندنەوە و چوونە نێو هێزە ئەمنییەکانی عێراق رابگەیێنێت. پەرلەمانتارێکی کوردی ئێزدی ئاماژە بەوە دەکات، بەشێک لە خاڵە سەربازییەکانی یەبەشە لە چیای شنگال رادەستی سوپای عێراق دەکرێن.
جاسم محەممەد کاکەیی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، ئەمڕۆ دووشەممە 26ـی تشرینی یەکەمی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ شاندێکی باڵای ئەمنی لە بەغداوە دەگەنە پارێزگای نەینەوا و سەردانی قەزای شنگال دەکەن. بڕیارە لەوێ هێزەکانی یەبەشە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، بە فەرمی چوونە نێو چوارچێوەی هێزە ئەمنییەکانی عێراق رابگەیێنن."
شێوازی دابەشکردنی چەکدارەکان و رۆڵی ژنان
سەبارەت بە شێوازی دابەشکردنی شەڕڤانانی ئەو هێزە بەسەر دامەزراوە ئەمنییەکاندا، جاسم محەممەد کاکەیی روونیکردەوە: "بەشێکیان لە چوارچێوەی حەشدی شەعبیدا وەک حەشدی ئێزدی دەمێننەوە، ژن و کچانی نێو هێزەکەش دەچنە نێو پۆلیسی نەینەوا لە بەشی پۆلیسی ژنان." هاوکات خەمڵاندنی کرد کە ژمارەی ئەو شەڕڤانانەی دەچنە نێو هێزە ئەمنییەکان لەنێوان 1,500 بۆ 2,000 بێت.
رادەستکردنی خاڵە سەربازییەکانی چیای شنگال
موارد ئیسماعیل، پەرلەمانتاری ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ قۆناخی یەکەمی رێککەوتنی تێکەڵکردنی هێزەکانی یەبەشە بە دامەزراوە ئەمنییە فەرمییەکان رادەگەیێندرێت و ژمارەیەک لە خاڵە ئەمنییەکانی یەبەشە لە چیای شنگال رادەستی هێزەکانی سوپای عێراق دەکرێن."
ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەش کرد: "بەشێکی دیکەی شەڕڤانەکان دەکرێنە پۆلیسی ناوخۆیی و هەندێکی دیکەشیان چەک دادەنێن و دەگەڕێنەوە بۆ ژیانی ئاسایی خۆیان."
سەبارەت بە ژمارەی گشتیی شەڕڤانانی یەبەشە، موارد ئیسماعیل گوتی: "کۆی گشتییان نزیکەی 4,160 شەڕڤانە، بەڵام تاوەکو ئێستا رێککەوتنی کۆتایی لەسەر تەواوی ئەو ژمارەیە نەکراوە و مەرج نییە هەموویان لەنێو دەزگە ئەمنییەکاندا دابمەزرێن، بەڵکو بەشێکیان بە تەواوی دەگەڕێنەوە سەر ژیانی مەدەنی."
عیدان شێخ شڤان، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە پێکهاتەی کوردی ئێزدی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ پرۆسەی تێکەڵبوونی ئەو هێزە بە دامەزراوە ئەمنییەکان رابگەیێندرێت، تاوەکو ئێستا ژمارەی کۆتایی ئەوانەی وەردەگیرێن بە تەواوی یەکلایی نەکراوەتەوە."
"لە قۆناخی یەکەمدا 2000 شەڕڤان دەچنە نێو هێزە ئەمنییەکانی عێراق"
سەرچاوەیەکی باڵا لە یەبەشە بە رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار شەڕڤان لە هێزەکانمان بە فەرمی دەچنە نێو هێزە ئەمنییەکانی عێراق، هاوکات نزیکەی سێ بۆ چوار هەزار شەڕڤانی دیکەشمان کە خەڵکی ناوچەکەن، لە قۆناخەکانی داهاتوودا بە فەرمی تێکەڵ دەکرێن."
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست رووداو کەوتوون، رێوڕەسمەکە ئەمڕۆ دووشەممە لەسەر چیای شنگال و بە ئامادەبوونی فەرماندە باڵاکانی هەردوولا بەڕێوەدەچێت، لەوانە: فەرماندەی فیرقەی 20، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، فەرماندەی رۆژئاوای نەینەوا لەگەڵ فەرماندەکانی یەبەشە و یەژەشە.
لە پرۆسەی تێکەڵکردنەکەدا، ئەندامەکانی یەبەشە بەسەر سوپای عێراق، پۆلیسی نێوخۆیی و دەستەی حەشدی شەعبیدا دابەش دەکرێن.
چاوەڕوان دەکرێت دوای رێوڕەسمەکە، هێزە ئەمنییەکانی عێراق و فەرماندەکانی یەبەشە لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا تەواوی وردەکاریی رێککەوتنەکە بۆ رای گشتی بخەنەڕوو.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، رووماڵی میدیایی رێوڕەسمەکە تەنیا بۆ چوار دەزگای میدیایی عەرەبیی عێراق و سێ دەزگای نزیک لە یەبەشە سنووردار کراوە.
دوای پەلاماری چەکدارانی داعش بۆ سەر دەڤەری شنگال لە ئابی 2014 و ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی دژی کوردانی ئێزدی، ئەم هێزە بە هاوکاری و سەرپەرشتیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە چیای شنگال دامەزرا.
ئامانجی سەرەتایی هێزەکە پاراستنی ئەو هەزاران هاووڵاتییە سڤیلە ئێزدییە بوو کە لە چیاکە گەمارۆ درابوون، هاوکات دواتریش بەشداریکردن بوو لە ئۆپەراسیۆنەکانی کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچەکە لە دەستی داعش.
هاوشێوەی ئەزموونی رۆژئاوای کوردستان، یەبەشە باڵێکی چەکداری تایبەت بە ژنانی ئێزدی بە ناوی (یەپەژە - یەکینەکانی ژنانی شنگال) دروست کرد، بە مەبەستی بەشداریکردنی سەربازیی ژنان لە پاراستنی ناوچەکە و رووبەڕووبوونەوەی داعش.
ئایدیۆلۆژیا و ئەنجوومەنی خۆبەڕێوەبەری
لە رووی فکرییەوە، یەبەشە باوەڕی بە تێڕوانینەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەیە و لەسەر بنەمای چەمکی (نەتەوەی دیموکراتیک) و شێوازی خۆبەڕێوەبەری کار دەکات. لە پاڵ باڵە چەکدارییەکەشدا، یەبەشە و لایەنگرانی چوارچێوەیەکی ئیداری و مەدەنییان بە ناوی (ئەنجوومەنی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتی شنگال) دامەزراندووە کە ئیدارەدانی بەشێک لە کاروباری دەڤەرەکە بەڕێوە دەبات.
پەیوەندی لەگەڵ بەغدا و حەشدی شەعبی
بەشێکی بەرچاو لە شەڕڤانانی یەبەشە دواتر بە ناوی (فەوجی تایبەت بە شنگال) خرانە نێو پێکهاتەی دەستەی حەشدی شەعبی و بە شێوەیەکی فەرمی مووچە، بودجە و پێداویستیی سەربازی لە بەغدا وەردەگرن.
ئەم رێکارە وایکردووە کە یەبەشە لە رووی دارایی و رێکخستنی یاساییەوە تا رادەیەکی زۆر بە حکومەتی فیدراڵیی عێراق و حەشدی شەعبییەوە گرێ بدرێت.
هەڵوێستی ئەنقەرە و بۆردوومانەکان
تورکیا یەبەشە بە باڵێکی سەربازیی راستەوخۆی پەکەکە لە خاکی عێراقدا دەزانێت؛ بۆیە بارەگا و خاڵە سەربازییەکان و بەرپرسانی ئەم هێزە لە ناوچەکانی شنگال بەردەوام لەلایەن فڕۆکەی جەنگی و درۆنەکانی تورکیاوە دەکرێنە ئامانج.
تێڕوانینی هەولێر و ئاستەنگەکانی بەردەم رێککەوتنی شنگال
حکومەتی هەرێمی کوردستان بوونی هێزەکانی نزیک لە پەکەکە لە شنگال بە "نایاسایی" دەزانێت و بە هۆکاری تێکچوونی سەقامگیری و رێگر لە ئاوەدانکردنەوە و نەگەڕانەوەی ئاوارە ئێزدییەکان بۆ شوێنی خۆیان دادەنێت.
هاوکات بەپێی رێککەوتننامەی شنگال لە تشرینی یەکەمی 2020 لەنێوان هەولێر و بەغدا بە چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەبوو تەواوی ئەو هێزانەی لە دەرەوەی دەسەڵاتی فەرمیی دەوڵەتن لە ناوەندی قەزاکە بچنە دەرەوە، بەڵام ئەم بڕگەیە تاوەکو ئێستا بە تەواوی جێبەجێ نەکراوە بەهۆی رەتکردنەوەی لەلایەن یەبەشە و ئەنجوومەنی خۆبەڕێوەبەرییەوە.

.jpeg&w=3840&q=75)
