رووداو دیجیتاڵ
ئاماری قوربانییانی تەقینەوەکەی گاز لە ماڵێکی کرماشان بەرزبووەوە و تاوەکو ئێستا چوار کەس گیانیان لەدەستداوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 26ی تشرینی یەکەمی 2026، بەهۆی تەقینەوەی گاز لە ماڵێک لە گەڕەکی جەعفەرئاوای شاری کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان 4 کەس گیانیان لەدەستدا و 8ی دیکەیش بریندار بوون.
جگە لە زیانی گیانی، خانووی ماڵەکە بە تەواوی رووخا و زیان بە زیاتر لە 8 ماڵی دراوسێش گەیشت.
سەعید قادری، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی و سەلامەتیی شارەوانیی کرماشان رایگەیاند، رووداوەکە کاژێر 13:21ـی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ روویداوە و دەستبەجێ تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و فریاگوزاری گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە.
بەڕێوەبەرەکە گوتیشی: "بەهۆی بەهێزی تەقینەوەکەوە، خانووەکە بەتەواوەتی رووخاوە و زیانی زۆریش بە زیاتر لە 8 ماڵی دەوروبەری کەوتووە، بۆیە داوای هاوکاری لە تیمی پشکنین و سەگی زیندوودۆزەرەوەی مانگی سوور کرا تاوەکو دڵنیابین کەس لەژێر داروپەردوودا نەماوەتەوە."
بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، هۆکاری سەرەکیی رووداوەکە لێچوونی گازی ماڵان بووە.
بەپێی دوایین ئاماری رێکخراوی فریاکەوتنی تەندروستیی ئێران، لە ماوەی 10 ساڵدا نزیکەی 1000 کەس لەو وڵاتە بەهۆی ژەهراویبوون و تەقینەوەی گاز گیانیان لەدەستداوە و 7 هەزار کەسی دیکەیش بریندار بوون.




