رووداو دیجیتاڵ
لەسەر هەڵبژاردنی کۆمەڵەی جووتیارانی کەرکووک بەبێ کورد و تورکمان، یاداشتێک دەدرێتە دادگەی شارەکە و تێیدا ئاماژە بەوە دەکات، کە هەڵبژاردنەکە "نایاسایی" بووە و نوێنەری حکومەتی خۆجێیی ئامادەی نەبووە.
ئەو هەڵبژاردنە شەممەی رابردوو 27ی تشرینی یەکەمی 2026 لە کەرکووک کراوە، حەوت ئەندامی کۆمەڵەکە هەڵبژێردراون، کە سەرجەمیان عەرەبن و نوێنەری جووتیارانی کورد و تورکمانی تێدا نییە.
عەبدوڵڵا میروەیس، سەرۆکی لێژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ پێنجشەممە لە رێگەی ئەنجوومەنەوە نووسراوێکی لێژنەکەمان ئاراستەی دادگەی کەرکووک دەکەین، کە دوو ئەندامی عەرەب و تورکمانیش واژۆیان کردووە و تێیدا تێبینییەکانمان لەبارەی ئەو هەڵبژاردنە دەخەینەڕوو، بۆ ئەوەی دادگە لەگەڵ ئەنجامی هەڵبژاردنەکان رەوانەی نووسینگەی کۆمەڵەکەی بکات لە بەغدا".
لەو نووسراوەدا لێژنەی کشتوکاڵی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئاماژەی بەوە داوە، راگەیاندنی وادەی هەڵبژاردنەکە "نایاسایی" بووە و نوێنەری پێکهاتەکانی تێدا نییە و نوێنەری حکومەتی خۆجێیی ئامادەی هەڵبژاردنەکە نەبووە.
عەبدوڵڵا میروەیس رایگەیاند، لەو حەوت کەسەی هەڵبژێردراون وەک ئەندامی کۆمەڵەی جووتیارانی کەرکووک چواریان سەر بە یەک هۆز و لە یەک ناوچەن، عەرەبەکانیش تێبینییان لەسەری هەبووە.
نوێنەری جووتیاران لەسەر ئاستی قەزاکانی دووبز، حەویجە، داقووق، ناوەندی کەرکووک هەڵبژێردران، ئەوانیش حەوت ئەندامەکەی کۆمەڵەی جووتیارانی کەرکووکیان هەڵبژارد.
سەرۆکی لێژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گوتی: "سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەسەر هەمان کێشە لە دادگەی بەرایی کەرکووک سکاڵا تۆمار دەکەم".
ئەو کۆمەڵەیەی کەرکووک سەر بە کۆمەڵەی جووتیاران و هاوکاریی گشتی دەبێت لە بەغدا، کە ئەرکی سەرەکی بەدواداچوونی کێشەی جووتیاران دەبێت لە عێراق.




.webp&w=3840&q=75)