رووداو دیجیتاڵ
لەسەر رێگای سەرەکیی نێوان جۆلەمێرگ و وان، پاسێک کە کۆچبەری نایاسایی ئەفغانستانی هەڵگرتبوو، لەکاتی هەڵاتن لە هێزەکانی جەندرمە وەرگەڕا و 24 سەرنشینی بریندار بوون.
رووداوەکە درەنگی شەوی رابردوو لە ناوچەی ئەرزیکی روویدا، کە نزیکەی 30 کیلۆمەتر لە سەنتەری شاری جۆلەمێرگەوە دوورە.
بەپێی زانیارییەکان، شۆفێری پاسەکە دوای بینینی خاڵی پشکنینی جەندرمە، هەوڵیداوە رێگاکەی بگۆڕێت و لە هێزەکانی جەندرمە هەڵبێت.
لەکاتی هەڵاتندا، شۆفێرەکە کۆنترۆڵی ئۆتۆمبێلەکەی لەدەستداوە، وەرگەڕاوە و کەوتووەتە نێو رووباری ئەرزیکی.
پاسەکە کە توانای هەڵگرتنی 12 سەرنشینی هەیە، 24 کۆچبەری تێدا بووە. دوای ئاگادارکردنەوە، تیمەکانی جەندرمە و فریاگوزاری رەوانەی شوێنی رووداوەکە کران.
بریندارەکان دوای چارەسەری سەرەتایی لە شوێنی رووداوەکە، گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەی دەوڵەت لە جۆلەمێرگ و لەژێر چاودێریی پزیشکیدان.
هێزەکانی جەندرمە دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کردووە.




.webp&w=3840&q=75)