رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ، بە تووندی ئەو لێدوانە "بێبنەما و چەواشەکارانە" رەتدەکەینەوە کە ئاڵا تاڵەبانی، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق لەبارەی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم و قاچاخچێتی داویەتی. وەزارەتەکە دەڵێت: "ئەم لێدوانانە تەنیا زیان بە نێوبانگی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا دەگەیێنن."
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان حکومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی پێنجشەممە (29ی تشرینی یەکەمی 2026) لە راگەیێندراوێکدا وەڵامی ئاڵا تاڵەبانی دایەوە کە وەک خۆیان دەڵێن: لەڕێگەی کەناڵی (الأولى)ی "سەر بە میلیشیاکان"، کە بە هەڵوێستی دوژمنکارانەیان بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان ناسراون، سەبارەت بە بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێم و هەناردەکردنی و کۆمپانیا نەوتییە جیهانییە قسەی کردووە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئەم بانگەشانە کە دوورن لە راستی و زانیارییە باوەڕپێکراوەکان، نەک تەنیا زیان بە ئەدای دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگەیێنن، بەڵکو زیان بە متمانەی دامەزراوە فیدراڵییەکان و میکانیزمەکانی بەڕێوەبردنی ئەم دۆسیەیەش دەگەیێنن".
بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئەو قسەیەی رەتکردەوە کە دەڵێت "هەرێم رۆژانە 650 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت." لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "بەپێی داتاکانی کۆمپانیای (وود ماکنزی) کە لایەنی راوێژکاریی وەزارەتی نەوتی عێراقە، بەرهەمی ئێستای هەرێم تەنیا 255 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا. پێشبینییەکانیش دەڵێن لە باشترین حاڵەتدا لە ساڵی 2027 دەگاتە 308 هەزار بەرمیل، ئەویش بە مەرجێک کۆمپانیاکان شایستە داراییەکانیان وەربگرن."
چاودێریکردنی هەناردە و رەتکردنەوەی قاچاخچێتی
سەبارەت بە تۆمەتی قاچاخچێتی، وەزارەتی سامانە سروتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "42 نوێنەری وەزارەتی نەوتی فیدراڵ سەرپەرشتیی تەواوی پڕۆسەی هەناردەی نەوتی هەرێم دەکەن."
وەزارەتەکە دەڵێت: "ئەم پڕۆسەیە لەلایەن کۆمپانیای نەوتی باکوور و سۆمۆوە بەڕێوەدەبرێت، بۆیە هەر قسەیەک لەسەر قاچاخچێتی، بێبەهاکردنی کاری دامەزراوە فیدراڵییەکانە و پێویستی بە بەڵگەی روون هەیە."
راشیگەیاند: "جێی خۆیەتی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی، ئەگەر ئەم بانگەشانە لەسەر بنەمای بەڵگەی راستەقینە بن، راستییەکان بۆ رای گشتی روون بکاتەوە، و بەرگری لەو میکانیزمانەی هەناردەکردن بکات کە سەرپەرشتییان دەکات و لە کادیرە پەیوەندیدارەکانیشی، لە بری ئەوەی دەرفەت لەبەردەم تۆمەتی بێبنەما و چەواشەکاردا کراوە بهێڵێتەوە".
"داهاتە نەوتییەکان بۆ بەغدا دەنێردرێن"
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان گوتی: "تەواوی داهاتی ئەو نەوتەی لەرێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە دەفرۆشرێت، راستەوخۆ دەچێتە ناو گەنجینەی وەزارەتی دارایی عێراق. بۆیە هەر تۆمەتێک لەم بارەیەوە ئاراستەی هەرێم بکرێت، "دوورە لە لۆژیک و بابەتیبوون" و لێپرسینەوەکە دەبێت لە فەرمانگە فیدراڵییەکان بکرێت.
لە وەڵامی ئەو قسەیەی کە دەڵێت "کۆمپانیا نەوتییەکان هی خێزانە دەسەڵاتدارەکانن." وەزارەتەکە رایگەیاند: "ئەو کۆمپانیایانە دامەزراوەی جیهانیی ناسراون و لە بۆرسە نێودەوڵەتییەکاندا تۆمارکراون و ملکەچی وردبینیی تووندن. شەرعییەتی گرێبەستەکانیشیان لەلایەن دادگەی فیدراڵییەوە دانی پێدانراوە. ئەم جۆرە تۆمەتانە زیان بە نیوبانگی وەبەرهێنانی هەموو عێراق دەگەیێنن."
هاوئاهەنگیی نێوان هەولێر و بەغدا
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان دووپاتیکردەوە، لەم ساڵانەی دواییدا بە جیدی کاریان لەگەڵ بەغدا کردووە بۆ چارەسەری کێشەکان و رێگەیانداوە وەزارەتی نەوتی عێراق و شارەزا نێودەوڵەتییەکان سەردانی هەموو کێڵگەکان بکەن بێ هەڵاوێری هیچ کامێکیان، هەروەها ئاگاداری پێوەرەکانی هەناردەکردن بن.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، داوای لە دەزگاکانی راگەیاندن کرد پابەندی پیشەییبوون بن و زانیارییەکان لە سەرچاوە فەرمییەکانەوە وەربگرن، نەک پشت بەو بانگەشانە ببەستن کە خزمەت بە بەرژەوەندیی نیشتمانی ناکەن.
ئاڵا تاڵەبانی، ئێستا لە کابینەکەی زەیدی ئەرکی (راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کارووباری ژنان)ی پێدراوە.



