رووداو دیجیتاڵ
دوو هاونیشتمانی لە پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی هەورە برووسکەوە گیانیان لەدەستدا و سێ هاونیشتمانی دیکەش بریندار بوون.
مەهدی شەعبانی، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئیلام دەڵێ، ئەمڕۆ هەورەبرووسکە لە سنووری شارەکانی بەدرە و ئەیوان زیانی گیانی لێکەوتەوە.
مەهدی شەعبانی گوتی، لە ئەنجامی هەورەبرووسکەیەک لە سنووری گوندی ئەبهەری خواروو لە سنووری شاری بەدرە، دوو هاونیشتمانی تەمەن 45 و 50 ساڵان گیانیان لەدەستدا و دوو هاونیشتمانی دیکەش کە تەمەنیان 50 و 55 ساڵە، بریندار بوون.
مەهدی شەعبانی ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئەنجامی هەورە برووسکەیەکی دیکە لە گوندی میانداری سەر بە شارۆچکەی زەڕنە لە سنووری شاری ئەیوان، گەنجێکی تەمەن 27 ساڵ بریندار بوو.
هاوکات عەلی محەممەد پاکدڵنەژاد، بەڕێوەبەری رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان لە پارێزگای ئیلام رایگەیاند، هەورەبرووسکە لە بەرزاییەکانی شارۆچکەی هیندمینی سنووری شاری بەدرە روویداوە و چەند کەسێک زیانیان بەرکەوتووە، بۆ ئەو مەبەستەش تیمەکانی فریاکەوتن رەوانەی ناوچەکە کراون، بەڵام تاوەکو ئێستا وردەکاریی زیانەکانی ئەو رووداوە روون نییە.


