رووداو دیجیتاڵ
دەستەی باڵای نیشتمانیی لێپرسینەوە و دادپەروەری لە عێراق بەڵگەنامەیەکی "نهێنی و بەپەلە"ی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازیی گشتیی دەسەڵاتی پێشووی عێراقی بڵاوکردەوە، کە مێژووەکەی بۆ حوزەیرانی ساڵی 1985 دەگەڕێتەوە. لە بەڵگەنامەکەدا دەسەڵاتدارانی ئەو سەردەمە دان بەوەدا دەنێن فڕۆکە جەنگییەکانیان کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوونی هاونیشتمانییانی لە سێکوچکەی سنووری بۆردوومان کردووە.
بەڵگەنامەکە کە رۆژی 10ی حوزەیرانی 1985 لەلایەن بەڕێوەبەری هەواڵگریی سەربازیی گشتی ئاراستەی (لیژنەی کاروباری باکوور) لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی ئەو کات کراوە، وێنەیەکی بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار، نووسینگەی جێگری سەرۆکی کۆمار و دیوانی وەزارەتی بەرگری نێردراوە، باس لە هێرشێکی ئاسمانی دەکات کە رۆژی 9ی حوزەیرانی 1985 ئەنجامدراوە.
لە بەشی یەکەمی نووسراوەکەدا ئاماژە بە هەواڵێکی ئاژانسی دەنگوباسی فەرەنسا لە 10ی حوزەیرانی 1985 لە تارانەوە لەسەر زاری ئیدریس بارزانی کراوە کە تێیدا هاتووە لە ئەنجامی بۆردوومانکردنی کەمپێکی پەنابەرانی کورد لە باشووری ورمێ لە ئێران لە لایەن پێنج فڕۆکەی جەنگیی عێراقەوە لانیکەم 100 کەس گیانیان لەدەستداوە و 260 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە زۆربەیان لە کەسوکاری ئەو هاونیشتمانییانە بوون کە رووبەڕووی حکومەتی ئەو کاتەی عێراق ببوونەوە.
لە شیکاریی هەواڵگریی سەربازیی عێراقدا بۆ رووداوەکە هاتووە: رۆژی 9ی حوزەیران، 4 فڕۆکەوانمان راسپێردران بۆ بۆردوومانکردنی بارەگایەکی سەر بە بارزانی لە یەکێک لە گوندەکانی باکووری ناحیەی سیدەکان، بەڵام بەپێی راپۆرتی فڕۆکەوانەکان، بەهۆی هەورەوە ئامانجەکە دەستنیشان نەکرا؛ هەروەها بەهۆی بەشنەکردنی سووتەمەنیش بۆ گەڕانەوەیان بە بارەکەیانەوە بۆ فڕۆکەخانە، بۆمبەکان بەسەر 50 ماڵ لە کۆمەڵگەی زێوە بەردرانەوە.
کۆمەڵگەی (زێوە)، پەنابەرانی باشووری کوردستانی لە پارێزگای ورمێ تێدا نیشتەجێبوو.
هەواڵگریی سەربازیی عێراق لە درێژەی نووسراوەکەدا دان بەوەدا دەنێت کە زانیارییەکانیان ئاماژە بەوە دەکەن کۆمەڵگەی زێوە کە دەکەوێتە سێکوچکەی سنووریی (عێراق - ئێران - تورکیا) کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوونی خێزانی بارزانییەکانە، جەختیش لەوە کراوەتەوە کە بۆمبی فڕۆکەکان بەسەر کۆمەڵگەکەدا بەردراونەتەوە و ئەو زیانانەی سەرەوەیان پێگەیاندوون.
لە بەشی خوارەوەی بەڵگەنامەکەدا و بە دەستوخەت، تێبینییەک لە 15ی حوزەیرانی 1985 تۆمارکراوە کە تێیدا هاتووە: "پێمان باشە دوای تەواوکردنی ئەو ئەرکەی پێیان سپێردراوە، دووبارە لێیان بدرێتەوە."
دەستەی باڵای نیشتمانیی لێپرسینەوە و دادپەروەری هاوپێچ لەگەڵ بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامەکە لە راگەیێندراوێکدا باسی لەوە کردووە کە ئەم نووسراوە ئەرشیڤکراوە ئاماژەیە بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردنی دەسەڵاتی بەعس لەگەڵ هاووڵاتییانی مەدەنی و کۆمەڵکوژکردنی پەنابەران و خێزانە بێپەناکان، بەبێ ئەوەی هیچ لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوەیەکی یاسایی لەسەر کەوتنەوەی ئەو ژمارە زۆرەی قوربانی ئەنجام درابێت.


