رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قەزای کفری دەڵێ، لێکۆڵینەوە لەو گەنجەی لە چەند مزگەوتێک هەڕەشەی کرد بەردەوامە و بە گوتەی کەسوکارەکەی بێ، گەنجەکە نەخۆشی دەروونی هەیە. گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیانیش دەڵێ، ئەو کەیسە دادگە یەکلایی دەکاتەوە.
رۆژی شەممە، 31ی تشرینی یەکەمی 2026، ساهیر عەلی، قایمقامی قەزای کفری بە رووداوی گوت: "لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەی دوێنێی کفری بەردەوامە و دوو کەسی دیکەش لە قەزاکە بە تۆمەتی هاوکاریکردنی تۆمەتبارەکە دەستگیرکراون".
ساهیر عەلی گوتی: "گەنجەکە پێشتر لە یەکێک لە چێشتخانەکانی ناوچەکە کاری کردووە؛ ئەندامانی خێزانەکەی هیچ پێشینەیەکی تاوانیان نییە."
قایمقامی کفری روونی کردەوە: "دوێنێ گەنجەکە لە حەوشەی یەکێک لە مزگەوتەکان نزیکەی 10 خولەک گفتوگۆی لەگەڵ یەکێک لە گوتارخوێنەکان کردووە، کاخەزێکی پێداوە و داوای لێکردووە لە گوتاری هەینیدا چەند قسەیەک دژی حکومەت بکات. کاتێک گوتارخوێنەکە گوتەیەتی ئەم کاخەزەت لە کوێ بووە؟ گەنجەکە گوتویەتی، پەیوەندی بە تۆوە نییە، بیخوێنەرەوە و تەواو."
سەبارەت بە پاڵنەری پشت رووداوەکە، قایمقامی کفری رایگەیاند: "بە گوتەی کەسوکار و هاوڕێکانی، پێشتر گەنجەکە هیچ ئاماژەیەکی بیری تووندڕۆیی تێدا نەبووە. کەسوکارەکەی هەروەها دەڵێن، بەگوێرەی ئەو هەڵسوکەوتانەی هەیبووە، دەکرێ بڵێین باری درەوونی تەواو نەبووە."
هاوکات هەر ئەمڕۆ شەممە، شێرکۆ عومەر، خاڵی تۆمەتبارەکە بە رووداوی گوت: "خوشکەزاکەم هیچ پەیوەندییەکی بە داعشەوە نییە و سەرەڕۆیانە ئەو کارەی کردووە."
لە وەڵامی ئەوەی گەنجەکە نەخۆشی دەروونی هەبووە یان نا، شێرکۆ عومەر رایگەیاند: "بەڵێ دۆخی دەروونی تەواو نییە و پێشتریش دایک و باوکی ترسیان هەبووە هێرشبکاتە سەریان."
هاوکات هەر ئەمڕۆ شەممە 30ــی تشرینی یەکەمی 2026، سۆران حەمە غەریب، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە رووداوی گوت: " تۆمەتبارەکە خەڵکی گوندی هۆمێربلە و دانیشتووی قەزای کفرییە و هیچ پێشینەیەکی تاوانی نەبووە."
گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان روونی کردەوە: "دوای بڵاوکردنەوەی کاخەزەکان و هەڕەشەکردن لە چەند مزگەوتێک، هەوڵی داوە بە ماتۆڕسکیل بچێتە دەرەوە و لە بازگەیەک دەستگیرکراوە؛ دوو کەسی دیکەش بە تۆمەتی چاپکردن و بڵاوکردنەوەی کاخەزەکان دەستگیرکراون".
لە بارەی ئەوەی کەسوکارەکەی دەڵێن، گەنجەکە نەخۆشی دەروونی هەبووە، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان گوتی: "ئەو کەیسە دادگە یەکلایی دەکاتەوە. ئەگەر گومان لە دۆخی دەروونی گەنجەکە بکرێ، دادوەر داوای راپۆرتی پزیشکی دەکات، هاوکات لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە هێشتا لە سەرەتادایە."
دوێنی هەینی لە کاتی گوتاری هەینی، لە یەکێک لە مزگەوتەکانی قەزای کفری تۆمەتبارێک کە دەمووچاوی خۆی بەستبوو، بە چەکەوە هەڕەشەی لە گوتارخوێن و نوێژخوێنانی مزگەوتێک کرد و دواتر لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی گەرمیانەوە دەستگیرکرا.


