رووداو دیجیتاڵ
چەند قوتابییەک بە رووداویان گوت، مامۆستا هەیە لەنێو پۆلدا مۆبایل بەکاردێنێت و ئەوانیش بەو کارە ئاسوودە نین. بەڕێوەبەرە گشتییەکانی پەروەردەش داوا لە وەزارەتی پەروەردە دەکەن بڕیارێکی یەکلاییکەرەوە لەو بارەیەوە بدات.
رۆژی شەممە، 31ی تشرینی یەکەمی 2026، لوقمان سەعید، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هیوادارین بڕیارێکی فەرمی بدرێ بۆ ئەوەی مۆبایل نەبرێتە ژووری خوێندن و کاتی وانەکان بە وێنە و ڤیدیۆ گرتن بەفیڕۆ نەدرێ. نابێت ئەم دیاردەیە لەنێو ناوەندەکانی خوێندندا هەبێت".
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر داوا لە وەزارەتی پەروەردە دەکات کە "بڕیارێکی یەکلاییکەرەوە بدات و تەواوی پرۆسەکە رێکبخات، ستریک کردن و وێنە گرتن لە پۆلدا قەدەخە بکرێ".
لەبارەی هەمان بابەتیش نەژاد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی گوتی: "چەندین مامۆستامان لە بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا لەنێو پۆلدا ئاگادارکراونەتەوە".
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی داوا لە وەزارەتی پەروەردە دەکات "بە رێکاری نوێ ئەم بابەتە یەکبخات و رێگە نەدرێ مامۆستا مۆبایل بۆ مەبەستی ستریک و ڤیدیۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاربێنێت، چونکە ئەوە کارێکی گونجاو نییە".
پەروەردەی دهۆک هۆشداری لە بەکارهێنانی مۆبایل لە پۆل دەدات. سەگڤان حەسەن، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی دهۆک بە رووداوی راگەیاند: "ئێمە رێنمایی روونمان هەیە و رێگە نادەین مۆبایل ببرێتە ژوورەوە. نابێ بە هیچ شێوەیەک لەنێو پۆلدا مۆبایل بەکاربهێندرێ. هەر کەسێک ئەو کارە بکات و پابەند نەبێت، سزای دەدەین و بە فەرمی ئاگاداری دەکەینەوە."
سۆران عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەڵەبجە بە رووداوی گوت، دەکرێ مۆبایل لەم سەردەمەدا بۆ داتاشۆ، وانەی زانستی و تێگەیاندنی قوتابییان سوودی لێوەربگیرێ، بەڵام لە هەمانکاتدا دەڵێ: "نابێت مۆبایل جگە لە خوێندن بۆ هیچ بابەتێکی دیکە بەکاربهێندرێ. نابێ مۆبایل بۆ وێنەگرتن و ڤیدیۆ تۆمارکردن بەکاربێت. نابێت مامۆستا بەبێ رەزامەندی وێنەی کەس بگرێ و بڵاوی بکاتەوە یان بیکاتە ستریک. دەبێت وەزارەتی پەروەردە بە دەرکردنی رێنمایی ئەم بابەتە رێکبخات."
سۆران عومەر باسی لەوەشکرد:"کاری لەو جۆرە پێشێلکردنی روونی پاراستنی ماف و تایبەتمەندیی منداڵ و قوتابییانە کە زۆرجار بەبێ رەزامەندیی کەسوکاریان وێنە و ڤیدیۆیان لە تۆڕەکاندا بڵاودەکرێتەوە".




