رووداو دیجیتاڵ
جێگری پارێزگاری ورمێ بۆ کاروباری ئاوەدانکردنەوە رایدەگەیێنێت، دەریاچەی ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو بووژاوەتەوە؛ بەجۆرێک قەبارەی ئاوەکەی بەراورد بە پار 10 هێندە و رووبەرەکەشی چوار هێندە زیادی کردووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ی تشرینی دووەمی 2026، مەهدی رۆستەمی، جێگری پارێزگاری ورمێ بۆ کاروباری ئاوەدانکردنەوە ئامارەکانی خستەڕوو و رایگەیاند: "ئێستا رووبەری دەریاچەی ورمێ گەیشتووەتە زیاتر لە هەزار و 971 کیلۆمەتری چوارگۆشە، لە کاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوودا تەنیا 460 کیلۆمەتری چوارگۆشە بوو، بەمەش رووبەرەکەی چوار هێندە زیادی کردووە."
مەهدی رۆستەمی ئاماژەی بە قەبارەی ئاوەکە کرد و گوتی: "ئێستا قەبارەی ئاوی دەریاچەکە گەیشتووەتە دوو ملیار و 550 ملیۆن مەتری سێجا، کە ئەم بڕە 10 هێندەی هەمان ماوەی پارە."
جێگری پارێزگاری ورمێ ئەوەشی خستەڕوو، کە بەرزیی ئاستی ئاوی دەریاچەکە لە ئاستی رووی دەریاوە گەیشتووەتە هەزار و 270 مەتر و 59 سانتیمەتر، کە بەراورد بە پار زیاتر لە یەک مەتر و 10 سانتیمەتر بەرزبووەتەوە.
سەبارەت بە بەردەوامیی ئەم بووژانەوەیە، رۆستەمی گوتی: "تەواوی هەوڵەکانمان خستووەتەگەڕ تاوەکو لە رێگەی بەردانەوەی بەردەوامی ئاوی بەنداوەکان، پاککردنەوەی رێڕەوی رووبارەکان و رێگری لە بەفیڕۆچوونی ئاو، سوود لە بارانبارینی ئەمساڵ وەربگرین و دەریاچەکە لە وشکبوون رزگار بکەین."
دەریاچەی ورمێ گەورەترین دەریاچەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانە و دووەم گەورەترین دەریاچەی سوێرە لە جیهاندا، کە لە ساڵانی پڕئاویدا رووبەرەکەی زیاتر لە شەش هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە بووە و زیاتر لە 32 ملیار مەتری سێجا ئاوی لەخۆگرتووە، بەڵام لە دوو دەیەی رابردوودا بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و دروستکردنی دەیان بەنداو لەسەر سەرچاوەکانی، رووبەڕووی مەترسیی وشکبوونی تەواوەتی ببووەوە.

