رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ کاریگەریی شەپۆلی بارانبارین لاواز دەبێت. کەشناسێکیش پێشبینی دەکات، پێنجشەممە شەپۆلێکی باران سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بگرێتەوە.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە ناوچەکانی بادینان و سنووری پارێزگای هەولێر باران دەبارێت و دواتر لاواز دەبێت، پاشان بەرەو ناوچەکانی رۆژهەڵاتی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە دەچێت و تاوەکو کاتەکانی شەو بە شێوەی پچڕپچڕ باران دەبارێ".
لەبارەی کەشوهەوای سبەیەوە کەشناسی رایگەیاندووە: "ئاسمان نیمچەهەور و پەڵەهەور دەبێت؛ ئەگەری کەمێک نمەبارانی پچڕپچڕ هەیە لە ناوچە شاخاوییەکاندا".
شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو بارانەی ئێستا هەیە بە رێژەی لابەلا بەردەوام دەبێت، بەڵام لە پێنجشەممە 05-11-2026ـەوە بۆ یەکشەممە شەپۆلێکی سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە".
ئەو کەشناسە پێشبینی دەکات، "لە شەپۆلی چاوەڕوانکراودا بارانی پەڵە دەبارێت، بەڵام دیار نییە لە کوێ و چەند ناوچە پەڵە دەدات، نزیکتر بینەوە لە شەپۆلەکە روونتر دەبێتەوە".
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، پلەی گەرمای سبەی سێشەممە بەمشێوەیەیە:
هەولێر: 25 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 20 پلەی سیلیزی
دهۆک: 25 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 20 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ: 24 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 25 پلەی سیلیزی
ئاکرێ: 24 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 28 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 15 پلەی سیلیزی
پیرمام: 21 پلەی سیلیزی



