رووداو دیجیتاڵ
سارا موحسین، پەرلەمانتاری کوردستان دەڵێ، هێشتا بڕیاری بەشداریکردنی لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان نەداوە و داوایەکیش لە کۆنسووڵخانەکان دەکات.
دەوربەری کاژێر 3:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 4-11-2026 سارا موحسین، پەرلەمانتاری پێشووی بەرەی هەڵوێست لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاویکردەوە، تاوەکو "ئەم خولەکە"ش بڕیاری بەشداریکردنی لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان نەداوە.
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێ: "ئەگەر بڕیاریش بێ بەشدار بم لە دانیشتنەکاندا، ئەوە بە مانای ملکەچبوون بۆ هیچ لایەنێکی سیاسی نییە".
پەرلەمانتارەکە دەنووسێ: "من لە سەنگەری بەرژەوەندیی گشتی و مافی هاووڵاتییاندا وەستاوم و لەو سەنگەرەش پاشەکشە ناکەم. هاوپەیمانیی من لەگەڵ مافەکانی گەلە".
پاشان سارا موحسین دەنووسێ: "واتای چییە بەم درەنگانی شەوە هێزێکی دەمامکدار لە شاری سلێمانی داویانە بەسەر ماڵی براکەمدا و دوای تەلەفۆنکردنی کە گوتی، "نەکەی بەشداری بکەی و ژیانم لە مەترسیدایە" مۆبایلەکەیان لێ وەرگرت".
پەرلەمانتارەکە هەڕەشەی پەنابردنە بەر دادگەکانی عێراق و گەیاندنی پرسەکە بە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان دەکات، ئەگەر "یەک تاڵە مووی سەری" براکەی ئازاری پێ بگات و پاشانیش دەڵێ: "داوا لە مافی مرۆڤ و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆنسووڵخانەکان دەکەم بێنە سەر خەت. دیموکراسیەت لە مەترسیدایە. ئەمە دژی ئازادی رادەربڕینە".
بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان، دەبێت 50+1 ئامادە بن، واتە 51 پەرلەمانتار. پارتی 39 کورسیی بەدەستهێناوە و پەرلەمانتارەکەی سۆسیال دیموکرات رایگەیاندووە ئامادە دەبێت، هەروەها بڕیارە بەشێکی پێکهاتەکان ئامادەبن و ناوی سێ پەرلەمانتاری یەکێتی و نەوەی نوێش دەهێندرێ بەشداری کۆبوونەوەکەن، ناوی دوو پەرلەمانتاری نەوەی نوێش دەهێندرێ بەشداری بکەن، بەڵام فراکسیۆنەکەیان دەڵێت: "ناڕاستە".
ڤالا فەرید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، رۆژی سێشەممە 03-11-2026 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، بانگهێشتی سەرجەم فراکسیۆنەکان دەکەن بۆ دانیشتنی پەرلەمان.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گوتی، داوا دەکەن سبەی چوارشەممە هەموو پەرلەمانتاران لە هۆڵی پەرلەمان ئامادەبن بۆ کۆبوونەوەی تەواوکاری رێکارەکانی دانیشتنی یەکەمی خولی شەشەم.
لە 20-10-2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، 02-12-2024، یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کرا و تاوەکو ئەمڕۆ کۆبوونەوەی دیکە نەکراوە.



