رووداو دیجیتاڵ
پەیامنێری رووداو لە سلێمانی رایگەیاند، کۆبوونەوەی سەرکردایەتی یەکێتی کۆتاییهات و بەپێی سەرچاوەیەکی بەشدار لە کۆبوونەوەکە، یەکێتی بڕیاریدا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بکشێتەوە.
تائێستا هیچ راگەیێندراوێک لەلایەن یەکێتی نیشتمانی کوردستان بڵاونەکراوەتەوەو بڕیارە ئەم شەو بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی لە پەیامێک دا هەڵوێستی یەکێتی رابگەیێنێت.
رۆژی چوارشەممە پەرلەمانی کوردستان بە بەشداریی پەرلەمانتارانی چەند فراکسیۆنێک و پەرلەمانتاری سەربەخۆ کۆبووەوە، پەرلەمان کاراکرایەوە و دەستەی سەرۆکایەتیی هەڵبژێردرا.
کۆنسووڵ و نوێنەری چەندین وڵات ئەمڕۆ لە پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کۆبوونەوە و "دەستخۆشییان لە کاراکردنەوەی پەرلەمان کرد".
سەرۆکی پەرلەمان لەبارەی کاراکردنەوەی پەرلەمان رایگەیاند، "کاراکردنەوەکە دژی هیچ کەس و لایەنێک نییە" و داوایشی لە هەموو فراکسیۆنەکان کرد "بگەڕێنەوە پەرلەمان و ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن".
فراکسیۆنی یەکێتی بەشداری لە کۆبوونەوەی دوێنێی پەرلەماندا نەکرد، سەرکردایەتیی یەکێتی ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی لەبارەی کاراکردنەوەی پەرلەمان کرد و تاوەکو ئێستا هیچ راگەیێندراوێکیان بڵاونەکردووەتەوە.
