رووداو دیجیتاڵ
بەیانیی ئەمڕۆ، زیاتر لە 250 شۆفێری بارهەڵگر لە بازگەی دارەمان لەسەر رێگەی سەرەکیی کەرکووک-هەولێر، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا و بۆ ماوەی چەند کاژێرێک رێگەکەیان بە دانانی بەرد و تایە داخست. هۆکاری سەرەکیی ناڕەزایەتییەکە، بڕیارێکی نوێی بازگەکەیە کە هەموو بارهەڵگرەکان، تەنانەت ئەوانەشی کە کەلوپەلی بیناسازیی نێوخۆیی دەگوازنەوە، ناچار دەکات بچنە ژێر پشکنینی سۆنەرەوە.
شۆفێرەکان دەڵێن، ئەم رێکارە نوێیە بووەتە هۆی دروستبوونی نۆرەی درێژ و چاوەڕوانیی چەندین کاژێری، کە کاری رۆژانەیانی پەکخستووە.
محەممەد عەباس، یەکێک لە شۆفێرە ناڕازییەکان، لە بەرنامەی (بەرپرسیار)ـی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، گوتی: "پێشتر رۆژانە دوو بۆ سێ کاروانمان دەکرد، بەڵام ئێستا بەهۆی سۆنەرەوە بە سەد کێشە و شەڕە نۆرە، تەنیا یەک کاروانمان بۆ دەکرێت." ئەو باسی لەوە کرد کە بەیانیی زوو لە کاژێر 6:20ـەوە لە بازگەکە بووە و تاوەکو 12:40ی نیوەڕۆ ئینجا توانیویەتی دەرباز بێت، ئەمەش بۆ بارێک کە نە قاچاخە و نە کێشەی هەیە.
زۆربەی ئەم شۆفێرانە چەو و لم و کەرەستەی بیناسازی لەنێوان ناوچەکانی شوان و ساڵەییەوە بۆ نێو شاری کەرکووک دەگوازنەوە و کاریان پەیوەندیی بە هاوردەکردنی کاڵای دەرەکییەوە نییە.
کێشەی بژێوی یەکێکی دیکەیە لە نیگەرانییەکان. بە گوتەی محەممەد عەباس، 75%ی شۆفێرەکان، بارهەڵگرەکان هی خۆمان نییە و بە کرێ کار دەکەن. "ئەگەر رۆژانە تەنیا یەک بار بە 10 هەزار دینار بگوازینەوە، چی بۆ ماڵ و منداڵمان ببەینەوە؟"
بەرپرسانی ئەمنی و ئیداری باس لەوە دەکەن کە بڕیاری بەکارهێنانی سۆنەر بۆ هەموو بارهەڵگرەکان دوای ئەوە هاتووە کە چەندین حاڵەتی قاچاخچێتیی مرۆڤ، بەتایبەت گواستنەوەی کرێکاری بیانی، لەڕێگەی ئەو بارهەڵگرانەوە ئاشکرا بوون کە پێشتر بە "بەتاڵ" تێدەپەڕین.
مازن غەریب، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، لە (بەرپرسیار) ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، وەزارەتی ناوخۆی عێراق بۆ رێگریکردن لەو کارە نایاساییانە بڕیاریداوە هەموو بارهەڵگرەکان بپشکنرێن. ئەو گوتی، "چارەسەری بنەڕەتی، جێبەجێکردنی سیستمی ئەلیکترۆنیی گومرگی (ئەسیکۆدا)یە لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، کە تاوەکو ئێستا رێککەوتنی لەسەر نەکراوە."
د. عومەر مامۆ، ئەندامی ئەنجوومەنی ژووری بازرگانیی کەرکووک، کێشەی بازگەکانی لە (بەرپرسیار) بە "نەخۆشییەکی درێژخایەن" ناودەبرد و چارەسەرێکی خێراتری پێشنیاز کرد. ئەو دەڵێت، "بڕیار دەرچووە و کاری تێدا دەکرێت کە بازگەی دارەمان بۆ ناوچەی پردێ و بازگەی چیمەنیش بۆ بانی مەقان بگوازرێنەوە. ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی بارهەڵگرە نێوخۆییەکان لەو قەرەباڵخییە رزگاریان بێت."
تاوەکو ئەو کاتەی چارەسەرێکی هەمیشەیی بۆ کێشەکە دەدۆزرێتەوە، شۆفێرانی بارهەڵگر لە کەرکووک رۆژانە رووبەڕووی چاوەڕوانییەکی درێژ و کەمبوونەوەی داهاتیان دەبنەوە، لەکاتێکدا ئەوان تەنیا داوای جیاکردنەوەی رێکارەکان دەکەن بۆ ئەو بارانەی کە لە چوارچێوەی سنووری پارێزگاکەدا دەیگوازنەوە.
.jpeg&w=3840&q=75)
