رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێ، ئەمڕۆ شەممە نمە باران و بارانی مامناوەند دەبارێ، لە دوای نیوەڕۆیشەوە لە بەشێکی ناوچەکان بارانی بەلێزمە و هەورە برووسکە دەبێت. کەشناسێکیش هۆشداری لە دروستبوونی لافاو دەدات.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە 07-11-2026 بڵاویکردەوە، "لە دوای نیوەڕۆوە لە هەندێک ناوچەی هەرێمی کوردستان بارانی بەلێزمە و هەورە برووسکە دەبێ، بە تایبەت لە سنووری پارێزگای سلێمانی و سەنتەری پارێزگای هەولێر ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و بەشێک لە باشووری رۆژهەڵاتی پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، "شەپۆلەکە تاوەکو درەنگانی ئەمشەو بەردەوام دەبێت."
سەبارەت بە کەشوهەوای سبەی یەکشەممە، کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێ، "ئاسمان هەور دەبێت و نمە باران و بارانی مامناوەند بە شێوەی پچر پچر لە زۆربەی ناوچەکان تاوەکو کاتەکانی ئێوارە بەردەوام دەبێت. پاشان کەشوهەوا جێگیر دەبێت و ئاسمان بۆ نیمچە هەور دەگۆڕدرێ."
ئەمڕۆ شەممە بەراورد بە دوێنی پلەی گەرما چوار بۆ پێنج پلەی سیلیزی دادەبەزێ و بەمشێوەیە دەبێت:
هەولێر: 18 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 16 پلەی سیلیزی
دهۆک: 16 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 18 پلەی سیلیزی
پیرمام: 15 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ: 18 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 16 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 21 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 8 پلەی سیلیزی
هەر ئەمڕۆ شەممە، پشتیوان پێنجوێنی، شارەزای کەشناسی بە رووداوی راگەیاند، "لەو شەپۆلە بارانبارینەی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، پێشبینیی دەکرێ لە زۆربەی ناوچەکان نزیکەی 80 بۆ 100 ملم باران ببارێ."
ئەو کەشناسە گوتی، "لە ئێوارەی ئەمڕۆوە لێزمەباران، تەرزە و هەورە برووسکە زۆربەی ناوچەکان دەگرێتەوە و ئەگەری درووستبوونی لافاو لە پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و ئیدارەی راپەرین هەیە."
لە بارەی کاتی کۆتایهاتنی شەپۆلەکە، ئەو کەشناسە روونی کردەوە، "شەپۆلەکە تاوەکو بەرەبەیانی رۆژی دووشەمە بەردەوامە دەبێت، بەڵام سبەی یەکشەممە کاریگەرییەکەی لاواز دەبێت و بارانی بەلێزمە دەگۆڕدرێ بۆ بارانی مامناوەند و پچڕ پچڕ."
.jpg&w=3840&q=75)


