رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی نالەباریی کەشوهەوا و بەردەوامیی شەپۆلی بارانبارین، سبەی لە سەرجەم قوتابخانەکان و باخچەکانی ساوایان لە پارێزگای کەرکووک دەوام رادەگیرێت و دەکرێتە پشوو.
لە راگەیێندراوێکدا رێبوار تەها، جێگری پارێزگاری کەرکووک رایگەیاندووە: "بەهۆی بارودۆخی ئێستای کەشوهەوا و لەسەر بنەمای راپۆرتەکانی بەڕێوەبەرایەتیی سەرچاوەکانی ئاو و دەستەی کەشناسی کە جەختیان لە بەردەوامیی کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆ لەسەر کەرکووک و دەوروبەری کردووەتەوە، بڕیارماندا سبەی لە سەرجەم قوتابخانەکان و باخچەکانی ساوایاندا بکرێتە پشووی فەرمی."
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەم بڕیارە لە پێناو پاراستنی سەلامەتیی گیانی فێرخوازان، قوتابیان و منداڵانە، بەتایبەتی لە سنووری گوندەکان و ناوچە کشتوکاڵییەکاندا، هاوکات فەرمانگە خزمەتگوزارییە پەیوەندیدارەکانیش خراونەتە حاڵەتی ئامادەیی تەواوەوە بۆ بەهاناوەچوون و راپەڕاندنی ئەرکەکانیان.
لە راگەیێندراوەکەدا، هۆشداری بە هاووڵاتییان دراوە و هاتووە: "داوا لە هاووڵاتییانی کەرکووک دەکەین، بەتایبەت ئەوانەی لە ناوچەکانی نزیک لە رێڕەوی رووباری زێی بچووک و ئەو شوێنانەدا دەژین کە مەترسیی دروستبوونی لافاویان لێدەکرێت، لەو شوێنانە دووربکەونەوە بۆ پاراستنی سەلامەتیی خۆیان."
هەروەها داوا لە شۆفێرانی بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلەکان کراوە کە لە کاتی هاتووچۆکردنیان لەسەر رێگە سەرەکی و دەرەکییەکان، ئەوپەڕی وریایی بنوێنن و خێراییەکانیان کەمبکەنەوە تاوەکو لە رووداوی نەخوازراو بەدوور بن.
.webp&w=3840&q=75)

