رووداو دیجیتاڵ مۆڵەتی کارکردنی کۆمپانیای نەوتی تورکیا بۆ گەڕان بەدوای نەوت لە پارێزگای مێردینی باکووری کوردستان تاوەکو ساڵی 2028 درێژکرایەوە. وەزارەتی وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا بڕیاری دا کاتی گەڕان بۆ کۆمپانیای نەوتی تورکیا لە پارێزگای مێردین تاوەکو 22ـی تشرینی یەکەمی 2028 درێژ بکاتەوە. بڕیارەکە لە رۆژنامەی فەرمیی تورکیا بڵاوکرایەوە و تێیدا هاتووە کە لەسەر داوای کۆمپانیای نەوتی تورکیا، ماوەی مۆڵەتی گەڕان بەدوای نەوت لە سنووری ئەو پارێزگایە درێژکراوەتەوە. بەپێی ئەم بڕیارە، کۆمپانیای نەوتی تورکیا لە کێڵگەیەکی نەوت کە رووبەرەکەی 38 هەزار و 438 هێکتارە کارەکانی بۆ گەڕان بە دوای نەوت درێژە پێدەدا. ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی تورکیادایە بۆ زیادکردنی چالاکییەکانی گەڕان و پشکنین بەدوای سەرچاوەکانی وزە لە باکووری کوردستان و تورکیا. کۆمپانیای نەوتی تورکیا، کۆمپانیای نیشتمانی و سەرەکیی تورکیایە بۆ گەڕان، لێدان و بەرهەمهێنانی نەوت کە لەساڵی 1954 دامەزراوە. ئەو کۆمپانیایە جگە لە مێردین، لە پارێزگاکانی باتمان، سەمسوور، شرنەخ، ئامەد و لە سنوورە دەریاییەکانی دەریای رەش و دەریای سپی نێوەڕاست، کاری گەڕان بۆ دۆزینەوەی نەوت و گازی سرووشتی دەکات. جگە لە نێوخۆی تورکیا، لە ئازەربایجان، عێراق و چەندین کێڵگەی دیکەی نێودەوڵەتیدا پڕۆژە و هاوبەشی هەیە.