رووداو دیجیتاڵ
بارینی بەفر و دروستبوونی تەمومژی خەست، رێگەی ملەی تەتەی لە نێوان شارەکانی مەریوان و پاوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان داخست؛ بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبانی پارێزگای سنەش رایدەگەیێنێت، تاوەکو کاتێکی نادیار هاتووچۆ لەو رێگەیە قەدەخەیە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ی تشرینی دووەمی 2026، رامین مەحموودی، جێگری بەڕێوەبەری رێگەوبانی پارێزگای سنە رایگەیاند: "بەهۆی بارینی بەفر و نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتی، لەوانە کەمبوونەوەی مەودای بینین بەهۆی تەمومژی زۆر و بەردەوامیی بەفربارین، بڕیاردرا بە داخستنی تەواوەتیی ملەی تەتە لەسەر رێگەی سەرەکیی نێوان پاوە و مەریوان تاوەکو ئاگادارکردنەوەیەکی دیکە."
جێگری بەڕێوەبەری رێگەوبانی سنە داوای لە شۆفێران و دانیشتووانی ناوچەکە کرد کە رێگەی جێگرەوە بەکاربهێنن و گوتی: "هاووڵاتییان دەتوانن لە رێگەی (سەوڵاوا - هەجیج - هەورامان - ژاڵانە)ـوە هاتووچۆ بکەن؛ کردنەوەی ملەی تەتەش بەندە بە سەقامگیربوونی کەشوهەوا و دڵنیابوونەوە لە سەلامەتیی رێگەکە بۆ شۆفێران."
ملەی تەتە یەکێکە لە سەختترین و بەرزترین رێگە شاخاوییەکان کە هەردوو پارێزگای سنە و کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان پێکەوە دەبەستێتەوە و ساڵانە لە وەرزی سەرما و بەفردا بەهۆی رەهێڵە و کڕێوەوە، بۆ ماوەی چەندین مانگ بەڕووی هاتووچۆدا دادەخرێت.
لە کۆی رێگەی ملەی تەتە، چوار کیلۆمەتری دەکەوێتە سنووری ئیداریی پارێزگای سنە و 17 کیلۆمەتریشی لە سنووری پارێزگای کرماشان هەڵکەوتووە.

