رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری دادپزیشکی پارێزگای سنە دەڵێ، لە شەش مانگی رابردوودا 28 کەس لەو پارێزگایە لە ئاودا خنکاون، بەراورد بە هەمان ماوەی پار سێ بەرامبەر زیاترە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ی تشرینی دووەمی 2026، بەهزاد غەزەنفەریپوور، بەڕێوەبەری دادپزیشکی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاماری رووداوەکانی خنکان بە ئاو و گاز، سووتان و شۆرتی کارەبای بڵاوکردەوە.
بەڕێوەبەری دادپزیشکی سنە رایگەیاند، لە 2026-03-21ـەوە تاوەکو 21-09-2026، 28 کەس لە رووبار و بەنداوەکانی پارێزگاکەدا خنکاون کە 21یان پیاو و 7ی دیکەیان ژن بوون.
بە گوتەی بەهزاد غەزەنفەریپوور، هەر لەو ماوەیەدا چوار هاونیشتمانی بەهۆی شۆرتی کارەبا و دوو کەسی دیکەش بەهۆی ژەهراویبوون بە گازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن گیانیان لەدەستداوە.
بەڕێوەبەری دادپزیشکی پارێزگای سنە، لەو شەش مانگەدا 11 هاونیشتمانی بەهۆی سووتانی جەستەیانەوە گیانیان لەدەستداوە، کە حەوت کەسیان پیاو و چوار کەسی دیکەیان ژن بوون.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، پار لە هەمان ماوەدا لە پارێزگای سنە نۆ هاونیشتمانی لە ئاودا خنکابوون؛ هەروەها 23 کەس بەهۆی سووتان، پێنج کەس بە شۆرتی کارەبا و شەش کەس بە گازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن گیانیان لەدەستدابوو.

.webp&w=3840&q=75)
