رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی کەرکووک دەستگیرکردنی حەوت تۆمەتباری لەسەر رووداوی تەقەکردن و کوژرانی دوو کەس لە شەقامی کۆرنیش راگەیاند؛ گوتەبێژی پۆلیسی شارەکەش دەڵێت، هۆکاری سەرەکیی رووداوەکە کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بووە لەسەر بابەتی ژنخوازی.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ـی تشرینی دووەمی 2026، عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێنجشەممەی رابردوو، لەسەر شەقامی کۆرنیش لە شاری کەرکووک، دوو کەس بە دەستڕێژی گوللـە کوژران؛ دەستبەجێ پەڕاوی لێکۆڵینەوە کرایەوە و لە ئەنجامدا شەوی رابردوو و ئەمڕۆ توانرا حەوت تۆمەتبار دەستگیربکرێن."
سەبارەت بە تۆمەتبارەکان و پاڵنەری تاوانەکە، عامر شوانی روونیکردەوە: "لە نێو دەستگیرکراوەکاندا سێ کەسیان بریندارن و سەرجەمیان تەمەنیان لە سەرووی 18 ساڵییەوەیە. کێشەکەش بەهۆی پرسێکی کۆمەڵایەتی و لەسەر بابەتی ژنخوازی دروستبووە."
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک ئاماژەی بەوەش کرد، بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی (کوشتنی بەئەنقەست) لێکۆڵینەوە لەگەڵ تۆمەتباراندا دەستیپێکردووە، گوتیشی: "لایەنەکانی بەشدار لەم شەڕەدا سەر بە هەردوو پێکهاتەی عەرەب و تورکمانن."



