رووداو دیجیتاڵ
لە راگەیێندراوێکدا، کۆمپانیای دانەگاز دەڵێت، بە هاوکاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق سەرقاڵی ئاساییکردنەوەی دۆخەکەن و تاوەکو هەڵسەنگاندن بۆ زیانەکان نەکرێت، بەرهەمهێنانی گاز دەستپێناکاتەوە.
شەوی رابردوو هێرش کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ. بەهۆیەوە ئاگر لە کێڵگەکە کەوتەوە و کۆمپانیای دانەگازیش بەرهەمهێنانی گازی بە شێوەیەکی کاتی راگرت، ئەمەش کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر کەمبوونەوەی کاژێرەکانی پێدانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان داناوە.
لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ دووشەممە (9ـی تشرینی دووەمی 2026) بڵاویکردووەتەوە، کۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی پشتڕاستی کردەوە کە شەوی 8ـی مانگ، کێڵگەی کۆرمۆر رووبەڕووی هێرشێک بووەتەوە کە گومان دەکرێت بە درۆن ئەنجام درابێت. کۆمپانیاکە رایگەیاند: "ئاگرەکە کوژێندراوەتەوە و هیچ زیانێکی گیانی بەر کارمەندان نەکەوتووە. بەڵام لە کاتێکدا هەڵسەنگاندن بۆ زیانەکان دەکرێت، بەرهەمهێنان بە راگیراوی دەمێنێتەوە."
دانەگاز ئاماژەی بەوەش کردووە کە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخەکە، لە هەماهەنگیی نزیکدایە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتدارانی فیدراڵی، کە پاڵپشتییەکی بەهێزیان بۆ کۆمپانیاکە نیشان داوە.
لەلایەکی دیکەوە، هەردوو وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا ئاماژەیان بەوە کردووە کە هێرشەکە کاژێر 11:00ـی شەو کراوە و بە "کردەوەیەکی تیرۆریستی" وەسفیان کردووە. هەردوو وەزارەتەکە دڵنیایی دەدەن کە لە هەوڵدان بۆ ئەوەی هێرشەکە کەمترین کاریگەریی لەسەر کاتەکانی پێدانی کارەبا هەبێت و بە زووترین کات بارودۆخەکە ئاسایی ببێتەوە.
سەبارەت بە زیانەکان و شوێنی ئاراستەکردنی هێرشەکە، سەرچاوەیەک لە کێڵگەی کۆرمۆرەوە بە پێشەوا بەختیار، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند کە هێرشەکە بەر ناوچەی کۆگاکان و بەشی بارکردنی بارهەڵگرەکان (Truck Loading) کەوتووە و بەهۆیەوە ئاگر کەوتووەتەوە. هاوکات سەرچاوەیەکی ئەمنی ئاشکرای کرد کە بەپێی بەدواداچوونە سەرەتاییەکان، ئاراستەی هێرشەکە لە سنووری قەزای خورماتووەوە بووە.
کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکەوێتە شارەدێی قادرکەرەم لە سنووری قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی، و لەلایەن کۆمپانیای دانەگاز و هاوبەشەکانییەوە بەڕێوەدەبردرێت. ئەم کێڵگەیە شادەماری وزەی هەرێمی کوردستانە و سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردنی گازی سرووشتییە بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەولێر، چەمچەماڵ و بازیان، کە زۆربەی کارەبای هەرێم دابین دەکەن.



