رووداو دیجیتاڵ
بڕیاری دەستبەسەرکردنی پێنج کەس لەو حەوت هاونیشتمانییەی سەقز درێژکرایەوە کە مانگێک لەمەوپێش دەستگیرکرابوون. رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن، هەر پێنجیان ژینگەپارێز و ئەندامی گرووپەکانی شاخەوانین.
بەگوێرەی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو کە لەبارەی رووداوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە چالاکە، دوێنێ یەکشەممە 09-11-2026، دادگەی تاوانەکانی سەقز لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بڕیاری راگرتنی پێنج هاونیشتمانیی بە ناوەکانی محەممەدساڵح حوسێنی، محەممەد حەکیم پوور، مستەفا قادری، خالید رەحیمی و حوسێن عەبدوڵڵاهی بۆ 30 رۆژ درێژ کردەوە کە پێشتر 9ـی تشرینی یەکەم، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکانی خۆیاندا دەستبەسەر کرابوون.
هەر 9ـی تشرینی یەکەم، دوو هاونیشتمانیی دیکەی خەڵکی سەقز بە ناوەکانی عەبدوڵڵا ئەمینی و رەحیم حەق پەرست لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکران، بەڵام دواتر بە دانانی دەستەبەری بەشێوەی کاتی ئازاد کران.
بەگوێرەی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرجەم دەستگیرکراوان ئەندامی گرووپەکانی شاخەوانیی (هەڵۆ) و (چیای سەوزی سەقز)ـن و لە بواری ژینگەپارێزییەوە چالاکن.
سەرەڕای تێپەڕینی مانگێک، تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردنیان بڵاونەکراوەتەوە و هەر پێنجیان لە زیندانی ناوەندیی سەقز راگیراون.



