رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ، باس لەوە دەکرێ درۆنەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای خورماتووەوە ئاراستە کرابێت، بەڵام چاوەڕێی راپۆرتی فەرمیی لیژنەی لێکۆڵینەوە دەکەن بۆ یەکلاییکردنەوەی شوێنی هێرشەکە.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 9ـی تشرینی دووەمی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "باس لەوە دەکرێ درۆنەکە لە سنووری قەزای خورماتووەوە ئاراستە کراوە، بەڵام ئەم زانیارییە تاوەکو ئێستا بە فەرمی پشتڕاست نەکراوەتەوە و چاوەڕوانی ئەنجامی کارەکانی ئەو لیژنەیەی لێکۆڵینەوە دەکەین کە بە فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان پێکهێندراوە."
هێرشەکە کاژێر 23:10ـی یەکشەممە، 8ی ئەم مانگە کرا و کێڵگەی گازی کۆرمۆری لە قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی کردە ئامانج. بەهۆیەوە ئاگر لە کێڵگەکە کەوتەوە و کۆمپانیای دانەگازیش بەرهەمهێنانی گازی بە شێوەیەکی کاتی راگرت، ئەمەش کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر کەمبوونەوەی کاژێرەکانی پێدانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان داناوە.
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، فەرمانی کرد بە پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی هاوبەش لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان بۆ "بەدواداچوونی ورد" لەبارەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە سنووری پارێزگای سلێمانی.
یاسین محەممەد عەلی، نوێنەری قەزای خورماتوو لە ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئێستا روون نییە کێڵگەی کۆرمۆر لە چ شوێنێکەوە کراوەتە ئامانج و یەکلاییکردنەوەی ئەو بابەتە لە ئەستۆی لیژنەی لێکۆڵینەوەیە، هەرچەندە لە رابردوودا چەندین جار لە سنووری نێوان داقووق و خورماتووەوە هێرش کراوەتە سەر کۆرمۆر."
قەزای خوورماتوو دەکەوێتە سنووری پارێزگای سەلاحەدین و ناوچەیەکی کێشەلەسەرە، گرووپە چەکدارەکان هەژموونێکی زۆریان لە ناوچەکەدا هەیە.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین رەخنەی لە نەبوونی رێکاری پێویست گرت و گوتی: "لە هێرشەکانی رابردوویشدا لێکۆڵینەوە کراوە و لیژنەکان گەیشتوونەتە ئەنجام، بەڵام هیچ رێکارێکی پێویست و کردەیی نەگیراوەتەبەر بۆ رێگری لە دووبارەبوونەوەیان."
هاوکات سروە محەممەد، نوێنەری سنووری گەرمیان لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ لیژنەی لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر دەستبەکار دەبێت. ئەمە یەکەمجار نییە پەلاماری ئەو کێڵگەیە دەدرێت."
ئەو پەرلەمانتارە باسی لە لێکەوتە نەرێنییەکانی هێرشەکە کرد و گوتی: "ئەم پەلامارە زیانگەیاندنە بە شادەماری ئابووریی هەرێمی کوردستان و هەموو عێراقیش، بەو پێیەی بەشێکی زۆری وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە کەرکووک و ناوچەکانی دیکە لە رێگەی گازی کۆرمۆرەوە دابین دەکرێن، ئەمە وێڕای کارەبای هەرێمی کوردستان."

.jpg&w=3840&q=75)
.jpeg&w=3840&q=75)
