رووداو دیجیتاڵ
فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق هێرشێکی ئاسمانییان کردە سەر دۆڵی زغێتونی باشووری رۆژهەڵاتی شاری حەویجەی پارێزگای کەرکووک. نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێ، سێ چەکداری داعش و توونێلێکیان کراونەتە ئامانج.
نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەسەر بنچینەی زانیاریی هەواڵگریی وردی بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازی و بە هاوئاهەنگی سەنتەری چاودێری و هەواڵگریی ئاسمانی، جموجووڵی سێ چەکدار لە سنووری ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک و بە دیاریکراوی لە ناوچەی دۆڵی زغێتون دیاری کرا.
بەپێی راگەیێندراوەکە، کاژێر 12:21ـی دوای نیوەڕۆی رۆژی دووشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2026، فڕۆکە جەنگییەکان لە جۆری F-16 هێرشێکی ئاسمانیی وردیان کردە سەر ئامانجە دەستنیشانکراوەکان.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، لە هەمان ناوچەدا چاودێریی توونێلێکی چەکدارانی داعش کراوە و کاژێر 01:30ـی پاشنیوەڕۆ بۆردوومان کراوە و بە تەواوی وێران کراوە.
14ی تشرینی یەکەمی 2026 و لە ئۆپەراسیۆنێکی گەڕان و پشکنیندا لە ناوچەی دۆڵی زغێتون، بۆمبێکی چێندراو بە ھێزەکانی یەکەی 11ی پیادەی سەربە سوپادا تەقیەوە و لەئەنجامدا فەرماندەی پەیوەندییەکانی یەکەکە بەناوی ئاھات یاسر و سەربازێک بە ناوی موعتەز عەباس کوژران.
.jpg&w=3840&q=75)
.jpeg&w=3840&q=75)

