رووداو دیجیتاڵ
لە سەمینارێکی تایبەتدا کە ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو لە شاری هەولێر بۆی رێکخستبوو، عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن (دێڤا) باسی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و ئەنقەرە، هەولێر و بەغدا، پێشهاتەکانی ناوچەکە و پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا کرد. عەلی باباجان ستایشی هەڵوێستی سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستانی کرد لە پشتیوانیکردنی پرۆسەی چارەسەری و بە "گرنگ" ناویبرد.
عەلی باباجان باسی لە دەستپێکردنی پرۆسەی چارەسەریی ئەمجارە بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لە 01-10-2025 کرد و دواتریش لەبارەی هەڵوێستی سەرکردایەتیی سیاسیی کورد کرد و گوتی: "لە یەکەم رۆژی دەستپێکردنی ئەم پرۆسەیەوە، پشتیوانی و هەڵوێستی جەنابی بەڕێز مەسعود بارزانی، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی و بەڕێز مەسرور بارزانی زۆر بەنرخ بووە. چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە چوار دەیەییە بەبێ هاوئاهەنگی و هاوکاریی ناوچەیی سەرکەوتوو نابێت؛" ئاماژەی بەوەش کرد کە دانانی چەک لەسەرخۆ بەڕێوەدەچێت، بەڵام ئەگەر ئەم پرۆسەیە لە تورکیا سەربکەوێ، دەبێتە مۆدێل و ئیلهامبەخش بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی گرووپە چەکدارەکانی دیکەی ناوچەکە، بەتایبەت لە نێوخۆی عێراق.
جیاکردنەوەی مافە بنەڕەتییەکان لە مەلەفی چەکدانان
باباجان ئاماژەی بەوە کرد کە پارتی دێڤا لە یەکەم رۆژی دامەزراندنییەوە لە نزیکەی شەش ساڵ لەمەوبەر، دانی بە بوونی کێشەی کورد لە تورکیادا ناوە و چارەسەریشی تەنیا بە سیاسەتی دروست و دیموکراسی زانیوە.
عەلی باباجان هێڵی جیاکەرەوەی لەنێوان پرسی ماف و بابەتی چەکدا کێشا و گوتی، پێویستە کار بۆ چارەسەرکردنی هەردووکیان بکرێ، بەڵام ناکرێ مافە مرۆیی، کولتووری و دەستوورییەکان وەک کەرەستەی بازرگانی و مامەڵەی سیاسی بەکاربهێندرێن.
سەرۆکی پارتی دێڤا گوتی"ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان، هاووڵاتیبوونی یەکسان و شکۆی مرۆڤ ناخرێنە دەنگدانەوە و نابێت مەرجدار بکرێن. دەبێت پرۆسەی چەکدانان لە رێگەی مۆدێلی زانستیی چارەسەری ناکۆکییەکانەوە لە هێڵێکی تایبەتدا بەڕێوەبچێت و مافە بنەڕەتییەکانیش لە هێڵێکی سەربەخۆدا جێبەجێ بکرێن تاوەکو دیموکراسییەکی راستەقینەی فرەیی بەدی بێت کە تێیدا ماف پارێزراو بێت."
پشتیوانیی بێ مەرج بۆ پرۆسەی چارەسەری و یاسای چوارچێوە
سەبارەت بە هەوڵەکانی دەسەڵات بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری، باباجان رایگەیاند کە دوای لێدوانەکەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لە تشرینی یەکەمی 2025، دێڤا یەکەمین پارتی سیاسی بوو کە پێش ئاکپارتی پشتیوانیی خۆی راگەیاند.
عەلی باباجان گوتیشی، هەرچەندە ئەم رێگەیە سەخت و پڕ لە تەگەرەیە، بەڵام ئەگەر تەنیا 5%یش ئەگەری سەرکەوتنی هەبێت، دەبێت سەرجەم هێزە سیاسییەکان پاڵپشتی بکەن تاوەکو وڵاتەکە لە شەڕێک رزگاری بێت کە دەیان هەزار مرۆڤی تێدا لەدەستچووە و ترلیۆنان دۆلار زیانی ئابووریی لێکەوتووەتەوە.
عەلی باباجان تێپەڕبوونی پڕۆژەیاسای پڕۆسەی چارەسەری بە 467 دەنگ لە پەرلەمانی تورکیا بە کۆدەنگییەکی مێژوویی ناوبرد و گوتیشی پەرلەمانتارانی پارتەکەی، لەوانە محەممەد ئەمین ئەکمەن لە کۆمسیۆنی 51 کەسی بە ئەزموونی خۆیان رۆڵی سەرەکییان لە داڕشتنی ئەو بناخە یاساییەدا گێڕا.
جەنگی ئێران و رەخنەگرتن لە ئیسرائیل
دۆسییە ئاڵۆزییە هەرێمییەکان و جەنگی ئێران تەوەرێکی دیکەی سەمینارەکەی سەرۆکی پارتی دێڤا بوو. عەلی باباجان ستایشی سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستانی کرد کە هەر لە سەرەتای جەنگی بە وریاییەوە هەنگاویان نا و رێگرییان لە کێشکردنی هەرێمی کوردستان بۆ نێو ئەو جەنگە گرت.
سەرۆکی پارتی دێڤا، کە پێشتر لە تورکیادا وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆکوەزیرانیش بووە، رایگەیاند، جەنگ هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات و دەبێت رێگری لە گەورەتربوونی بکرێ؛ هاوکات رەخنەی تووندی لە بنیامین نەتەنیاهوو گرت و گوتی، سیاسەتەکانی ئیسرائیل لە غەززە، لوبنان و سووریا لە چوارچێوەی ئاسایشی خۆیدا نین، بەڵکو هەنگاوی "داگیرکاریی پەڕگیرانەن" و هۆشداریشی دا لەوەى هیچ وڵاتێک ناتوانێت بە ناسەقامگیرکردنی دەوروبەری خۆی ئاسایش بۆ خۆی دەستەبەر بکات.
پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان: بەغدا ناتوانێت جێگەی هەولێر بگرێتەوە
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە پەیوەندییە بازرگانییەکان و پڕۆژەی ستراتیژیی رێگەی گەشەپێدان، باباجان رایگەیاند کە هەرێمی کوردستان ناوەندێکی ئابووریی گرنگە و نابێت لەم پڕۆژەیەدا بە هیچ شێوەیەک پەراوێز بخرێت.
باباجان رەتیکردەوە کە بەغدا بتوانێت جێگەی هەولێر بگرێتەوە و گوتی، "لە روانگەی ئابوورییەوە بەغدا گرنگە و هەولێریش گرنگە، بۆیە لەبری ئەوەی یەکێکیان بکەینە جێگرەوەی ئەوی دیکە، دەبێت پرۆژەکە هەردوولا لەخۆبگرێ تاوەکو هەمووان پێکەوە سوودمەند بن." هاوکات دیدگەی خۆی بۆ ئایندەی ناوچەکە خستەڕوو کە تێیدا سنوورەکان تەنیا هێڵێکی کارگێڕی بن، نەوەک بەربەست لە بەردەم هاتووچۆی هاووڵاتییان، کاڵا و سەرمایە، بە جۆرێک بارهەڵگرێک بتوانێت بەبێ کۆسپ لە بەسرەوە بە هەولێر و ئیستەنبووڵدا بەرەو ئەورووپا بڕوات.
عەلی باباجان بە گرنگی زانی ناکۆکییە دارایی و سیاسییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، هەروەها "جیاوازیی تێڕوانین لەنێوان هەولێر و سلێمانی نەمێنێ"، چونکە سەقامگیریی سیاسی دەبێتە زەوینەساز بۆ وەبەرهێنان، گەشتیاری و پیشەسازی تاوەکو ئابووریی ناوچەکە لە پشتبەستن بە نەوت رزگار بکرێ و خۆشگوزەرانی بۆ تەواوی هاووڵاتییان مسۆگەر ببێت.

