رووداو دیجیتاڵ
رەشنووسی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2027، قەبارەی خەرجییەکانی بە زیاتر لە 217 تریلیۆن دینار و کورتهێنانیش بە زیاتر لە 42 تریلیۆن دینار دەخەمڵێنێت. لەو بودجەیەدا پشکی هەرێمی کوردستان 12.7% دیاریکراوە کە دەکاتە زیاتر لە 12 تریلیۆن و 859 ملیار دینار، بەڵام ناردنی پارەکە بە رادەستکردنی نەوت، داهاتی نانەوتی، گازی زیادە و پاکتاوکردنی قەرزەکانەوە بەستراوەتەوە.
بەگوێرەی دەقی رەشنووسی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی کۆماری عێراق بۆ ساڵی دارایی 2027 کە کۆپییەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، کۆی گشتیی خەرجییەکان بریتییە لە 217 تریلیۆن و 248 ملیار و 50 ملیۆن و 761 هەزار دینار و داهاتە خەمڵێندراوەکانیش 175 تریلیۆن و 86 ملیار و 693 ملیۆن دینارە؛ بەوەش کورتهێنانی بودجە دەگاتە زیاتر لە 42 تریلیۆن و 161 ملیار دینار.
پشکی هەرێمی کوردستان چەندە و چۆن دابەشکراوە؟
بەپێی بڕگەی یەکەمی مادەی 10ـی پرۆژەیاساکە، پشکی هەرێمی کوردستان بە رێژەی (12.7%)ـی کۆی گشتیی خەرجیی راستەقینە (حاکیمە، بەکارخستن و وەبەرهێنان) دیاریکراوە، ئەوەش دوای دەرهێنانی خەرجییە سەروەرییەکان.
کۆی گشتیی تەرخانکراو بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بە 12 تریلیۆن و 859 ملیار و 389 ملیۆن و 118 هەزار دینار دانراوە و بەم شێوەیە دابەشکراوە:
خەرجیی بەکارخستن (مووچە و خەرجییەکانی دیکە) : 12 تریلیۆن و 358 ملیار و 368 ملیۆن و 920 هەزار دینار.
خەرجیی وەبەرهێنان (پڕۆژەکان) : 501 ملیار و 20 ملیۆن و 198 هەزار دینار.
7 مەرج و پابەندبوونەکانی هەرێمی کوردستان لە مادەی 10ـدا
مادەی 10ـی پرۆژەیاساکە بە وردی مەرج و شێوازی ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان و پاکتاوکردنی حساباتەکانی نێوان هەولێر و بەغدای دیاریکردووە:
یەکەم: پاکتاوکردنی شایستەکانی 22 ساڵی رابردوو:
شایستە داراییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵانی (2004 تاوەکو 2026) کە بڕەکەی 9 تریلیۆن و 329 ملیار دینارە، لە ماوەی 7 ساڵدا پاکتاو دەکرێن.
دووەم: دانەوەی قەرزەکانی بانکی (TBI):
ئەو بڕە پارەیەی لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لای بانکی بازرگانیی عێراق (TBI) و بانکە حکومی و تایبەتەکان کە بڕەکەی 3 تریلیۆن و 446 ملیار دینارە، لە ساڵی 2027ـەوە بە قیستی مانگانە لە پشکی هەرێمی کوردستان دەبڕدرێت و ماوەی دانەوەکەی 7 ساڵ دەبێت.
سێیەم: هەناردەکردنی 445 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە:
حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند کراوە بەوەی رۆژانە بڕێک کە لە 445 هەزار بەرمیل کەمتر نەبێت، لە رێگەی کۆمپانیای (سۆمۆ)ـوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکی بەبازاڕ بکات. لە ئەگەری راگرتن یان ئەستەمبوونی هەناردەکردنیشدا، دەبێت ئەو نەوتە رادەستی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بکرێت بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی.
چوارەم: رادەستکردنی داهاتی نانەوتی:
دەبێت هەرێمی کوردستان داهاتە نانەوتییەکان رادەستی گەنجینەی گشتیی دەوڵەت بکات و مانگانە لەلایەن هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە وردبینی بۆ داتاکان بکرێت.
پێنجەم: رادەستکردنی گازی زیادە:
حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە رادەستکردنی ئەو گازەی لە پێویستیی ناوخۆی هەرێمی کوردستان زیادە بە حکومەتی فیدراڵی؛ ئەگەر رادەستی نەکات، بەهاکەی لە پشکی هەرێمی کوردستان دەبڕدرێت.
شەشەم: قەدەخەکردنی گرێبەستی سەربەخۆی نەوت و گاز:
بە پشتبەستن بە بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدراڵی (15-2-2022)، نابێ حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ گرێبەستێکی وەبەرهێنان یان کارپێکردنی نەوت و گاز لەگەڵ کۆمپانیا بیانی و ناوخۆییەکان واژۆ بکات، تەنیا لە رێگەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵییەوە نەبێت.
حەوتەم: مەرجی خەرجکردنی پارەی مانگانە:
وەزارەتی دارایی عێراق مانگانە شایستەکانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت، بە مەرجێک بڕگەکانی نەوت، داهاتی نانەوتی و قیستی قەرزی TBI، جێبەجێ بکات و هەر سێ مانگ جارێک پاکتاوی ژمێریاری لە نێوان هەردوولادا بکرێت.
وێنە گشتییەکەی بودجەی 2027ـی عێراق
بێجگە لە پشکی هەرێمی کوردستان، گرنگترین ژمارەکانی دیکەی پرۆژەیاسای بودجەی 2027ـی عێراق بەم شێوەیەن:
داهاتەکان: لە کۆی 175.08 تریلیۆن دینار داهات، بڕی 146 تریلیۆن و 73 ملیار دیناری لە نەوتەوە دابین دەکرێت (127.02 تریلیۆن لە نەوتی هەناردەکراو و 19.05 تریلیۆن لە نەوتی پاڵاوگە ناوخۆییەکان) کە دەکاتە 83.4%ـی کۆی داهات، تەنیا 28.51 تریلیۆن دینار داهاتی نانەوتی و 500 ملیار دیناریش داهاتی کانزاکانە.
خەرجییەکان: کۆی خەرجی 217.24 تریلیۆن دینارە و بەسەر سێ کەرتدا دابەشبووە:
خەرجیی بەکارخستن: زیاتر لە 140.41 تریلیۆن دینارە؛ تەنیا 65 تریلیۆن و 614 ملیار دیناری بۆ مووچەی فەرمانبەرانە، 32.53 تریلیۆن دیناری بۆ چاودێریی کۆمەڵایەتی و 15.81 تریلیۆن دیناریش بۆ دانەوەی قەرزەکانە.
خەرجیی وەبەرهێنان: نزیکەی 34.89 تریلیۆن دینارە؛ لەو بڕە 13.05 تریلیۆن دیناری بۆ پڕۆژەکان، 10 تریلیۆن دیناری بۆ گەڕەکانی مۆڵەتپێدانی نەوت و گاز، 4.21 تریلیۆن دیناری بۆ رێککەوتننامەی چینی و 3.23 تریلیۆن دیناریش بۆ گەشەپێدانی پارێزگاکانە.
بودجەی بەرنامە و ئەدا: 41 تریلیۆن و 931 ملیار دینارە بۆ 6 دامەزراوە؛ پشکی شێری بەر وەزارەتی کارەبا کەوتووە بە 37 تریلیۆن و 734 ملیار دینار و وەزارەتی خوێندنی باڵاش 3 تریلیۆن و 389 ملیار دیناری بۆ دانراوە.
زۆرترین بودجەی وەزارەت و پارێزگاکان: لەسەر ئاستی وەزارەتەکان (دوای کارەبا)، وەزارەتی دارایی بە 42.28 تریلیۆن دینار، نەوت بە 18.15 تریلیۆن، پەروەردە بە 15.24 تریلیۆن و ناوخۆ بە 15.17 تریلیۆن دینار زۆرترین بودجەیان هەیە. لەسەر ئاستی پارێزگاکانیش، بەسڕە بە 2.59 تریلیۆن دینار یەکەمە و بەغداش بە 1.35 تریلیۆن دینار لە پلەی دووەمدایە.
دەقی مادەی 10 کە تایبەتە بە هەرێمی کوردستان
یەکەم: پشکی هەرێمی کوردستان بە رێژەی (12.7%) لە کۆی گشتیی خەرجیی راستەقینە (خەرجییە حاکیمەکان، خەرجییەکانی بەکارخستن و خەرجیی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان) دیاری دەکرێت، دوای دەرهێنانی خەرجییە سەروەرییەکان بەپێی خشتەی هاوپێچ.
دووەم: شایستە داراییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵانی (2004 تاوەکو 2026) کە بڕەکەی (9.329) تریلیۆن دینارە (نۆ تریلیۆن و سێ سەد و بیست و نۆ ملیار دینار) پاکتاو دەکرێن، بە پشتبەستن بەو ماف و پابەندبوونانەی لە یاساکانی بودجەی فیدراڵیی تایبەت بە هەر ساڵێکی داراییدا هاتوون و لە ماوەی (7) ساڵدا پاکتاو دەکرێن.
سێیەم:
أ. حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە بەبازاڕکردنی بڕێک کە لە (445) هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا کەمتر نەبێت، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵی لە هەرێم لە رێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) بۆ بەندەری جەیهانی تورکی، بەپێی ئەو داتا مانگانەیەی کە لەلایەن وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمەوە پێشکەش دەکرێن و لەلایەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵییەوە پەسند دەکرێن، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم.
ب. لە ئەگەری ئەستەمبوونی هەناردەکردن لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکی یان هەر دەروازەیەکی دیکەی فەرمی کە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی دیاری دەکات، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە رادەستکردنی ئەو بڕە نەوتەی لە بڕگەی (أ)ـی ئەم بەندەدا ئاماژەی پێدراوە بە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بە مەبەستی بەکارهێنانی لە ناوخۆدا و بەپێی ئەو پێداویستییەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی دیاری دەکات.
ج. حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە رادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکان بە گەنجینەی گشتیی دەوڵەت بەپێی یاسای کارگێڕیی دارایی فیدراڵی ژمارە (6)ـی ساڵی 2019ـی هەموارکراو، بە مەرجێک دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم مانگانە وردبینی بۆ داتاکانی تایبەت بەو داهاتانە بکات.
د. ئەو بڕە پارەیەی لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە باڵانسەکانی بانکی بازرگانیی عێراق (TBI) لای بانکە حکومی و تایبەتەکان کە بڕەکەی (3,446) ملیار دینارە (سێ تریلیۆن و چوار سەد و چل و شەش ملیار دینار) پاکتاو دەکرێت، وەزارەتی دارایی فیدراڵی قیستەکان بە شێوەی مانگانە خشتەبەند دەکات و لە پشکی هەرێم دەبڕدرێت؛ لە ساڵی دارایی 2027ـەوە دەستپێدەکات و ماوەی دانەوەکەی (7) ساڵ دەبێت.
هـ. حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە رادەستکردنی ئەو گازە بەرهەمهێنراوەی کە لە پێداویستیی هەرێم زیادە بە حکومەتی فیدراڵی، لە ئەگەری رادەستنەکردنیشیدا، بەهاکەی لە شایستەی پشکی هەرێم دەبڕدرێت، بەپێی ئەو داتا مانگانەیەی لەلایەن وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمەوە پێشکەش دەکرێن و لەلایەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵییەوە پەسند دەکرێن، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم، بە پشتبەستن بە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی (ژمارە 59/فیدراڵی/2012 و یەکخراوەکەی 110/فیدراڵی/2019 لە 15-2-2022).
و. حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە گرێبەستنەکردن لەگەڵ کۆمپانیا بیانی یان ناوخۆییەکان سەبارەت بە نەوت و گاز بۆ وەبەرهێنان و کارپێکردن یان هەر شێوازێکی دیکەی گرێبەستکردن، تەنیا لە رێگەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵییەوە نەبێت، بە پشتبەستن بە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی (ژمارە 59/فیدراڵی/2012 و یەکخراوەکەی 110/فیدراڵی/2019 لە 15-2-2022).
ز. وەزارەتی دارایی فیدراڵی پابەند دەبێت بە پارەدارکردنی شایستەکانی هەرێم بەپێی حوکمەکانی ئەم یاسایە بە شێوەی مانگانە، دوای ئەوەی هەرێم بڕگەکانی (أ، ب، ج، د)ـی ئەم بەندە جێبەجێ دەکات، بە مەرجێک پاکتاوی ژمێریاریی تایبەت بە ماف و پابەندبوونە نەوتی و نانەوتییەکانی هەردوولا دوای وردبینیکردنیان لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم لەسەر بنەمای وەرزی (هەر سێ مانگ جارێک) ئەنجام بدرێت، بە جۆرێک کە بەردەوامیی پێدان و پاکتاوکردنی ئەو شایستانە مسۆگەر بکات و ئەم بەندە بە مەرج دادەنرێت بۆ بەردەوامبوونی پارەدارکردنەکە.



