رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ هەڵبژاردنی پارێزگارێکی نوێ کۆبێتەوە. ئەندامێکی ئەنجوومەنەکە دەڵێ، کاژێری دانیشتنەکە دیاری نەکراوە.
عەبدوڵڵا میروەیس، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ی تشرینی دووەمی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەلایەن سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئاگادار کراونەتەوە، کە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنە بۆ هەڵبژاردنی پارێزگارێکی نوێ.
عەبدوڵڵا میروەیس، کە ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە لەگەڵ ئەوەی دڵنیا نەبوو لە بەڕێوەچوونی دانیشتنەکە، بەڵام گوتی: "هەر کاتێک پێکهاتەی تورکمان لەسەر بەربژێرێک رێککەوتن و پێشکێش بکرێت، وەک فراکسیۆنی یەکێتی بەشداری دەکەین، ئەویش لەسەر بنەمای ئەو رێککەوتنە سیاسییەی بۆ پێکهێنانی ئیدارەی پارێزگاکە کراوە".
بڕیاربوو دوێنێ چوارشەممە کاژێر 16:00 دانیشتنی ئەنجوومەن بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێی کەرکووک بکرێت، بەڵام بەهۆی رێکنەکەوتنی نێو بەرەی تورکمانی لەسەر بەربژیرێکی دیاریکراو، دانیشتنەکە دواخرا بۆ کاژێر 20:00، دواتریش دانیشتن نەکرا و بۆ ئەمڕۆ دواخرا.
رەعد ساڵح، ئەندامی فراکسیۆنی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەرکاتێک دانیشتن بکرێت، بەشداری دەکەن بۆ دەنگ بە پارێزگارێکی تورکمان، تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ ئەو پۆستە لای تورکمان دەبێت، دواتر دەدرێتە پێکهاتەی عەرەب.
سەبارەت بە بەربژێرانی بەرەی تورکمانی بۆ پۆستەکە، پەروین فاتیح، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، رۆژی چوارشەممە 11ی تشرینی دووەمی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لەنێو بەرەی تورکمانیدا ناوی دوو بەربژێر دێت، ئەوانیش ماردین گۆک کایا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی و قەحتان وەنداوی، بەرپرسی لقی کەرکووکی بەرەی تورکمانین؛ روونیشیکردەوە کە دەگوترێت قەحتان وەنداوی بەربژێری سەرەکییە، بەڵام تاوەکو دوایین ساتەکان ئەگەری گۆڕانکاری هەیە.
لەبارەی ئەحمەد رەمزی، کە پێشتر وەک یەکێک لە بەربژێرەکان ناوی دەهات، ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگا گوتی: "ئەحمەد رەمزی لە بەربژێربوون کشاوەتەوە، چونکە وەک ئەندامی ئەنجوومەن دەمێنێتەوە. ئەگەر ئەو هاووڵاتییە ببێتە پارێزگار، بەهۆی رێککەوتنەکانەوە کەمتر لە دوو مانگ لە پۆستەکە بەردەوام دەبێت و دواتر پۆستەکە دەدرێتەوە پێکهاتەی عەرەب، بۆیە پێی باش نەبووە بۆ ئەو ماوە کورتە پۆستی ئەندامێتیی ئەنجوومەن لەدەستبدات."
رۆژی 16ی نیسانی 2025، رێبوار تەها، پۆستی پارێزگاری کەرکووکی رادەستی تورکمان کرد و ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک محەممەد سەمعانی بە پارێزگار هەڵبژارد. رۆژی 15ی تشرینی یەکەمی 2026، محەممەد سەمعان لە پەرلەمانی عێراق بە وەزیری دەوڵەت هەڵبژێردرا و سوێندی دەستووریی خوارد.
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 16 کورسی پێکدێ: کورد خاوەنی 7 کورسییە (5 کورسی یەکێتی و 2 کورسی پارتی)، پێکهاتەی عەرەب 6 کورسی، تورکمان 2 کورسی، هەروەها کورسییەکی کۆتای کریستیان، کە نزیکە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
رۆژی 10ی تشرینی یەکەمی 2024، لە کۆبوونەوەیەکدا لە هۆتێل رەشید لە بەغدا، بەبێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و بەشێک لە ئەندامانی پێکهاتەی عەرەب، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران. لە کۆبوونەوەکەدا رێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافز بە سەرۆکی ئەنجوومەن دەستنیشان کران.



