رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی دەم پارتی راگەیێندراوی کۆتایی کۆبوونەوەی خۆی بڵاوکردەوە و تێیدا داوای کرد، هەنگاوە سیاسی و یاساییەکان بۆ قۆناخی دووەمی پرۆسەی چارەسەری بەبێ دواکەوتن بنرێن و داواشی لە هێزە کوردییەکانی هەرێمی کوردستان کرد، ناکۆکییەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 12-11-2026 پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) راگەیێندراوی کۆتایی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارتەکەی بڵاوکردەوە، کە دوای پێنجەمین کۆنگرەی گەورەی ئاسایی خۆی لە رۆژانی 7 و 8ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵدا کرد.
لە راگەیێندراوەکەدا، باس لە پێشهاتە سیاسییەکانی تورکیا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، چارەسەری دیموکراسییانەی پرسی کورد، پرۆسەی چارەسەری، سیاسەتە ئابوورییەکان، تێکۆشانی کۆمەڵایەتی و ئامانجە رێکخستنییەکانی دەم پارتی بۆ قۆناخی نوێ کراوە.
دەم پارتی لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بە دۆخی هەرێمی کوردستان کردووە و دەڵێت، "تێپەڕاندنی ناکۆکییە سیاسییەکان و یەکڕیزیی هێزە سیاسییە کوردەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراق، گرنگییەکی مێژوویی هەیە بۆ پاراستنی یەکێتیی گەلی کورد، داهاتووی هاوبەش و دەستکەوتەکانی. نابێت رێگە بدرێت جیاوازییە سیاسییەکان ئیرادەی هاوبەشی گەل لاواز بکەن. داوا لە هەموو هێزە سیاسییە کوردییەکان دەکەین، کە ناکۆکییەکان لە رێگەی دیالۆگەوە تێپەڕێنن و بۆ یەکێتیی گەلی کورد لەسەر بنەمایەکی هاوبەش کۆببنەوە."
لەبەشێکی دیکەی راگەێندراوەکە دەم پارتی جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا بچێتە قۆناخی دووەم و داوای کردووە، "پێویستە هەنگاوە سیاسی و یاساییەکان بۆ قۆناخی دووەم بەبێ دواکەوتن بنرێن. جێبەجێکردنی ئەو رێکخستنە یاساییەی کە لە پەرلەمانی تورکیا پەسەند کراوە، دابینکردنی گەرەنتیی یاسایی گونجاو بۆ پرۆسەکە، و چارەسەرکردنی پرسە بنەڕەتییەکان، بەتایبەتی 'مافی هیوا' و دۆخی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان، پێویستین."
هەروەها لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "کۆتاییهێنان بە دانانی قەییومەکان، داننان بە ئیرادەی گەل، جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگەی دەستووریی تورکیاو دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا، و مسۆگەرکردنی مافی ژیان و تەندروستیی زیندانییە نەخۆشەکان، پێداویستیی دانەبڕاوی دیموکراسییەتن."
دەم پارتی پێناسەی خۆی بۆ ئاشتی خستووەتەڕوو و دەڵێت، "ئاشتی تەنیا بێدەنگبوونی چەکەکان نییە؛ بەڵکو رووبەڕووبوونەوەی راستییەکان، هاووڵاتیبوونی یەکسان، ماف و ئازادییەکان، دادپەروەری و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکە."
دەم پارتی لە راگەیێندراوەکە دووپاتیکردووەتەوە، "چارەسەری دیموکراتییانە و ئاشتییانەی پرسی کورد، یەکێکە لە مەرجە بنەڕەتییەکانی گۆڕینی تورکیا بۆ کۆمارێکی دیموکراتی و کۆمەڵایەتی" و رایگەیاندووە کە بۆ سەرخستنی ئەم دەرفەتە مێژووییە بە شێوەیەکی بنیاتنەرانە و بەرپرسیارانە هەڵسوکەوت دەکات.




