رووداو دیجیتاڵ
لە گوندێکی سەڵماسی ورمێ، 12 کەس بەهۆی دزەکردنی گازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆنەوە ژەهراوی بوون. بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرای پارێزگاکە دەڵێت، دزەکردنی گازەکە لە ناندێنی مزگەوتێکەوە بووە.
رووداوەکە شەوی چوارشەممە 11-11-2026 لە گوندی چووپانلووی سەر بە سەڵماسی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان روویداوە. فەرزین رەزازادە، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرای پارێزگاکە رایگەیاند، رووداوەکە گیانلەدەستدانی لێنەکەوتووە، بەڵام 12 کەس ژەهراوی بوون.
بەگوتەی فەرزین رەزازادە سێ لە ژەهراویبووەکان دوای وەرگرتنی چارەسەری سەرەتایی نێردراونەتەوە ماڵەوە، بەڵام هەشت کەسی دیکەیان گەیێندراونەتە نەخۆشخانەیەکی سەڵماس.
وەک بەڕێوەبەری فریاکەوتنی ورمێ دەڵێت، ئەو هەشت کەسە چارەسەری پێویستیان وەرگرتووە و تەندروستییان جێگیرە.
رووداوەکە لەکاتێکدایە، 18ـی تشرینی یەکەمیش پێنج ئەندامی یەک خێزان لە بۆکان بە گازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن ژەهراوی بوون و رەوانەی نەخۆشخانە کران، بەڵام دوای وەرگرتنی چارەسەری پێویست، تەندروستییان جێگیر بوو.
هەروەها 16ـی تشرینی یەکەمیش، سێ هاونیشتمانیی دانیشتووی گوندی قەرەحەسەنلووی سەر بە ناوەندی پارێزگاکە، لە بیرێکی قووڵدا و بەهۆی ژەهراویبوون و نەمانی ئۆکسجینەوە گیانیان لەدەستدا.



