رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەڵوێستێکی تووند لەبارەی هێرشە درۆنییەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر رادەگەیێنێت و ئاشکرای دەکات درۆنەکە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزە عێراقییەکان لە خورماتوو هەڵدراوە؛ ئەوەش بە "خیانەت لە وڵات" ناودەبات و داوای رادەستکردنی فەرماندە سەربازییەکانی ئەو سنوورە بە دادگەی سەربازی دەکات.
لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنەکانی پەرلەمان و لیژنەی ئاسایش و بەرگری، کە رۆژی چوارشەممە (12ی تشرینی دووەمی 2026) بەڕێوەچوو، هەڵبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رەخنەی تووندی لە کەمتەرخەمیی دەزگا ئەمنییەکان گرت و رایگەیاند، شوێنی جوگرافیی ئەو ناوچەیەی هێرشەکەی لێوە کراوە دیارە و ناکرێت دەوڵەت نەتوانێت ئاسایشی ئەو ناوچانە کۆنترۆڵ بکات.
هێرشەکە لە کاژێر 23:10ـی یەکشەممە، 8ی ئەم مانگە کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ و بووە هۆی راگرتنی کاتیی بەرهەمهێنانی گاز، ئەمەش کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر کەمبوونەوەی کاژێرەکانی پێدانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان داناوە. بەپێی خەمڵاندنەکان.
بەگوێرەی روانگەی ئیکۆ عێراق، زیانە خەمڵێنراوەکانی راوەستانی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستان رۆژانە زیاتر لە 4.15 ملیۆن دۆلارە، ئەوەش تەنیا لە بەهای بەرهەمهێنانی گازی سروشتی، گازی ماڵان و شلە چڕەکان (کۆندێنسێت).
مەجید جەعفەر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای کرێسێنت پەترۆلیۆم دەڵێت، بەهۆی هێرشەکەوە 10 ملیۆن هاووڵاتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بێ کارەبا بوونە.
حەلبووسی: فەرماندە ئەمنییەکان بدەنە دادگەی سەربازی
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، فەرمانی کرد بە پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی هاوبەش لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان بۆ "بەدواداچوونی ورد" لەبارەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە سنووری پارێزگای سلێمانی.
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوەی "بێ ئەنجام"ـی رەتکردەوە و داوای کرد رێکاری خێرا بگیرێتەبەر: "پێویستە چ فەرماندەی لیوا بێت یان فەرماندەی فیرقە، کاتێک لە ژێر دەستی ئەوەوە درۆن هەڵدەدرێت، دەبێت لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت و رەوانەی دادگە سەربازییەکان بکرێت. ئەمە خیانەتە لە دەوڵەت و قبووڵی ناکەین."
حەلبووسی داوای لیستی ناوی فەرماندە ئەمنییەکانی ئەو ناوچەیەی کرد و گوتی: "بە ناو دەمەوێن، تاوەکو لەگەڵ فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان تاوتوێی بکەین و رێکاری یاسایی بەرامبەر کەمتەرخەمان بگرینەبەر."
باسم بەدری، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، رۆژی چوارشەممە (11ی تشرینی دووەمی 2026) لەکاتی قسەکردن لە پەیمانگەی چاتام هاوس لە لەندەن، گومانی لە تێوەگلانی گرووپە چەکدارەکان لە هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان دروستکرد و رایگەیاند، هێرشە درۆنییەکەی ئەم دواییە "بابەتێکی تەواو جیاوازە".
بەدری گوتی: "ئێستا هەمووان دەزانن قەیرانێکی ناوخۆیی لە نێوان یەکێتیی نیشتمانی و پارتی دیموکراتی کوردستاندا هەیە." کاتێک رۆژنامەنووسەکێک ئاماژەی بەوە کرد کە بەپێی زانیارییەکان درۆنەکان لە ئاراستەی خورماتووەوە هاتوون، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی ئەو زانیارییانەی بە "میدیایی و ناڕاست" وەسف کرد و گوتی: "ناکرێت دەوڵەت پشت بە زانیاریی راگەیاندن ببەستێت، منیش دەتوانم بە سادەیی پێت بڵێم رەنگە لایەنێکی کوردی ئەو هێرشەی کردبێت، یان لایەنێکی دەرەکی بووبێت نەک گرووپەکان."
باسم بەدری ئەوەشی ئاشکرا کرد کە خۆی زانیاریی لەسەر جۆر، سروشت و رێڕەوی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر هەیە، بەڵام ئاشکراکردنی بۆ لیژنە لێکۆڵەرەوەکان جێهێشتووە.
بەقاچاخبردنی نەوت بە تانکەر و کونکردنی بۆرییەکان
لە تەوەرێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هۆشداریی دا لە مەترسیی قاچاخچێتیی نەوت و کەمتەرخەمیی هێزە ئەمنییەکان و وەزارەتی نەوتی لەو دۆسیەیەدا خستەڕوو بەتایبەتی لە ناوچەی جرف سەخر.
بەگوێرەی راپۆرتێکی تەکنیکی و هەواڵگریی "زۆر نهێنی"ـی عێراقی کە پشتی بە وێنەی مانگە دەستکردەکان و بەدواداچوونی مەیدانی بەستووە، تۆڕێکی رێکخراو و بەردەوامی بەقاچاخبردنی نەوت لە سنووری ناحیەی جورف نەسر (جورف سەخر)ـی سەر بە قەزای موسەییەب لە پارێزگای بابل ئاشکرا بووە.
راپۆرتەکە کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداوی کەوتووە و لە 19 لاپەڕە پێکهاتووە، دەریدەخات ئەم پرۆسەیە لە ساڵی 2021ـەوە تاوەکو ناوەڕاستی ساڵی 2026 بەبێ پچڕان لەژێر دەسەڵات و پارێزبەندیی یەکێک لە گرووپە چەکدارەکاندا بەڕێوەچووە و زیانێکی دارایی و ئابووریی گەورەی بە سامانی گشتیی عێراق گەیاندووە.
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رووی قسەکانی کردە سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری و داوای لێکرد لایەنە ئەمنییەکان ئاگادار بکاتەوە کە راپۆرتە هەواڵگرییەکان راستەوخۆ رادەستی لیژنەکەیان بکەن وەک لایەنی تایبەتمەند، نەوەک لە رێگەی لایەنی دیکەوە بگاتە دەستی پەرلەمان.
سەبارەت بە دزینی نەوت لە رێگەی بۆرییەکانیشەوە، هەیبەت حەلبووسی رەخنەی لە وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای هێڵ و بۆرییە نەوتییەکان گرت و رایگەیاند، پێوەری ئەلیکترۆنی و هەستەوەر لەسەر سەرجەم بۆرییەکان هەن کە جیاوازیی نێوان بڕی نێردراو و وەرگیراو، هەروەها هەر جۆرە کونکردن و شکاندنێکی بۆرییەکان دەستنیشان دەکەن، بۆیە پرسیاری کرد: "چۆن داتا و وردەکاری لەسەر ئەم بابەتە نادەن؟ کۆمپانیای هێڵ و بۆرییەکان لە کوێن؟"
حەلبووسی گوتی: "دەزگا ئەمنییەکان رۆڵتان لە کوێیە؟ ئەمە بابەتی لیترێک و دوو لیتر و ئۆتۆمبێلێک نییە، بەڵکو تانکەرە تانکەر تێپەڕ دەبێت. وەزارەتی نەوت لە کوێیە؟ برایان ئەم بابەتە مەترسیدارە، سەرەڕای ئەو راپۆرتەی بەدەستمان گەیشتووە سەبارەت بە قاچاخچێتی لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستانەوە بە رێگەی ئێراندا بەرەو ئەفغانستان."


