رووداو دیجیتاڵ
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە (کۆڕبەندی ستراتیژیی سلێمانی) جەختی لەسەر پێویستیی چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشە سیاسییەکان کردەوە و رایگەیاند، دەرگەیان بۆ دیالۆگ بە کراوەیی دەمێنێتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، بەهێزی و ئارامیی هەرێمی کوردستان بەستراوەتەوە بە سەقامگیریی بەغداوە، کورد دەتوانێت وەک پردێکی لێکتێگەیشتن و هێزێکی کاریگەر بۆ چاکە لە تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا رۆڵ بگێڕێت.
"دەرگە بۆ دیالۆگ کراوەیە و کێشەکان بە تووندوتیژی چارەسەر ناکرێن"
سەرۆکی یەکێتی لەبارەی چارەسەری ناکۆکییە سیاسییەکان گوتی، "هیچ پێویستییەک بە تووندوتیژی نییە؛ ناکۆکییە سیاسییەکان نابێت هەرگیز لە رێگەی تووندوتیژی و شەڕەوە یەکلابکرێنەوە، چونکە ئەوە تەنیا کێشەکان ئاڵۆزتر دەکات."
بافڵ تاڵەبانی جەختی لەوە کردەوە، ئامانجیان هێورکردنەوەی دۆخەکەیە، "دەرگە بە تەواوی واڵایە بۆ ئەوەی گرژییەکان رابگرین و دەست بە دیالۆگێکی بنیاتنەر بکەین."
هاوبەشی لەگەڵ بەغدا لەپێناو خزمەتکردنی هاووڵاتییان
سەرۆکی یەکێتی ستایشی هەوڵەکانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی کرد و بە کەسایەتییەکی "گەنج، چالاک و راستگۆ" ناویبرد کە دەیەوێت سەرچاوەکانی وڵات بە دادپەروەری بۆ خزمەتی خەڵک بەکاربهێندرێن.
بافڵ تاڵەبانی هەروەها گوتیشی، "هەرچەندە زیاتر لەگەڵ بەغدا یەکگرتوو بین، هەموومان بەهێزتر دەبین؛ بەغدا چەند ئارام و سەقامگیر بێت، هەرێمی کوردستانیش هێندە ئارام دەبێت." ئاماژەی بەوەش کرد، یەکڕیزیی نێوان لایەنە کوردییەکان لە بەغدا دەتوانێت رۆڵێکی گەورە بگێڕێت بۆ ئاراستەکردنی گفتوگۆکان لەپێناو دابینکردنی ماف و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان بۆ هاووڵاتییان.
کوردستان وەک پردێکی دیپلۆماسی لە ناوچەکەدا
بافڵ تاڵەبانی باسی لەوەش کرد، ئەم قۆناخە هەستیارەی ناوچەکە دەرفەتێکی گرنگە بۆ کورد تاوەکو رۆڵێکی ئەرێنی و کارا بگێڕێت، "ئەم دۆخە دەرفەتێکە بۆ کورد بۆ ئەوەی رۆڵێکی چالاکتر بگێڕێت و ببێتە پردێک لەنێوان لایەنە جیاوازەکاندا. لە کوێی دیکە کەسێک دەبینیتەوە بتوانێت لە یەک هەفتەدا لەگەڵ ئەمریکییەکان، بەریتانییەکان، رووسەکان، ئێرانییەکان و چینییەکان کۆببێتەوە؟ ئەمە لێرە لە کوردستان دەکرێت، ئێمە دەتوانین هێزێکی گەورەی چاکە و ئاشتی بین لە ناوچەکەدا."
چارەسەری ئاشتییانە بۆ قەیرانەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بافڵ تاڵەبانی جەختی کردەوە، باشترین رێگە بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، پەنابردنە بۆ دانوستاندن لەبری پێکدادانی سەربازی و دەستپێکردنی هەنگاوی کردەییە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی کەرتی غەززە تاوەکو خەڵک لە ئارامی و کەرامەتدا بژین.
سەبارەت بە پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانیش، داوای لە هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکان کرد کە هاوکار بن لە دابینکردن یان کڕینی سیستمی بەرگریی ئاسمانی بە شێوازێکی یاسایی، بە مەبەستی پاراستنی کێڵگە نەوتی و گازییەکان و ژێرخانی ئابووریی هاووڵاتییان لە هەر هەڕەشەیەکی دەرەکی.



