رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری ئێران داوای پەرەپێدان بە پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتەکەی دەکات. ئاماژە بەوەش دەکات، لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 12-11-2026 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لە پەراوێزی کارهکانی لووتکەی کەشوهەوا لە شاری ئەنتاڵیای تورکیا کۆبوونەوە.
سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران وردەکاریی دیدارەکەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، باسی دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان کراوە.
بەگوێرەی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران، لە دیدارەکەدا مەسعود پزیشکیان ئاماژەی بە پەیوەندییە "دێرین"ـە کولتووری و مێژووییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێرانی کردووە کە "پێویستە زیاتر لە رابردوو پەرەیان پێبدرێت."
سەرۆککۆماری ئێران تیشکی خستە سەر پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە و گوتی، "بەپێی توانا و دەرفەتی بەردەست، پێویستە زیاتر لە جاران بەهێز بکرێن و کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە، ئامادەیی تەواوی هەیە."
وەک سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران بڵاوی کردووەتەوە، لە بەشێکی دیدارەکەدا پزیشکیان ئاماژەی بە گوشارەکانی ئەمریکا کردووە بۆ سەر وڵاتەکەی و رایگەیاندووە، "دووژمنان ناتوانن گەلی ئێران لە بواری ئابووریدا گۆشەگیر بکەن، چونکە خاوەنی دۆست و دراوسێی باشی وەک خەڵکی بەڕێزی هەرێمی کوردستانە."
سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە دیدارەکەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لە گرنگیی چەسپاندنی "ئاشتی، ئاسایش و سەقامگیریی هەمیشەیی" لە ناوچەکەدا کردووەتەوە، بەتایبەتی لە بوارەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتیدا.
هاوکات نێچیرڤان بارزانی سەبارەت بە دیدارەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، "ئەم بەیانییە لە ئەنتالیا کۆبوونەوەیەکی بهرههمدارم لەگەڵ بەڕێز سەرۆک مەسعوود پزیشکیان کراوە."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "بیروڕامان دەربارەی دۆخی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان، عێراق و ئێران ئاڵوگۆڕ کرد."
هەروەها نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەش کردووە، "جەختمان لە گرنگیی بەردەوامیی هاوئاهەنگی و هەوڵە هاوبەشەکان کردەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی ناوچەکە و پێداگریمان کرد کە دیالۆگ، لێکگەیشتنی هاوبەش و هاریکاری، باشترین رێگەن بەرەو ئاشتی و سەقامگیریی بەردەوام."
رۆژی چوارشەممە 11ی تشرینی دووەمی 2026 نێچیرڤان بارزانی لەسەر بانگهێشتی فەرمیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بەشداریی لە لووتکەی کەشوهەوا لە ئەنتاڵیا کرد و لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەدا چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی وڵاتان و سەرکردەکانی جیهان کرد.


