رووداو دیجیتاڵ
لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێ، قووڵترین قەیرانی متمانە لەنێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2003ـەوە هەیە و باس لەوەش دەکات کە "دەبێت بەرژەوەندیی کوردستان پێش هەموو شتێک بێت". سەبارەت بە کێشەکانی ناوچەکەش دەڵێت، چارەسەری سەربازی بۆ پرسی کورد لە ئێران، تورکیا و سووریا بێ ئەنجامە و تاکە رێگە دیالۆگە.
لە کاتی بەشداریکردنی لە پانێڵێک لە (کۆڕبەندی ستراتیژیی سلێمانی)، دەرباز کۆسرەت رەسووڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تیشکی خستە سەر سیاسەتی حیزبەکەی، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، دۆخی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.
ئۆپۆزیسیۆنی رۆژهەڵاتی کوردستان و پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران و پرسی پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتی رایگەیاند، هەرێمی کوردستان 489 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ ئێران هەیە و مێژوویەکی دوورودرێژی پێکەوەگرێدراویان هەیە.
سەبارەت بە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی رۆژهەڵاتی کوردستان، دەرباز کۆسرەت رەسووڵ گوتی: "ئێمە رێزێکی زۆرمان بۆیان هەیە و مێژوویەک خەباتی هاوبەشمان هەیە، بەتایبەت لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول و کۆماری مهاباد، زۆربەی ئەو هێزانەش رێزیان لە دۆخی هەرێمی کوردستان گرتووە و نەیانویستووە ببنە هەڕەشە بۆ سەر دراوسێکانمان."
دەرباز کۆسرەت گوتی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باوەڕی وایە کێشەکان بە رێگەی سەربازی چارەسەر نابن و رایگەیاند: "ئەزموونی 40 بۆ 50 ساڵی رابردوو سەلماندی کە چارەسەری سەربازی هیچ ئەنجامێکی نییە جگە لە ماڵوێرانی و کوشتار، بۆیە تاکە رێگە گفتوگۆیەکی راستگۆیانەیە."
لەبارەی پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا، ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی پشتگیریی تەواوی حیزبەکەی بۆ ئەو هەنگاوە دەربڕی و گوتی، "ئەو پرۆسەیە زۆر گەورەترە لە کەسێک یان گرووپێک، ئەمە پرسێکە لەنێوان کورد و تورک لە تورکیا."
"نابێت قوربانییەکانی کورد نادیدە بگیرێن"
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، دەرباز کۆسرەت رەسووڵ باسی لە دۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستان کرد و دۆخی ئێستای ئەو وڵاتەی چواند بە دۆخی عێراقی پێش ساڵی 2003، کە تێیدا کەمینەیەک کاروباری وڵاتیان بەڕێوەدەبرد.
دەرباز کۆسرەت رەسووڵ رایگەیاند: "کورد لە سووریا قوربانییەکی زۆری داوە، زیاتر لە 18 هەزار شەهیدیان داوە تەنیا بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پاراستنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، بۆیە ناکرێ نادیدە بگیرێن."
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی گوتی کە دەکرێ مۆدێلی عێراق (بە جیاوازییەکانییەوە) بۆ سووریا گونجاو بێت، بە جۆرێک کە هەموو پێکهاتەکانی وەک دروز، عەلەوی، سوننە و کورد لە چوارچێوەی سیستمێکی ناناوەندیدا پێکەوە بژین.
گرفتەکانی نێوخۆی هەرێمی کوردستان
سەبارەت بە پەرتەوازەیی نێوخۆیی و پێگەی هەرێمی کوردستان، دەرباز کۆسرەت رەسووڵ رایگەیاند: "ئەگەر ئێمە بەرژەوەندیی کوردستان بخەینە پێشەوە، ئەوا شتەکانی دیکە ئاسان دەبن."
ئەو بەرپرسەی یەکێتی هۆشداری دا کە "ئێستا ئێمە لە قووڵترین قەیرانی متمانەداین لەنێوان خۆمان لە ساڵی 2003ەوە. راستە سەردەمی شەڕی براکوژی تێپەڕیوە و ناگەڕێتەوە، بەڵام دەبێ کێبڕکێی سیاسی لەپێناو خزمەتکردنی باشتردا بێت، نەوەک دژایەتیکردنی یەکدی."
دەرباز کۆسرەت رەسووڵ تیشکی خستە سەر کێشەکانی هەولێر و بەغدا و هۆکارەکەی بۆ جێبەجێنەکردنی دەستوور و نەبوونی یاسای نەوت و گاز گەڕاندەوە؛ هەروەها رەخنەی لە بەکارهێنانی مووچەی فەرمانبەران وەک کارتێکی سیاسی گرت و گوتی: "دەبێت لە مامەڵەکانماندا لەگەڵ بەغدا شەفاف بین، چونکە نەبوونی شەفافیەت یەکێکە لە رێگرە سەرەکییەکانی رێککەوتن. دواجار ئەوەی باجەکەی دەدات خەڵکی هەرێمی کوردستانە کە مووچەیان دەکرێتە ئامرازێکی سیاسی، ئەمەش پێویستە کۆتایی بێت."

.jpeg&w=3840&q=75)

.jpeg&w=3840&q=75)