رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بازرگانیی عێراق بڕیاری خەرجکردنی زیاتر لە 700 ملیار دیناری وەک شایستەی دارایی جووتیاران بۆ ساڵی 2026 راگەیاند. بەڕێوەبەری سایلۆکانی سلێمانی و هەڵەبجە دەڵێ، 84 ملیار دیناری بۆ جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەبێ و پێشبینیش دەکات رۆژی یەکشەمە بنێردرێ.
رۆژی هەینی، 13ـی تشرینی یەکەمی 2026، نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری سایلۆکانی سلێمانی و هەڵەبجە بە رووداوی گوت: "لەو 700 ملیار دینارەی دوێنی وەزارەتی بازرگانی عێراق بڕیاری خەرجکردنی دا، 84 ملیار دیناری بۆ جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەبێ."
نەسرین ئەحمەد گوتی: "پێشبینی دەکەین رۆژی یەکشەممە 15ـی تشرینی دووەم، ئەو 84 ملیار دینارە بگاتە بانکی ناوەندیی عێراق-لقی هەولێر و چەند رۆژێک دواتر دابەشکردنەکەی دەستپێبکات".
لە بارەی پشکی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، نەسرین ئەحمەد روونیکردەوە: "40 ملیار دیناری بەر پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە دەکەوێ، 24 ملیار دیناریش بۆ پارێزگای هەولێرە، 20 ملیار دیناریش بۆ جووتیارانی پارێزگای دهۆکە".
بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بازرگانی عێراق جگە لە 700 ملیار دینارەکە، بڕی 200 ملیار دیناری دیکەش بۆ پاڵپشتیکردنی ئەو گەنمە تەرخانکراوە کە بۆ بەرهەمهێنانی ئاردی سفر بەکاردەهێندرێ. بە گوتەی بەڕێوەبەری سایلۆکانی سلێمانی و هەڵەبجە، "تاوەکو ئێستا نازانرێت پشکی هەرێمی کوردستان لەو پارەیە چەندە."
رۆژی پێنجشەممە، وەزارەتی بازرگانیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لەسەر راسپاردەی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا نزار عانی، وەزیری بازرگانی بڕیاری دا بە خەرجکردنی زیاتر لە 700 ملیار دینار بۆ شایستە داراییەکانی جووتیاران بۆ ساڵی 2026.


.jpeg&w=3840&q=75)
.jpeg&w=3840&q=75)