رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بانگهێشتی ئەندامانی دەکات بۆ کۆبوونەوەیەکی بەپەلە. سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی و ئەندامێکی ئەنجوومەنەکە لە پشکی یەکێتی دەڵێن، قەحتان وەنداوی لە بەرەی تورکمانی بەهێزترین بەربژێرە بۆ بوونە پارێزگار.
بەپێی نووسراوێکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە ئاراستەی جێگری سەرۆک و سەرجەم ئەندامانی ئەنجوومەنەکە کراوە، بانگهێشت کراون بۆ دانیشتنێکی بەپەلە (نائاسایی) کە دانیشتنی ژمارە (28)ـی ئەنجوومەن دەبێت.
لە نووسراوەکەدا هاتووە، دانیشتنەکە بەپشتبەستن بە مادەی 38/ بڕگەی یەکەم لە پەێڕەوی نێوخۆی هەموارکراوی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک رێکخراوە و لە کاژێر 02:00ـی دوای نیوەڕۆی رۆژی شەممە، 14ـی تشرینی دووەمی 2026، لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەن بەڕێوەدەچێت، تەوەرەی سەرەکیش تایبەت دەبێت بە کردنەوەی دەرگای خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک.
سەبارەت بە رێککەوتن لەسەر بەربژێری پۆستەکە، حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سبەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا دەکرێ و رێککەوتن کراوە قەحتان وەنداوی لە بەرەی تورکمانی، بکرێتە پارێزگار."
قەحتان وەنداوی، لە ساڵی 2024ەوە وەک بەرپرسی لقی کەرکووکی بەرەی تورکمانیی عێراقی دیاریکراوە.
هاوکات پەروین فاتیح، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ رووداو هەمان زانیاریی پشتڕاستکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، لایەنەکان لەسەر دانانی قەحتان وەنداوی بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک رێککەوتوون.
رۆژی 16ی نیسانی 2026، رێبوار تەها، پۆستی پارێزگاری کەرکووکی رادەستی تورکمان کرد و ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک محەممەد سەمعانی بە پارێزگار هەڵبژارد. رۆژی 15ی تشرینی یەکەمی 2026، محەممەد سەمعان لە پەرلەمانی عێراق بە وەزیری دەوڵەت هەڵبژێردرا و سوێندی دەستووریی خوارد.
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 16 کورسی پێکدێ: کورد خاوەنی 7 کورسییە (5 کورسی یەکێتی و 2 کورسی پارتی)، پێکهاتەی عەرەب 6 کورسی، تورکمان 2 کورسی، هەروەها کورسییەکی کۆتای کریستیان.



