رووداو دیجیتاڵ
جۆرە مشەخۆرێکی گیایی مەترسی خستووەتە سەر بەشێک لە داربەڕووەکانی سنووری پارێزگای سنە. بەڕێوەبەری سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگاکە دەڵێ، 10 ملیار تمەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی مشەخۆرەکە تەرخان کراوە.
رۆژی شەممە، 14-11-2026، بەهزاد شەریفی پوور، بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی سنە رایگەیاند، هەزار هێکتار لە داربەڕووەکانی مەریوان، سەوڵاوا و بانە بەهۆی جۆرە مشەخۆرێکی گیایی، مەترسیی لەنێوچوونیان لەسەرە.
بەگوتەی بەهزاد شەریفی پوور، ئەو مشەخۆرە گیاییە بە ناوی (لۆرانتۆس) کە لەسەر داربەڕووەکان دەڕوێ، رەگ و ریشەی راستەقینەی نییە و ناتوانێت لە خاکدا بڕوێ، بەڵکو لەسەر لق و پۆپی دارەکان دەژی.
کاتێک لۆرانتۆس بە قەبارەیەکی زۆر لەسەر دارێک گەشە دەکات، دەبێتەهۆی تێکدانی هاوسەنگیی مادە خۆراکییەکان و مژینی ئاو و کانزای دارەکە. بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی سنە گوتی: ''بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم مشەخۆرە گیاییە، 10 ملیار تمەن (نزیکەی 37 هەزار دۆلار) تەرخان کراوە''.
وەک بەهزاد شەریفی پوور دەڵێ، بڕینەوە و لابردنی لقە تووشبووەکان سەرەکیترین چارەسەر و رێگەی بەرەنگاربوونەوەی مشەخۆرەکەیە، ''بە جۆرێک کە سەرلقە تووشبووەکان بە لۆرانتۆس و هەروەها ئەو بەشانەی کرمی پەپوولەی گەڵاخۆری تێدایە، دەستنیشان دەکرێن و لادەبرێن، بۆ ئەوەی هاوکات لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی هۆکارە مەترسیدارەکان، رێگری لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ئەو مشەخۆرە گیاییە بکرێ''.
لە کۆی دوو ملیۆن و 937 هەزار هێکتار رووبەری پارێزگای سنە، زیاتر لە 60%ـی کە دەکاتە یەک ملیۆن و 587 هەزار هێکتار، لەوەڕگە و دارستانە.
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی سنە، نزیکەی 310 هەزار هێکتار دارستان لە پارێزگاکە هەیە کە زیاتر لە سنووری شارەکانی بانە، مەریوان و سەوڵاوا هەڵکەوتووە.



