رووداو دیجیتاڵ لیژنەی یەکخستن دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتیی زانکۆی رۆژئاوا، ناوەڕۆکی رێککەوتنێکی پێنج خاڵیی سەبارەت بە چارەنووسی کۆلێژەکان، سیستمی وەرگرتنی خوێندکاران و زمانی خوێندن لەو زانکۆیەدا بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، خوێندن بە زمانی کوردی بۆ خوێندکارانی تۆمارکراو تاوەکو دەرچوونیان بەردەوام دەبێت، جگە لە کۆلێژی پزیشکی. بەگوێرەی راگەیێندراوێک کە لەلایەن لیژنەی یەکخستن بڵاوکراوەتەوە، کۆبوونەوەکە بە هاوئاهەنگیی پێشوەختە لەگەڵ سەرۆکایەتیی زانکۆی رۆژئاوا بەڕێوەچووە بۆ تاوتوێکردن و جێبەجێکردنی پێنج خاڵی سەرەکی، هاوکات دەستەی سەرۆکایەتیی زانکۆکەش ئاگادار کراوەتەوە کە بەپێی ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە کار بکەن. لە خاڵی یەکەمی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەو کۆلێژانەی سەر بە زانکۆی رۆژئاوان و لە پێشبڕکێی وەرگرتنی وەزارەتی خوێندنی باڵای سووریادا تۆمارکراون، وەک "کۆلێژی فەرمیی سەر بە کۆمەڵگەی کۆلێژەکانی قامشلۆ" هەژمار دەکرێن و بە شێوەیەکی کاتی بە زانکۆی فوراتەوە دەبەسترێنەوە، تاوەکو لە قۆناخی داهاتوودا زانکۆی حەسەکە دادەمەزرێندرێت. لیژنەکە ئاماژەی بەوە کردووە، پێشکێشکردن بۆ ئەو کۆلێژانە تەنیا لە رێگەی بەستەری فەرمیی (کێبڕکێ)ی وەزارەتی خوێندنی باڵاوە دەبێت و "لە ماوەی چەند رۆژێکدا پێشوازی لە خوێندکاران لە هەموو پارێزگاکانی سووریاوە دەکرێت." سەبارەت بەو کۆلێژانەی سەر بە زانکۆی رۆژئاوان و لە وەزارەتدا جێیان نەکراوەتەوە، لە خاڵی دووەمدا روونکراوەتەوە کە بۆ ئەم ساڵی خوێندن هیچ خوێندکارێکی نوێیان تێدا وەرناگیرێت، ئەوەش تاوەکو کاتی دامەزراندنی زانکۆی حەسەکە. بەڵام ئەو خوێندکارانەی پێشتر تێیاندا تۆمارکراون، "بەپێی ئەو پڕۆگرامانەی پێشتر لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا پەسندکراون، لە خوێندن بەردەوام دەبن تاوەکو دەردەچن، بێ ئەوەی هیچ گەڕێکی نوێ لەم ماوەیەدا وەربگیرێت." لیژنەی یەکخستن لە خاڵی سێیەمدا هۆشداری دەدات لەبارەی ئەو پێشبڕکێی وەرگرتنەی زانکۆی رۆژئاوا بە شێوەیەکی سەربەخۆ رایگەیاندبوو و دەڵێت: "ئەو پێشبڕکێیەی وەرگرتن کە زانکۆکە لە دەرەوەی چوارچێوەی کێبڕکێی وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاندووە، لەلایەن وەزارەتەوە دانی پێدانەنراوە، بۆیە تۆمارکردن لە رێگەیەوە سیفەتی وەرگرتن لە سیستمی فەرمیی خوێندنی باڵا بە خوێندکار نابەخشێت و خوێندکار لە دەرەوەی ئەو سیستمە دەمێنێتەوە." لەسەر ئەم بنەمایە، لە خاڵی چوارەمدا باس لەوە کراوە، هێشتا دەرفەت لە بەردەم هەموو ئەو خوێندکارانەدا ماوە کە پێشتر داواکارییان پێشکێشی کێبڕکێی وەزارەتی خوێندنی باڵا نەکردووە، ئەویش لە رێگەی پێشکێشکردن بۆ "پڕکردنەوەی کورسییە بەتاڵەکان" کە لەلایەن وەزارەتەوە بەپێی مەرج و وادە دیاریکراوەکان راگەیێندراوە. لە خاڵی کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، لیژنەکە لەبارەی زمانی خوێندنەوە رایگەیاندووە: "سەبارەت بەو کۆلێژانەی لە وانەگوتنەوەدا پشت بە زمانی کوردی دەبەستن، ئەو خوێندکارانەی تێیاندا تۆمارکراون بە زمانی کوردی لە خوێندن بەردەوام دەبن تاوەکو دەرچوونیان، جگە لە کۆلێژی پزیشکی." ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی رێککەوتنی 29ـی کانوونی دووەمی 2026ـی نێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دێت، بۆ یەکخستن و تێکەڵکردنی دامەزراوە مەدەنی، ئیداری، ئەمنی و پەروەردەییەکان. لە کۆتایی مانگی رابردوودا، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی سووریا بڕیاری دا زانکۆی رۆژئاوا لە قامشلۆ بخاتە سەر زانکۆی فورات و زانکۆی کۆبانێش بخاتە سەر زانکۆی حەلەب. لە 30ـی تشرینی یەکەمدا، ئەحمەد موراد، ئەندامی کورد لە لیژنەی پەروەردە و فێرکردنی پەرلەمانی سووریا بە رووداوی راگەیاند، رێککەوتنەکە وەک رێکارێکی کاتی ناوی زانکۆی رۆژئاوا دەگۆڕێت بۆ (کۆمەڵگەی کۆلێژەکانی قامشلۆ) و لە رووی ئیدارییەوە بە زانکۆی فوراتەوە دەبەسترێتەوە، تاوەکو پڕۆژەی دامەزراندنی زانکۆیەکی سەربەخۆ لە پارێزگای حەسەکە پەسند دەکرێت.
کوردستان16-11-2026ئومێد خۆشناو بۆ رووداو: هەرکەس لە لافاوەکەی هەولێر خەتابار بێت رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر