رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق دەڵێ، لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لیژنەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت چووەتە پارێزگای کەرکووک.
ئەمڕۆ دووشەممە، 16ـی تشرینی دووەمی 2026، مازن غەریب، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری و نوێنەری پارێزگای کەرکووک لە پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەسەر راسپاردەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لیژنەی تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت گەیشتە شاری کەرکووک."
چوونی ئەم لیژنەیە بۆ کەرکووک لە کاتێکدایە، حکومەت و پەرلەمانی عێراق هەڵمەتێکیان بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانی بەقاچاخبردنی نەوت لە چەند ناوچەیەکی جیاواز دەستپێکردووە.
بۆ بەدواداچوونی ئەم دۆسیەیە، هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بە فەرمانی پەرلەمانیی ژمارە (198) لە 11ـی تشرینی دووەمی 2026، بڕیاری دا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی کاتی لە سەرۆکانی حەوت لیژنەی هەمیشەیی پەرلەمان، بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری.
هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز و سامانە سرووشتییەکان، کە هاوکات ئەندامی لیژنە کاتییەکەیە، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کۆبوونەوەکانمان لەبارەی بەقاچاخبردنی نەوت بەردەوامن. دوێنێ یەکشەممە لەگەڵ باسم محەممەد خزەیر، وەزیری نەوت و بەرپرسانی باڵای وەزارەتەکە کۆبووینەوە."
هەرێم کەمال ئاغا باسی لەوە کرد کە راپۆرتی هەواڵگری لەبارەی بەقاچاخبردنی نەوت لە دوو شوێن هەیە، ئەوانیش جورف سەخر و هەرێمی کوردستانن؛ گوتیشی: "چاوەڕێی ئەنجامی کۆبوونەوەکان دەکەین و بڕیارە رۆژی چوارشەممە لیژنەکەمان راپۆرتی کۆتایی خۆی تەواو بکات و بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق بەرزی بکاتەوە، بەمەبەستی گرتنەبەری رێکاری پێویست."



